Accessibility links

دادگایەکی ئەمەریکا بڕیار دەدات ئاوڵەمەی سڕکراو بۆ مەبەستی منداڵ بوون بە منداڵ هەژمار دەکرێت و لەناوبردنی تاوانە


دوای ئەوەی دادگای باڵای ویلایەتی ئەلاباما بڕیاری دا ئەو ئاوڵەمە سڕکراوانەی بە مەبەستی بوونی منداڵ لە نێوەندەکانی تەندروستی هەڵدەگیرێن بە منداڵ هەژمار دەکرێن،گەورەترین نەخۆشخانەی ویلایەتەکە ڕۆژی چوارشەممە هەموو پرۆسەکانی پیتاندنی هێلکەی مرۆڤی بۆ پرۆسەی منداڵی بلوری (IVF) ڕاگرت لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەخۆشەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە بوون.

سیستەمی تەندروستی زانکۆی ئەلاباما لە بیرمینگهام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە ئایا دەشێت نەخۆشەکانیان یاخود پزیشکەکانیان ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری یان هیچ سزایەک ببنەوە بەهۆی ئەنجامدانی چارەسەری IVF.

وتەبێژی زانکۆکە ساڤانا کاپڵن دەڵێت "ئێمە دڵگرانین بەوەی ئەمە کار دەکاتە سەر ئەو نەخۆشانەمان کە هەوڵی منداڵبوون لە ڕێگەی IVFوە دەدەن."

پزیشکان و نەخۆشەکان وەک یەک لە دۆخێکی شۆک و دڵەڕاوکێ و ترسردان لە کاتێکدا تاوتوێی بژاردەکان دەکەن لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگای باڵای ئەلاباما کە سەرجەم دادوەرەکانی کۆماریین، کە داهاتووی پرۆسەی IVF ی خستە ژێر پرسیارەوە.

ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ویلایەتی ئەلابامای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا بڕیاریدا ئاوڵەمە بەستووەکان بە پێی یاسای ویلایەتەکە بە منداڵ هەژمار دەکرێن. ڕەخەگرانی بڕیارەکەش دەڵێن ئەمە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر چارەسەرکردن بۆ مەبەستی منداڵبوونی بلوری لە ویلایەتەکەدا دەبێت.

بڕیارەکە لەسەر بنەمای دوو حاڵەتی لەناوچوونی ئاوڵەمە لە ڕووداوێکی بنکەیەکی منداڵ بوون دراوە، بە لەبەرچاوگرتنی بڕگەی دژە منداڵ لەباربردنی دەستوری ویلایەتەکە. بە پێی ئەو یاسایەی ساڵی 1872 ڕێگە بە دایکان و باوکان دەدرێت سکاڵای یاسایی لەسەر مردنی کۆرپەلەکانیان تۆمار بکەن کە دادوەرەکان وتیان ئەم بڕگەیە " هەموو منداڵێک دەگرێتەوە کە هێشتا لە دایک نەبووە، جا لە هەر شوێنێک دانرابێت."

دادوەر جەی میچڵ لە بڕیارەکەدا دەڵێت " ئەو منداڵانەی لە دایک نەبوون هەر منداڵن.... بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای قۆناغی گەشەکردن، شوێنی فیزیکی، یان هەر تایبەتمەندییەکی تر."

ئەم بڕیارە دەستبەجێ نیگەرانی لەمەڕ کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر چارەسەرەکانی منداڵبوون و بەستنی ئاوڵەمە هێنایە گۆڕێ، کە پێشتر لەلایەن دادگاکانەوە بە موڵک دادەنرا.

باربرا کۆلۆرا، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی نیشتمانی چارەسەری نەزۆکی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند " ئەم بڕیارە دەڵێت کە هێلکەیەکی پیتێندراوی کە تەنها کۆمەڵێک خانەیە، ئێستا مرۆڤە. بەڕاستی پراکتیکی پرۆسەی IVF دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

ئەم ڕێکخراوە بڕیارەکە بە هەنگاوێکی ترسناک ناو دەبات بۆ ئەو یەک لە هەر 6ی کەسەی کە بۆ منداڵبوون پێویستیان بە پرۆسەی IVF هەیە.

ئەلاباما لە ساڵی 2019دا یاسای پاراستنی ژیانی مرۆڤی پەسەند کرد، بە پێی ئەو یاسایە نزیکەی هەموو لەباربردنی منداڵ قەدەغە دەکات. یاساکە ساڵی 2022 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیارەکەی پێشووی لە دۆسیەی ڕۆ دژی وەیددا هەڵوەشاندەوە کە مافی لەباربردنی منداڵی لە سەرانسەری وڵاتدا مسۆگەر کردبوو.

بابەتی منداڵ لەباربردن پاشخانێکی سیاسی لە ئەمەریکا هەیەو هەتا ئێستاش یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی جێگای مشتومڕی کاندیدەکان بۆ کۆنگرێس و سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە کاتێکدا پارێزکارەکانی کۆمارییەکان هەمیشە دژی منداڵ لەباربردنن بەڵام لیبراڵەکانی دیموکرات پێیان وایە ئەمە مافی دایکەکەیە بڕیار بدات.

ئەم بڕیارەی ئەلەباماش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و بە تایبەتی لە کاتێکدا کە هێشتا کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکلایی نەبووەتەوە.

زۆربەی کاندیدەکانی کۆمارییەکان بە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپیشەوە زۆر جار هەوڵیان داوە ئەو پەیامە بگەیەننە دەنگدەرانینان لەگەڵ زەمینەیەکی مامناوەندیدان کە لە هەندێک باردا ڕێگە بە منداڵ لەباربردن بدرێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا کۆت و بەند دەخەنە بەردەم گرووپەکانی مافی لەباربردن.

بەڵام ئەم بڕیارەی ئەلاباما سەنگی دەخاتە سەر کرۆکی بۆچوونی پارێزکارە توندڕەوەکان، کە نەک تەنها هەوڵدەدەن دەستڕاگەیشتن بە لەباربردن نەهێڵن بەڵکو هەندێک جۆری بەرگری لە دووگیانی و چاودێری منداڵبوون کەمبکەنەوە.

نیکی هەیلی یەکێک لە بەربژێرەکانی کۆمارییەکان بۆ بوون بە کاندیدی سەرۆکایەتی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن بی سی ،گوتی بە بڕوای ئەوە ئاوڵەمە منداڵە " ئەگەر ڕاستتان دەوێت بەڵێ ئەو ئاوڵەمانە بە منداڵ هەژمار دەکرێن." بەڵام ئەوەی باسی لەوە نەکرد کە بڕیارەکەی ئەلابامی پێ ڕاستە یان نا.

لە ساڵی 2022 و پاش هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆ دژی وەید لە داداگای باڵای ئەمەریکای زۆرینە کۆمارییەوە، بەشێکی زۆر لە کۆمارییەکان لەگەڵ بڕیارەکەدا بوون بەڵام ئەمە کاری کردە سەر دەنگەکان لە خولی ناوەڕاستی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و لە ئەنجامدا چەند کورسییەکی کۆنگرێسیان لەدەستدا.

سەرچاوەکان: ئەسۆشیەتد پرێس، پۆلیتیکۆ، ئێن بی سی، دادگای ئەلاباما

XS
SM
MD
LG