Accessibility links

دوای هەشت کاتژمێر کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی تورکیا توانیان تەرمەکان بگەڕێننەوە گوندەکانی دینارتە


دوای هەشت کاتژمێر لە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، توانرا تەرمی دوو هاووڵاتیە مەدەنیەکە بگەڕێننەوە بۆ سنوری ناحیەی دینارتە، پاسەوانانی سنووری عێراقیش لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بنکە و بارەگای سەربازی دروست بکەن، تا کۆتایی بە جوڵەی پەکەکە بهێنن و بۆردومانی تورکیا ڕابگرن.

بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە، ڕایدەگەیەنێت، ئێوارەی دوێنی 20ی مانگی دوو، کاتژمێر 6:45 خولەک، چەند هاووڵاتیەکی دانیشتووی گوندەکانی گربیشێ و دودیێنی سەر بە ناحیەکە، بەمەبەستی کاروباری باخداری و جووتیاری چوونەتە سنوری گوندی کافیا، کە گوندێکی چۆڵە، لەو کاتەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردومانیان کردووە و بەو هۆیەوە دووانیان دەست بەجێ گیان لە دەست داوە.

سەربەست سەبری بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" 20 گوندمان لە سنورەکە ساڵانێکی زۆرە چۆڵە، بەهۆی مەترسی بۆردومانکردنیان، بۆیە داوا دەکەین حکومەتی عێراق و تورکیا بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە بۆردومان بهێنرێت، چونکە ناکرێت ژیانی هاووڵاتیان بە چوونیان بەمەبەستی کاری باخداری بکەوێتە مەترسیەوە."

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، 20 گوند لە سنووری ناحیەی دینارتە لە ترسی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردمانەکان ساڵانێکی زۆرە چۆڵکراون، لەکاتێکدا دانیشتووانی گوندەکانی تر کشتوکاڵ و ئاژەڵدری دەکەن لەو گوندانە، هەر چەند بنکە و بارەگای پەکەکە بوونی نییە، بەڵام بە شێوەی گروپی جوڵەو بوونیان هەیە لە سنوورەکە دا. هەردوو کوژراوەکەی بۆردومانەکە، عارف تەهای تەمەن 61 ساڵ و بەشیر عومەری تەمەن 68 ساڵ، پێشمەرگەی خانەنشینن و خێزاندارن و خزم و کەسوکاری یەکن.

بەهجەت ڕەمەزان خزمێکی کوژراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت،" هەردوو کوژراوەکە خاڵ و ئامۆزایی منن، بەمەبەستی دەرمان ڕشتن و پاککردنەوەی دار ترشەکانیان ڕۆشتبوونە ئەوی، بەڵام بۆردومانکران، ئەمە یەکەمجار نییە و ساڵی 2019 ش بە هەمان شێوەی بۆردومانی هاووڵاتی کرا و بەو هۆیەوە یەکێکی تر گیانی لە دەستدا و دووانی دیکە برینداربوون."

ئەو هاووڵاتیە وتیشی،" دوای ڕووداوەکە پێنج کاتژمێر بە پێ ڕۆشتین بە ترس و لەرزەوە، چونکە فڕۆکە بەردەوام دەسوڕێتەوە، تەرمەکان کاتژمیر 3 و نیوی شەو هێناومانەوە بۆ گوندەکەمان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەخاکیانمان سپارد، بۆیە ئێمە چیدیکە ناتوانین کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەین لە ترسی بوونی پەکەکە و بۆردومانی تورکیا."


بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی CPT ئەمەریکی کە چاودێری بۆردومانەکان دەکات، لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بووە کە ژمارەیان 1159 هێرش بووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە.

بەرپرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت " بە پێی ئەو بە دواداچوونانەی کە کردوومانە دەرکەوتووە، ئەو هاووڵاتیانە ژمارەیان چوار کەس بوونە و خزم و کەسوکاری یەکن، بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی کافیان، کافیاش دەکەوێتە سنووری ناحیەی دینارتە، ڕۆشتوون تا لە سەر چیای سیارک، سماق واتا ترشەکانیان پاکبکەنەوە، لەو کاتەدا بۆردومانکراون و لە ئەنجامدا دووانیان دەست بەجێ گیانیان لە دەستداوە."

کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکی بەدەنگی ئەمەریکای وت،" دوای بۆردومانەکە جوڵەی سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەبوو لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت عێراق نیازی هەیە، چەند بنکە و بارەگایەکی سەربازی لە نێروەڕێکان دابنێت، کە لە 92 گوند پێکهاتووە و بە هۆی بۆردومانەکانەوە 82 گوندیان بە یەکجاری لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەە چۆڵکراون."

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی کە ڕێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤە و کار لەسەر بە دۆکیۆمێنتکردن و بە داتاکردنی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات ، ئەوەی خستە ڕوو پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە، چونکە لە کۆی 1649 بۆردومانی خاکی کوردستان، 575 بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سنووری هەولێر بووە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دووەم کە 517 جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش 420 جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گووندی خازلیەش 36 جار بۆردومانکراوە.

ڕۆژی سێشەممە 6ی مانگی دووی 2024، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گواراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەشتنە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی میدییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا و دواتر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوە، دوایی کۆبوونەوەکەش پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،" لە کۆبوونەکەدا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا و هەماهەنگی هەردوولا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆی لە بارەوە کرا." دواتر مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ناوچەیەدا دەیەوێت فاکتەرێکی سەقامگیری و ئارامبێت و نایەوێت هۆکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی هیچ ناوچەیەک."

کامەران عوسمان بەرپرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت،"لە ئەنجامی بۆردومانەکان لە ساڵی 2023، 11 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و 13 دیکەش برینداربوونە و 161گوندی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان ساڵ بەتەواوی چۆڵکراوە بە هۆی مەترسی بۆردومانەوە و زیاد لە 600 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، چونکە گیانی گوندنشیان بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نییە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:28 0:00

XS
SM
MD
LG