Accessibility links

پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن: ڕەنگە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، گرژیەکی تر دروست بکات و هەڵبژاردن جارێکی تر دوا بخرێتەوە


کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەنێت، گەر سبەی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لە بارەی سکاڵای یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بدات، ئەوە دەتوانن دوای چوار مانگی دیکە لە دەرچوونی بڕیارەکە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

ڕۆژی سێشەممە 20 ی مانگی دووی 2024، شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوێنەری یۆنامی لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کات و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گەر دادگای فیدراڵی سبەی چوار شەممە 21 ی مانگی دوو دوا بڕیار بدات و سکاڵاکە یەکلا بکاتەوە، ئەوە دەتوانن لە کۆتا 10 ڕۆژی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، واتا پێش ئەوەی وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 7ی مانگی 7 بە کۆتا بێت.

ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ بە ڕێوەبردنی هەڵبژاردن و تەنها کاتەکەی ماوە دیاریبکرێت."

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یۆنامی، ئامادەیی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەی شەفاف و پیشەییانە دەربڕی.

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت،" کۆمسیۆن لە کۆبوونەوەکە باسی لە ڕێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە چوار چێوەی کاتی بەر دەستی یاسایی تەمەنی کۆمسیۆن خستەڕوو و لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشاندا کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان دەبن لە سەر کەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بە سەر بازنەکاندا دابەش بکرێت و تا ئێستا دادگای فیدراڵی 12 جار دانیشتنی لەو بارەیەوە کردووە و بە پێی زانیاریەکان سبەی واتا 21ی مانگی دوو دوا بڕیار دەدات.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایدەگەیەنێت، بە گوێرەی زانیاریەکانمان دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لە بارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە، تا هەر پێنج کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمان هەڵبوەشێنێتەوە و تەنها ماوە ڕایبگەیەنێت.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت،" پێویستە دادگای فیدڕاڵ هەر بڕیارێکیدا دادپەروەری تێدا بێت و کاریگەری لە سەر کۆتاکان و ڕەوشی پێکهاتەکان نەکات، چونکە لابردنی کورسی کۆتاکان کارێکی هەڵەیە و ئەو کورسیانە بە یاسا کراوە، بەڵام بە هەر بارێکدا بێت واتا کورسی کۆتا لاببرێت یاخود بمێنێتەوە، ئێمە هەر بەشداری هەڵبژاردن دەکەین."

بە خوێندنەوەی شارەزایانی بواری هەڵبژاردن لە مانگی شەش بە بیانوویەکی تر هەڵبژاردن ئەگەر هەیە دوا دەخرێتەوە، چونکە دەستێکی ناوخۆیی لەکوردستان و عێراق و تەنانەت وڵاتانیش هەیە بە مەبەست دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت.

بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، ڕایدەگەیەنێت، گەر سبەی چوار شەممە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دەربچێت، هەندێک شت دیاریدەکات و ڕەنگە بڕیارەکە ببێتە هۆی دروستبوونی بارگرژیەکی تر و ئەوە خۆیی لە خۆیدا ببێتە کێشە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

ئارام جەمال، توێژەر و شارەزایی هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژادن بە دەنگی ئەمەریکای وت،" کۆمسیۆنی باڵای سەر بە خۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە حەوتی مانگی 7ی ئەمساڵ تەمەنی کۆتایی پێدێت و دەبێت سەرەتایی مانگی شەش یاخوود کۆتایی مانگی شەش هەڵبژاردن بکات، ئایا کۆمسیۆن دەتوانێت لەو وادەیە هەڵبژاردن بکات و دەنگەکان جیا بکاتەوە و دەرئەنجامەکان بڵاو بکاتەوە، ئەمانە هەمووی پرسیارن کە وەڵامیان قورسە."

ئەو توێژەر و شارەزایی بواری هەڵبژاردنە نەیشاردەوە،" کە دەستێک هەیە لە ناوخۆیی کوردستان عێراق و ڵاتان دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت، واتا گەر مانگی شەشیش دیاریبکرێت."

زیاد جەبار و ئامانج نەجیب شەمعون، لە سکاڵاکەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن، بڕیار بدات بەوەی ماددەکانی ( 1-9-15-22-36) ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1 ی ساڵی 1992 ی هەموارکراو نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەموارکراوەکانی یاسای هەڵبژاردن داوا و داوا دەکەن دادگاـ،هەموارەکان هەڵبوەشێنێتەوە و یاساکە بباتەوە سەر کۆپییە ڕاستیەکەی خۆیی.

ناوەڕۆکی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵایان لە سەر تۆمارکراوە بریتین لەمانە:
ماددەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان- عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان- عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەکرێت بە سەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا.

ماددەی پازدەهەم: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بە پێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکرێن و بە ڕیزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ڕێکدەخرێت کە پیشە و ناونیشان و بەروار و جێگای لە دایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە.

ئەگەر لە تونادا نەبوو ئەوە بکرێ، ئەوکات دەستەی باڵا بۆی هەیە ڕێگەیەکی تری لە بارتر بۆ بەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بکرێت.

ماددەی بیست و دوو:

  1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان- عێراق بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پاڵێوراوەکانی خۆی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان- عێراق بکات کە ڕێژەی ئافرەتی تێدا بێت کە لە 30% کەمتر نەبێت و پاڵێوراوەکانیش بە شێوەیەک ڕیزبەنکرابن کە نواندی ڕێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بکات، بە مەرجی ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە 3 پاڵێوراو کەمتر نەبن.
  2. لیستی پاڵیوراوەکان لە ماوەی ( 15) ڕۆژ لە بەرواری ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێنرێ کە لە ماددەی 21 دا داواکراون.

ماددەی سی و شەش:

  1. پێنج کورسی بۆ کلدان و سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێ و پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لە سەر دەکەن.
  2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکیی لەسەر دەکەن.
  3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

ئایدەن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد،" جەخت لەسەر هەڵبژاردن بە زووی دەکەینەوە و چیدیکە دوا نەخرێت، چونکە دواخستنی لە بەرژەوەندی کەسدا نیە، گەر سبەی 21ی مانگی دوو دادگای فیدراڵی بڕیار بدات و لە بەرژەوەندی کۆتاکان نەبێت ئەوە قسەی ترمان دەبێت، بەڵام وا باشترە کە دادگا بێ لایەنانە بڕیار دەربکات."

XS
SM
MD
LG