Accessibility links

پەیوەندییەکانی گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە


ناونیشانی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" کە یەکەمجار لە کەناڵێکی تێلێگرام لە 18ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا دەرکەوت، ئاماژە بە گروپێکی دیاریکراو ناکات، بەڵکو ناوێکە بۆ گرووپە چەکدار و نیمچە سەربازییەکانی سەر بە ئێران کە جەخت لەسەر ڕۆڵی خۆیان لە گرژییەکانی پەیوەست بە قەیرانی غەززەوە دەکەن.

گرووپەکانی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" بەهۆی پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس، هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و سوریا و ناوچەکە.

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا گرووپی حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن.

بنکەی ئاسمانی هەریر لە هەرێمی کوردستان کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە، ڕۆژی 17ی مانگی دە بە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج. ئەمە یەکەم هێرش بوو کە "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" بەرپرسیارێتی ئەنجامدانەکەی لە ئەستۆ گرت.

دوای ئەوە زیاتر لە 150 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لەژێر ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" دژی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەنجامدراوە.

هەروەها " موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" بەرپرسیارێتی هێرشی 28ی مانگی یەکی بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن لە ئەستۆگرت، هێرشێک کە تێیدا سێ سەربازی ئەمەریکایی کوژران و لانیکەم 40 سەربازی دیکەش بریندار بوون.

دوای ئەو هێرشە، ئەمەریکا بە بۆردومانی هەندێک پێگەی ئەو گروپانە، وەڵامێکی ڕژدی بۆ هێرشەکانی ئەو گروپانەی سەر بە ئێران دایەوە کە زیانی گیانی لێکەوتەوە.

مەبەست لە هەڵبژاردنی ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" چییە؟

ناونیشانی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" بۆ ئەو گروپە میلیشیایانە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتییان دەکات، ئەو دەرفەتەیان دەخاتە بەردەم لە ڕێگەی بەکارهێنانی یەک ناو، بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا بکەنە ئامانج بە بێ ئەوەی بزانرێت کام لەو گرووپانە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

پرسێکی دیکە دەتوانێ پەیوەست بێت بە ستراتیژی یەکگرتووی نێوان ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران لە ناوچە جیاجیاکان. بۆ نموونە گرووپەکانی سەر بە ئێران لە لوبنان، بە تایبەتی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی" بەکاردەهێنن. یان ناوی "حەماس" کە کورتکراوەی بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامییە. هەروەها پیشاندانی یەکڕیزی ئەو گرووپانە لە هێرشەکانیان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لە میانەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ قەبووڵکردنی ستراتیژییەکانی ئێران لەلایەن ئەو گرووپانەوە.

کێ سەرکردایەتی موقاوەمەی ئیسلامی عێراق دەکات؟

ڕاپۆرت و هەواڵەکانی ئەم دواییانە، ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵێکی ناوەندی لە هەماهەنگکردنی گروپە چالاکەکانی ژێر چەتری موقاوەمەی ئیسلامی عێراق دەگێڕێت.

گروپە میلیشیاکان بەگشتی زۆر هەوڵ دەدەن شووناسی سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و بەرپرسیارێتی کردار و هێرشەکانیان بە ناوی خۆیانەوە ڕابگەیەنن، چوونکە پاشەکشەکردن لەم هەوڵە و قبوڵکردنی بەکارهێنانی ناونیشانێکی گشتی ئاماژەیە بۆ بوونی دەسەڵاتێکی باڵا لە هەماهەنگردنی ئەو گروپانە.

گروپە گەورەکانی موقاوەمەی ئیسلامی عێراق کێن؟

زۆربەی ئەو هێرشانەی کە لەژێر ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" ئەنجام دەدرێن، لەلایەن گروپەکانی "کەتائیبی حزبوڵڵا" و "بزووتنەوەی نوجەبا" ئەنجام دەدرێن. هەردوو گروپەکە پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە.

هەر بۆیە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکا دوای هێرشە کوشندەکەی مانگی یەکی ئەو گرووپانە بۆ سەر بنکەی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، بە شێوەیەکی سەرەکی بنکە و پێگەکانی "کەتائیبی حزبوڵڵا" و "بزووتنەوەی نوجەبا" و فەرماندەکانی ئەو دوو گرووپەیان کردە ئامانج.

گروپەکانی تریش وەک " عەسائیبی ئەھلی حەق " و " لیواکانی سەیدولشوهەدا " هەروەها هەندێک جار ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" لە چالاکییەکانیاندا بەکاردەهێنن.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG