سەرۆک و جێگیری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگای هەڵەبجەیان بەسەرکردەوە و لە کۆبوونەوەیەکدا بەشێک لە داواکاری یاداشتێکی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەیان جێبەجێ کرد و بەردی بناغەی پردی تووەقوتیان لە هەڵەبجە دانا .
ڕۆژی پێنجشەممە 22-2-2024 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا بە شێک لە داهاتی هەردوو مەرزی پشتە و شۆشمێ بخرێتە خزمەت پڕۆژەکانی هەڵەبجەوە .
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لە کۆبوونەوەیەکدا لە دیوانی پارێزگا، بڕیار دراوە خوڕماڵ بکرێتە قەزا و بەشێک لە داهاتی مەرزی پشتە و شۆشمێ بخرێتە خزمەت پڕۆژەکانی هەڵەبجەوە و 500 کارمەند بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن بۆ یەکە کارگێڕییەکان و کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە بکرێتەوە و بەشێک لە شەقامەکانی هەڵەبجە قیرتاوبکرێن".
یەکێکی تر لەو پرۆژانەی کە لەم سەردانەی سەرۆک و جێگری حکومەتی هەرێم بڕیاری لەسەردرا پردی تووەقوت بوو کە لە مێژە بڕیار لەسەر دروستکردنی بۆ دەرچووە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم لە هەڵەبجە بەردی بناغەی پردی تووەقوت دادەنێین، هەرچەندە دواکەوت، بەڵام تەواو بوونی کاریگەری باشی لە بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیار وبازرگانی دەبێت. توانیومانە هەناری هەڵەبجە وەک بڕاندێک هەناردەی وڵاتی دەرەوە بکەین، هەرچەندە هەڵەبجە وەک پێویست و شایستە خزمەت نەکراوە".
دانانی بەردی بناغەی پردی تووەقوت کە هەڵەبجە بە گەرمیانەوە دەبەستێتەوە، بڕیار بوو لە ساڵی 2021 وبە گوژمەی 30 ملیار و 345 ملیۆن و 547 هەزار دینار لەسەر بوجەی وەبەرهێنان، جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە هۆکاری قەیرانی دارایی جێ بەجێ نەکرا.
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،" پردی تووەقوت جارێکی دیکە دیزاین و تەندەرینی بۆ کراوەتەوە و دوو کۆمپانیا جێ بەجێی دەکەن و ماوەی جێ بەجێ کردنی 730 ڕۆژە. پێکهاتووە لە 360 مەتر پرد ڕێگایەکی 27 کیلۆمەتری لەگەڵدایە ودوو جوتسایدی 11 مەتری، بڕیارە پێش تەواوبوونی کاتی کارکردنی پڕۆژەکە تەواوبکرێت".
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی، " پردی تەنگی سەید محەمەد کە داواکاریەکی دیکەی هەڵەبجە بوو بۆکرانەوەی زیاتری هەڵەبجە لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆسەی تەندەرینی بۆ دەکرێت".
بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پردی توەقووت ڕەخنەی توندیشی لە حکومەتی ناوەند گرت و ڕایگەیاند "حکومەتی عێراق خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لە ئاست ئەو تاوانەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە و قەرەبوی نەکردوەتەوە".
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەڵەبجە وتیشی، " هەرچەندە تۆمەتبارانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە سزای خۆیان گەشتن، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵ ئامادەنییە بە پێی دەستور قەرەبوی هەڵەبجە بکاتەوە، لەکاتێکدا هەڵەبجە نمونەیەکی دیاری دڕندەی تاوانەکانی بەعسە، هەوڵدان بۆ لەبیرکردنی ئەم تاوانە و بێ بایخکردنی بەردەوامە، بەڵام نابێت ئێمە وابکەین بیری بەغداش بچێتەوە".
سەرۆک وەزیران ئاماژەشی بەوەکرد "لەلایەکەوە تاوانمان بەرامبەر دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لەولایشەوە دێن خۆیان وەکو فریادڕەس پێشان دەدەن و خەڵکێک بەلاڕێدا دەبەن و وا دەکەن کە ئێمە مەمنوونیان بین، ئەم جۆرە رەفتارە بەرامبەر خەڵکی کوردستان چی دیکە قابیلی قبووڵ نییە".
لەکۆتای قسەکانیشدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی،" ڕەخنەگرەکانمان لەبری ئەوەی لە ئاستی تاوانەکە تاوانباران شەرمەزار بکەن، خەریکی شتی زۆرشتی بێ نرختر بون لە کوردستان ، پێویستە ئێمە ڕووبەڕووی حکومەتی فیدڕاڵی ببینەوە و داوکاری خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە بە بیر ئەوان بهێنینەوە کە پێویستە ئەوان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدابن".
لەکاتی بەسەر کردنەوەی هەریەک لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە و دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی پردی تووەقوت، هێوە ئەمنیەکان ڕێگەیان بەدەنگی ئەمەریکا و بە شێکی زۆر لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن نەدا، لە نزیکەوە ڕوماڵی چالاکیەکان بکەن.
لە چوار چێوەی سەردانەکەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم تابلۆی نوێی ژمارە ئۆتۆمبێلی، هەڵەبجە-عێراق درایە قوربانییەکی تاوانی کیمیبارانی هەڵەبجە ، بەم هەنگاوەش وەک سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ناوی هەڵەبجە خرایە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێل.