Accessibility links

لەتیف نێروەیی: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەنها لە بەرژەوەندی یەکێتی نییە بەڵکو لە بەرژەوەندی هەموو حزبەکان و خەڵکی کوردستانە


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکەی یەکێتی سەبارەت بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تەنها دەستکەوت نییە بۆ یەکێتی، بەڵکو دەستکەوتێکە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و حزبەکان و سیستەمی دیموکراسیش. وتیشی، دڵخۆشن بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە و پشتگیری تەواوی بڕیارەکە دەکەن.

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەوڵەکەی یەکێتی دەستکەوتێک نییە بۆ بەرژەوەندی یەکێتی، بەڵکو دەستکەوتە بۆ سیستەمی دیموکراسی، خەڵکی کوردستان، دەنگدەران، پارێزگاکان و بۆ هەموو حزبەکانیش. وەک یەکێتی نەک هەرپشتگیری دەکەین بەڵکو هەوڵێکی زۆرمان لەو پێناوەدا داوە."

وتیشی،" داواکەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی هۆکاری خۆی هەبووە، لەوانە پرسی یەک بازنەیی، چونکە پێمان وابووە لە یەک بازنەییدا، دەنگی هەندێک پارێزگا بۆ شوێنی دیکە دەچن، بەڵام کاتێک هەموار دەکرێتەوە ئیستیحقاقی پارێزگاکان بۆ کاندیدەکانی ئەو سنورە دەچن. ئەو کات نوێنەرەکان دەبنە نوێنەری ڕاستەقینە لە سنوری جیۆگرافی ئەو شوێنە."

لە مانگی 5 ی ساڵی 2023، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دواتریش ئامانج نەجیب سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هەمان مەبەست سکاڵای تۆمارکرد.

سکاڵایەکی تریش لەلایەن سێ هاوڵاتییەوە تۆمارکرابوو، تایبەت بە دواکەوتن و نەدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دادگای فیدراڵی عێراق هەردوو سکاڵاکەی یەکخست و دوای ئەنجامدانی 9 دانیشتن، دوێنێ 21ی 2 بڕیاری لەبارەی سکاڵاکانەوەدا و شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی گۆڕی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی کەمکردەوە..

بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێتەوەو کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وێڕای پێشوازی یەکێتی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، ناڕەزایەتی بەشێک لەلایەنەکانی لێکەوتەوە، بەشێک لە نوێنەری پێکهاتەکان کە پێکهاتبوون لە تورکمان، کلدان، سوریان، ئاشوری و ئەرمەن ناڕەزایەتیان پشاندا و یەکێتیان "تۆمەتبار کرد بە دژایەتی پێکهاتەکان" و ڕایانگەیاند، " بڕیارەکە بڕیارێکی نادەستوریە و پێچەوانەی مافی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکانە."

بەڵام ئەندامی سەرکردایەتیەکەی یەکێتی، ئەم هەوڵانە بە "پێچەوانەکردنەوەی ڕاستیەکان" ناودەبات. و دەڵێت،" سەبارەت بەو ڕەخنانەی لە یەکێتی دەگیرێن گوایە یەکێتی دژی مافی پێکهاتەکانە ئەوە سەرەر لێژکردنی ڕاستیەکانە. چونکە یەکێتی دەستپێشخەر بووە لە کەسێتی مام جەلالدا کە دەستپێشخەری کردووە بۆ مافە ڕەواکانی پێکهاتەکان، دوای ڕوخانی سەدامیش لە کەرکوک بڕیاری مام جەلال بوو 32 بە 32 بە 32 بۆ کورد و تورک و عەرەب بێت، کە ئەو کات بۆوە جێگەی ڕەخنە."

وتیشی،" تا ئێستاش ئەوە پەیڕەو دەکرێت، لە ئەنجومەنی پارێزگاکان لە 9 کورسی یەکێتی، لە نەینەوا تا خانەقین 4 کورسی لە پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانن. لە کەرکوک لە 5 کورسی یەکێکیان هی کاکەییەکانە لە زۆربەی پارێزگاکان وایە. یەکێتی بە باوەڕو پێکهاتە و ئیرادەی خۆی ئیشی کردووە کە پێکهاتەکان مافیان پارێزراو بێت، هیچ حزبێک لە هەموو عێراق بە قەدەر یەکێتی کورسی لە پێکهاتەی نەهێناوە ئەمە نیشانەی ئەوەیە سیاسەتێکی نەگۆڕی یەکێتیە بەرامبەر پێکهاتەکان."

جگە لە پێکهاتەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان دژی بڕیارەکە وەستایەوە و ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،" ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕوحی دەستور و مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان و بنەماکانی فیدڕاڵی و پرەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانن کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون."

ئەمڕۆش لە میانی سەردانێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە، ڕایگەیاند،" لەلایەکەوە تاوانمان بەرامبەر دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لەولایشەوە دێن خۆیان وەکو فریادڕەس پێشان دەدەن و خەڵکێک بەلاڕێدا دەبەن و وا دەکەن کە ئێمە مەمنوونیان بین، ئەم جۆرە رەفتارە بەرامبەر خەڵکی کوردستان چی دیکە قابیلی قبووڵ نییە." کە مەبەست لێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و حکومەتی ناوەندییە.

وێڕای ناڕازی بوونی حکومەت لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام بڕیاری تایبەتیش بە شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەخۆران، دڵخۆشی فەرمانبەران و مامۆستایانی لێکەوتەوەو دوای دە ساڵ لە خۆپیشاندان ئەمڕۆ ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگی خۆشیان گێڕا.

یەکێتیش بڕیارەکە بە بەرژەوەندی خەڵک و مووچەخۆران ناو دەبات، لەتیف نێروەیی وتی،" مووچەی فەرمانبەران بەشێک ئەوەیە کە یەکێتی پێی خۆشە لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە دابین بکرێت، بە تاکید ئێمە پشتیوانی ئەو هەنگاوە دەکەین مانگانە بە شێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەخۆرانی هەرێمیش مووچە وەربگرن."

XS
SM
MD
LG