Accessibility links

هەسەدە 16چەکداری سەر بە شانەکانی داعش لە حەسەکە دەستگیردەکات


هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا هێزەکانیان 16 چەکداری سەر بە شانەکانی داعشیان لە پارێزگای حەسەکە دەستگیرکردووە.

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە 22ی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، ئەو چەکدارانەی داعش کە بە دیل گیراون، خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نین.

فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە شاری حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری ئەنجامدراوە.

شامی گوتیشی: "لە ئەنجامدا 16 چەکداری داعش و چەند لایەنگرێکی داعشیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 2 چەکداری مەترسیدار هەبوون".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم شانانە لە هێرشەکانیاندا چەکی بێدەنگیان بەکارهێناوە".

ڕۆژی 9ی ئەم مانگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕاپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2023 سەبارەت بە داعش بڵاوکردەوە.

هاوپەیمانییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەسەدە کردووە و ڕایگەیاند "هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، ڕێگەی بۆ ئەو شانانەی داعش خۆشکردووە هێرشەکانیان له ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر بکەن".

بە گوتەی شارەزایان ، ئۆپەراسیۆنی هەسەدە لە 22ی ئەم مانگە و دەستگیرکردنی 16 چەکدار و لایەنگرانی داعش نیشانەی ئەوەیە داعش چالاکە لە ناوچەکەدا.

XS
SM
MD
LG