Accessibility links

بەشێک لە کوردو سونە بە "ئاسنی گەرم"ی خۆیان داغ دەکرێن


زۆربەی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق دژی حکومەتی هەرێم و بەشێک لە هێزە سونەکانی عێراق دەریکردوون، لە وەڵامی ئەو سکاڵانەدا بووە کە لە نێو خودی ئەو پێکهاتانەوە تۆمارکراون و دواجار لەلایەن ئەو دادگایەوە تەنها بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە دراوە.

ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچە خۆرانی هەرێم یەکلایی کردەوە، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی کوردستان و سکاڵای دووەمیشیان لەلایەن سێ هاوڵاتییەوە تۆمارکرابوو.

لە مانگی 5 ی ساڵی 2023، فراکسیۆنی یەکێتی سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، ئەنجامی سکاڵاکەش گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.

یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان و یەکێک لەو کەسانەی پێشتر سکاڵای لەدادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە لە هەرێم دەستورمان نییە تا پەیوەندی نێوان دامەزراوەکان ڕێکبخات و سنوری دەسەڵاتەکان لەیەکتری جیا بکاتەوە، گەر دەستور و دادگایەکی دەستوری باشمان هەبووایە، ڕەنگە لە بری دادگای فیدراڵی پەنا ببرایەتە بەر ئەو دادگا دەستورییەی هەرێم."

یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان
یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

ڕۆژی 14 ی مانگی 9 ی 2023، سێ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر شایستە داراییەکانی موچە خۆرانی هەرێم لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردو لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایە، دادگای فیدراڵی عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

یوسف محەمەد دەڵێت،"لاوازی دادگاکانی هەرێم یەکێکە لەو هۆکارانەی پەنا دەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی، گەر خەڵک متمانەی بە دادگای ئیداری و کارگێڕی هەرێم هەبووایە بۆ پرسی موچەو پلە بەرز کردنەوە لە دادگای فیدراڵی سکاڵای نەدەکرد."

دەشڵێت،"دامەزراوەکانی هەرێم بەهێز نین و بەشێکی زۆریان لە ژێر هەژموونی حزبدان، گەر پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردنی هەموار بکردایەتەوەو ڕێگری لێنەکرایە، پێویست نەدەبوو مەسەلەکە ببرێتە دادگای فیدراڵی. هەرچەندە هەرێم سەربە عێراقەو پەنا بردنە بەر دادگای فیدراڵی ئاساییە."

لە مانگی 5 ی ساڵی 2023، لەسەر بنەمای دوو سکاڵا کە لەهەرێمەوە تۆمارکرابوون، دادگای فیدراڵی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ماوەی ساڵێک بە نادەستوری ناوبرد، دواتر بڕیارێکی تری لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمەوە داو لەوکاتەوە تا ئێستا هەرێم بێ پەرلەمانە.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە پێچەوانەی ڕۆحی دەستورو مافە دەستورییەکانی هەرێم و بنەماکانی فیدراڵی دادەنێت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ڕۆژی هەینی دەریکردووە، مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت،"بڕیاری پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێک لە بڕگەکانی، پێچەوانەی دەستورو سروشتی لێکجیایی دەسەڵاتەکانە."

کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان پێیوایە، پەنابردنی لایەن و کەسایەتییەکان بۆ سکاڵا تۆمارکردن لە دادگای فیدراڵی عێراق ڕەنگدانەوەی ململانێ و ئەو ناکۆکییانەیە کە هەن لەسەر بەڕێوەبردنی دەسەڵات.

کاوە مەحمود
کاوە مەحمود

کاوە مەحمود، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئایا ئێمە دامەزراوەی کوردیمان هەیە، ئایا پەرلەمانی کارامان هەیە، یاخود بە دەستوەردان و عەقڵیەتی حزبی کار دەکرێت، ئەمانە زەمینە خۆش دەکەن تا ڕکابەرەکان وەبەرهێنانی تێدا بکەن و بە ئاراستەیەکی تر بیبەن."

کاوە مەحمود وتی،"جەوهەری بابەتەکە ئەوەیە پاشگەز بوونەوە لە چەمکی فیدراڵی و دەستور هەیە، بڕیارە پەیوەندیدارەکانی دادگای فیدراڵی بە هەڵبژاردن دەبێت لە چوارچێوەی یاسایی و دەستوری تەماشا بکرێن، کۆتا گەر دەستورو پەرلەمانی عێراق بواری پێدابێت، بۆ هەولێرو دهۆک نەیبێت."

دەشڵێت،"نابێت بە هەڵەشەیی و بڕیاری پێشوەخت مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکرێت، دەبێت لەمەدا گەڕانەوە هەبێت بۆ ڕای پسپۆڕانی یاسایی."

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ڕا جیایی لە نێو هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە، بەشێک لە هێز و دانیشتوانی هەرێمەکە پێشوازی لێ دەکەن، بەڵام بەشێکی تر پێیانوایە سەرەتایەکە بۆ لاوازکردنی ئەو هەرێمەی کە لە ساڵی 1991 ەوە دروستبووە.

بڕیارەکانی دادگا تەنها دابەشبوونی لە نێو هەرێمی کوردستاندا دروست نەکردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆیی هێزە سونەکانی عێراقیش دروستکردووە، بەو پێیەی بەشێک لە هێزە سونەکان بڕیارەکان بە"سیاسی" دەبینن و لێی نیگەرانن.

لە ڕۆژی 14 ی مانگی 11 ی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی پێشکەوتنی سونەی یەکلایی کردەوە، بەو هۆیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

وەکچۆن بەشێک لەو ڕێوشوێنانەی بەرامبەر حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانەی دادگای فیدراڵی گیراونەتە بەر کە لەناوخۆی هەرێمەوە تۆمارکراون، دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، بەهێزترین کەسایەتی سیاسی سونەکانی عێراقیش لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پارتەکەی بوو.

ئەوەی گومانی لای کورد و سونە لەسەر "سەربەخۆیی" دامەزراوە یاساییەکانی عێراق دروستکردووە، هەڵوێستی سەرۆکی ئەو دامەزراوانەیە لەکاتی تەنگژە سیاسییەکاندا کە بۆنی "لایەنگیرییان" لێ دێت.

کاتێک لە نێو پارێزگای ئەنباری پایتەختی سونەکانی عێراقەوە بانگەشەی دروستکردنی هەرێمێکی تر لە چوارچێوەی عێراق کرا، فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند،"بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمێکی دیکە لە چوارچێوەی عێراق ڕەتکراوەیە، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق."

ئەو سکاڵایانەی لەسەر هەرێم و سونەکان لەنێو هێزە شیعەکانەوە تۆمار دەکرێن، پەرلەمانتارانی سەربە لایەنە شیعەکان پێی هەڵناستن، بەڵکو ئەو پەرلەمانتارە شیعانە تۆماری دەکەن کە بە سەربەخۆ ناسراون، ئەمەش گومانی "ڕۆڵ" دابەشکردنی دروستکردووە.

لە مانگی 9 ی ساڵی 2023، کاتێک حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم دەربڕی، مستەفا سنێد پەرلەمانتاری شیعەی سەربەخۆ، هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردنی لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد گەر پارەکە بنێرێت.

سەبارەت بەوەی بۆچی پەرلەمانتاری سەربە هێزە شیعەکان سکاڵا لەسەر هەرێم و هێزە سونەکان تۆمار ناکەن و زیاتر پەرلەمانتارە شیعە سەربەخۆکان بەو ئەرکە هەڵدەستن، یوسف محەمەد دەڵێت،"هێزە سیاسییەکانی ناو هەرێم و هێزە شیعەکان هاوپەیمانن و بەرژەوەندیشیان پێکەوە هەیە، ڕەنگە پێشیانخۆش نەبێت پەرلەمانتارە سەربەخۆکان سکاڵا بکەن. دادگای فیدراڵی بۆ هەموو عێراقەو کوردیشی تێدایە و لە نادەستوری بوونی یاساکان دەکۆڵێتەوە."

دەشڵێت،"کەم سەیری بڕیارەکانی دادگا دەکرێت و تەنها سەیری ئەو بڕیارانە دەکرێت کە هەڵایان لێدەکەوێتەوە، ئەگینا داوای دژ بەهەرێم زۆرن و زۆربەشیان ڕەتکراونەتەوە."

ڕێوشوێنی دام و دەزگا یاساییەکانی عێراق تەنها بەشێک لەکورد و سونەی نیگەران نەکردووە، بەڵکو ئاستی نیگەرانی ڕەوتی سەدری گەورەترین کوتلەی شیعەی گەیاندە ئاستێک گۆڕەپانەکە بۆ هێزە ڕکابەرەکانی چۆڵ بکات، کاتێک ڕێگەی پێنەدرا حکومەت پێکبهێنێت.

XS
SM
MD
LG