دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت 11 کورسی پێکهاتەکان نادەستورییە و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە 100 کورسی پێکدێت.
جاسم محەمەد عەبوود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، لە میانی خوێندنەوەی بۆ بڕیارەكەی دادگا گوتی "دەستەواژەی 11 لە ماددەی 1ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە هەموار كراوەتەوە یاسای ساڵی 1992 نادەستوورییە، بەجۆرێك دەقەكە بەم شێوەیە دەبێت: (پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکهاتووە)."
هەروەها لە بڕگەیەکی تری بڕیارەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جێگەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان".
هەروەها دەڵێت بڕگەی 4 لە ماددەی شەش لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستورییە. لەو بڕگەیەدا هاتووە دەستیەکی 3 دادوەری لە دادوەرانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت بۆ سەیرکردنی ئەو تانانەی لە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دەدرێن، وە بڕیارەکانی ئەو دەستەیە بڕیاری کۆتایین.
بڕیارەکەی فیدراڵی باڵای عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، " بازنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە 4 بازنە كەمتر نەبێت."
لە بڕگەی پێنجی بڕیارەکەدا دەڵێت "پێویستە هەموو قەوارەیەكی سیاسی هەرێم لیستێكی تایبەت پێشكەش بكات، کە تیایدا ڕێژەی ژنان لەسەدا 30 كەمتر نەبێت."
هەروەها سەبارەت بە بەشی ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دادگاکە بڕگەی دووی ماددەی 56 ی بە نادەستوری دانا. لەم بڕگەیەدا نووسراوە "ئەرکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە بڕیار لەسەر گرێبەستەکان بدات و تاووتوێی پرسە چارەنووسەکانی خەڵکی کوردستان – عێراق بکات، وە پەیوەندییە یاساییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی دەستنیشان بکات."
بڕیارەکە لە کاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە 20 ی مانگی دووی 2024، شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوێنەری یۆنامی لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کات کۆبوونەوە و هەروەها باسیان لە ئەگەرەکانی ئەم بڕیارەش کردبوو.
بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق لە سەر بنەمای سکاڵایەکی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو کە لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کرد لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی 10 جار بڕیاردان لەسەر ئەم سکاڵایە دواخرا.