Accessibility links

کوردێکی قۆچان بە تۆمەتی وەک سوکایەتیکردن بە رێبەرانی باڵای ئێران بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن هاووڵاتییەکی کوردی خۆراسان کە تەمەنی 65 ساڵە، لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەواڵێکدا لەمبارەیەوە نووسیویەتی محەمەد عەلی وەحدەتی، کوردێکی خەڵک قۆچان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بە کوژرانی هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.


بە پێی هەواڵەکەی هەنگاو، دادگای ئینقلابی مەشهەد، محەمەد عەلی وەحدەتی بە "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران"، "سووکایەتیکردن بە خامنەیی و خومەینی، ڕیبەڕانی باڵای ئێران"، "ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان" و "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" تۆمەتبار کردووە.

محەمەد عەلی وەحدەتی، ڕۆژی شەممە، 18ی مانگی دوو بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەرکراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندی مەشهەد گواستراوەتەوە.

هەنگاو بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار لە دۆخی ئەو هاوولاتییە کوردە، نووسیوێتی ئەو هاووڵاتییە تەمەن 65 ساڵە لەکاتێکدا دەستبەسەرکراوە، کە بەهۆی نەخۆشی و تەمەنەکەیەوە، باری جەستەیی و تەندروستی جێگیر نییە.

محەمەد عەلی وەحدەتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا، دەستبەسەرکرا و تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕاپۆرت و هەواڵەکان دەریدەخەن کە پاش ناڕەزایەتی سەرتاسەریییەکانی ئێران کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ماوەی دەستبەسەربوونی لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە ڕوویدا، چالاکوانانی سیاسی و هاووڵاتیانی مەدەنی کورد تا دێت زیاتر و زیاتر ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و مامەڵەی توندی هێزەکانی ئاسایش و دەزگای دادوەری ئێران دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG