لێکدانەوەیەکی زۆر بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق دەکرێت بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەوە کە بە بڕیارگەلێکی بەرایی ناودێر دەکرێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق.
کێ بەرپرسیارە لە بچوککردنەوەی قەوارە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان؟
دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لایەنگرانیشی جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەو بڕیارانەی دادگا بە مەبەستن و کارنامەی سیاسییان لە پشتەوەن و ئاماژەش دەدرێت بەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵا، بڕیاری ئێرانین وەک لەوەی بڕیاری دەستوریی عێراقی بن.
دکتۆر هەردی مێد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سۆربۆن دەڵێت "لە هەرێمی کوردستاندا، هیچ دەزگایەکی باڵا نییە کە لە سەرو حزب و بەرژەوەندییەکانی حزبەوە بێت و بتوانێت چارەسەری ململانێکان بکات و دەرچەیەکیش پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات؛ جا بەوپێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەسەڵاتی یەکەمە لە هەرێمەکەدا لەو ڕوانگەیەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتیشی لەلایە و لایەنەکانی تری هەرێمی فەرامۆشکردووە، ئەمە وەهای کردووە خەڵک ڕوو لە بەغدا بکەن."
دکتۆر مێد لەوبڕوایەشدایە خەڵک مافی خۆیەتی ڕوو لە بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ئیدی بۆچی بە خیانەت و شەرمەزاریی ناودێر بکرێت و دەڵێت "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دادگایەکی لێیە پێی دەڵێن دادگای باڵا و 3 ساڵە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دادگایە دەکەم و هەر کەسێکی چووبێتە ئەو دادگایەوە، گەواهی دەدەن بەوەی بە شێوەیەکی گونجاو کارەکان ڕایی دەکرێن؛ دوو ساڵە دادگا لێکۆڵینەوە و تاووتوێی خۆی دەکات و ئەوجا گەیشتۆتە ئەم بڕیارانە لەسەر کەمایەتییەکان و موچە."
دکتۆرهەردی لە زانکۆی سۆربۆن باس لە بەکارهێنانی دەستەواژەی "بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم" دەکات و وەک دەڵێت ئەم دەستەواژەیە زۆر بەکاردەهێنرێت لە میدیاکاندا و بەتایبەتیش لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، دەڵێت "برەودان بەو دەستەواژەیە بۆ لەبیربردنەوەی ڕاستییەکی ترە کە بریتییە لەوەی، بڕیارەکانی دادگای باڵا بەو شێوەیە نییە کە بڵێین شیعەکان سەنگەریان لە ئێمە گرتبێت تا قەوارەی هەرێم بچوک بکەنەوە، نەخێر، هەموو بڕیارەکان، بێجگە لە بڕیاری نەوت، هەر هەموویان لەسەر داوای کورد خۆی بووە و خەڵکیش بە ناچاری ڕوو لە بەغدا دەکەن و دەیانەوێت بە یاسا ئەو جۆرە سەروسەودایانەی لە هەرێم لەگەڵیاندا دەکرێت، سنوردار بکەن و چارەسەرییەکیش بۆ گرفتەکانیان بدۆزنەوە. جا ئەوەی ڕوودەدات بە سیاسی کردنی دادگا نییە، بەڵکو بە یاسایی کردنی ململانێ سیاسییەکانە. هەربۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم لە جێی خۆیدا نییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ژمارەیەک بابەتی ترە، لەوانە تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا."
بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی
ناکۆکی و ناتەبایی سیاسی نێوان لایەنە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کاریگەرییەکی بەرچاوی نەرێنییان هەبووە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک لەو هەرێمەدا و بە ئەندازەیەکیشە کە بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵک زۆر گەورە بووە.
کاوە موحەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵا دەبنە هۆکارێک بۆ قوڵبوونەوەی زیاتری ململانێکان و ناکۆکییە سیاسییەکانیش لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا و دەڵێت "هەردوو لایەنی دەسەڵات، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەپێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوومان، هەمیشە ڕوانگەیەکی حزبییان هەبووە بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردن و سەروسەوداکردن لەگەڵ بەغدا و دەوروبەریشدا؛ ئێستاش لە کاردانەوەکانیاندا بەرامبەر بەو بڕیارانەی دادگا، ئەوە تێدەگەین کە ڕوانینە حزبییەکانیان زاڵە، هەربۆیەشە وەها دەبینرێت ئەو بڕیارانە ململانێ و ناکۆکییەکانیان زیاتر و قوڵتریش بکاتەوە لە ئایندەدا."
دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سلێمانی هاوڕایە و دەڵێت "بە دڵنیاییەوە بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بەسەر قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی و کاریگەریشی دەبێت بەسەر پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنەدا لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا تا ئەو ئاستەی کە ڕەنگە لێکترازانێکی ترسناکیش دروست ببێت."
بڕیارەکانی دادگا و فشار بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد
کاوە موحەمەد، لەوبڕوایەدایە ئەو بڕیارانەی دادگای باڵا کاریگەری نابێت و هەروەهاش نابێتە فشار بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە تا ناو ماڵی کورد ڕێکبخات و دەڵێت "مەخابن، ئەو بڕیارانەی دادگا نابنە مایەی زاڵ بوونی ڕوانگەی نیشتمانی لایەنە سیاسییەکان و پێداچوونەوە بە تێڕوانین و سیاسەتەکانیاندا، تا بتوانن پێکەوە سیاسەتێکی نیشتمانی بۆ هەرێم پەیڕەو بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە ناکەن چونکە ئەقڵیەتی دەوڵەتدارییان نەبووە و هەمیشە ڕوانگە حزبییەکانیان زاڵتر بووە بەسەر ڕوانگەکانی تردا."
دکتۆر مەهدی خۆزگەی هەیە ناو ماڵی کورد یەکبخرێت بەڵام دەڵێت "بەداخەوە ئەو بڕیارانە زیاتر ناو ماڵی کورد تێکدەدەن و زیاتریش هێزە سیاسییەکان لە یەکتر دور دەخەنەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکانیش زیاتر دابەشیان دەکەن بەسەر هێزەکانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەو بڕیارانە دەبنە مایەی پەڕتەوازەیی زیاتر لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان."
تێگەیشتن لە پەیامەکانی پشت بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق
کاوە موحەمەد، لەوبڕوایەدایە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەوە تێگەیشتوون کە ئاڕاستەی دۆخی سیاسی لە هەرێم بە ئاڕاستەیەکی زۆر نەرێنی و خراپدا تێپەڕدەبێت و ڕۆژ بە ڕۆژ بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات زیاتر دەبێت و دەڵێت "پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداش هەمیشە بە ئاڕاستەیەکدا ڕۆیشتووە کە لە بەرژەوەندی نێوان کورد و هەرێمدا نەبووە و هۆکارە سەرەکییەکەش هەڵە و نەبوونی سیاسەتی نیشتمانی خۆیان بووە. بەڵێ لە پەیامەکان تێگەیشتوون، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێم تەنها بەرژەوەندی خۆیان ڕەچاو دەکەن و تێڕوانینێکی دور مەودا و ستراتیژییان بۆ پرسەکان نەبووە، هەربۆیە نایانەوێت وەک ئەوەی پێویستە لە پەیامەکانی پشت ئەو بڕیارانەوە تێبگەن و سەروسەودای لەگەڵدا بکەن. هیچ کاتێک هیوا نەخوازراوە بەوەی فەرمانڕەوایەتی لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا شکست بێنێت، بەڵام بە پلەی یەکەم، پارتی و یەکێتی و کەم تا زۆرێکیش ئەو لایەنانەی لە فەرمانڕەوایەتیدا بەشداربوون، ئەم ڕەوشەیان بە ئێستا گەیاندووە، هەربۆیەشە ئەو بڕیارانە وەها کەوتوونەتەوە کە لە بەرژەوەندی خەڵک و موچەخۆران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکە کە لە بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکان قۆرخ نەکرێت."
دکتۆر مەهدی، وەک باسی دەکات کە ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوو، نیشانی دەدات، هێزە سیاسییەکانی هەرێم یان ئەوەتا هیچ تێگەیشتنێکیان نەبووە بۆ ڕووداوەکان و پێشهاتەکانی ئەو سێ دەیەیە یانیش ئەگەر تێگەیشتنیشیان هەبووبێت ئەوا بە هەڵە لێی تێگەیشتوون و دەڵێت " ڕەنگە هەر هێزیکی سیاسی بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی لە پەیامەکانی پشت ئەو بڕیارانەی دادگا تێگەیشتبێت، بەڵام لەوبڕوایەشدام هیچ کامێک لەو هێزانە نەتوانن لە پەیامە ڕاستەقینەکەی ئەو بڕیارانە تێبگەن کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و لێدانی کورد لە عێراقدا و لێدان لە هەموو دەستکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکان، هیوادارم هەموو هێزە سیاسییەکان لەمە تێبگەن، دڵنیاشم لێیشی تێبگەن ئەوا لەوانەیە بە ئاڕاستەیەکدا بیبەن کە هەر تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریبهێنن."
دکتۆر هەردی مێد، لەوبڕوایەدایە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەم ڕەشەی ئێستا تێدەگەن بەڵام وەک دەڵێت " نایانەوێت وەها خۆیان نیشان بدەن کە تێیدەگەن و لە بری ئەوە، برەو بەو گوتارە دەدرێت کە بەغدا غەدر لە هەرێمی کوردستان دەکات و بەهۆی ئەو جۆرە گوتارانەشەوە هەرێمی کوردستان زیانلێکەوتووی یەکەم دەبێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق، دەڵێت " ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون."
بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەسەر بڕیارەکانی دادگا دەڵێت "هەوڵەکەی یەکێتی دەستکەوتێک نییە بۆ بەرژەوەندی یەکێتی، بەڵکو دەستکەوتە بۆ سیستەمی دیموکراسی، خەڵکی کوردستان، دەنگدەران، پارێزگاکان و بۆ هەموو حزبەکانیش. وەک یەکێتی نەک هەرپشتگیری دەکەین بەڵکو هەوڵێکی زۆرمان لەو پێناوەدا داوە."