Accessibility links

بەرەی سیاسی ناڕازی تورکمانی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ لابردنی کورسی کۆتاکان دروستە، چونکە نوێنەری میللەت نەبوون


سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی بەرەی ناڕازیی تورکمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژ بە هاووڵاتیانی تورکمانی هەرێمی کوردستان لە ناخەوە نیگەرانی کردووین، لە هەمانکاتدا دڵخۆشین و بە دروستی دەزانین، چونکە ئەوانەی نوێنەرایەتی تورکمانیان دەکرد لە پەرلەمان نوێنەری ڕاستەقینەی میللەت نین و بەکرێگیراوی حزبێکی سیاسین.

ڕۆژی 21 ی مانگی 2ی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە سەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دوای نۆ دانیشتن بڕیایدا هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێتەوە و کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.

عەبدولباست خالید سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی بەرەی ناڕازیی تورکمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە گەر ڕازی بین، یاخود ناڕازیبین هیچ لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ناگۆڕێت، گەر بڕیارەکە لە دژی نەتەوەی تورکمان بووایە ئەوە پێی دڵگران دەبووین، بەڵام ئێستا بڕیارەکە بە دروستی دەزانین، چونکە ئەوانەی نوێنەرایەتی پێکهاتەی تورکمان دەکەن نوێنەری گیرفان پڕکردنی خۆیانن نەک تورکمانەکان."

سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی بەرەی ناڕازیی تورکمانی ئەمڕۆ یەک شەممە 25 ی مانگی 2 ی 2024 کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە هەولێر ئەنجامدا و ئەوەشی وت،" پێکهاتەی تورکمان کە نوێنەریان لە پەرلەمانە 30 ساڵە لە کوردستان شرینیەکەی بە نەتەوەی ئێمەی تورکمان وەردەگرن و بەر ماوەکەی دەدەن بە نەتەوەی ئێمە ئەمەش جێگای قبوڵ نیە، چونکە ئەمانە بەکرێگیراوی حزبێکی دیاریکراوی سیاسین."

لە مانگی 5 ی ساڵی 2023، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دواتریش ئامانج نەجیب سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هەمان مەبەست سکاڵای تۆمارکرد و دادگای فیدراڵی عێراق شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی گۆڕی و ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانیشی کەمکردەوە.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ناڕەزایەتی توندی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانیش لە حکومەتی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات،" ئێمە هەرگیز نە بووبوونیەتە تەڕەف لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و بە پێچەوانەوە هەمیشە فاکتەرێکی باش بووین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و خزمەت بە خەڵکی."

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەی کرا بەرامبەر بە پێکهاتەکان کرا لە لایەن دادگای فیدراڵی زوڵمێکی گەورە بوو و بڕیارێکی تەواو سیاسیە، هەر چەند دادگا بڕیاریداوە بەڵام هەنگاوی زۆر هەیە بیگرینە بەر و بە دڵنیایشەوە وەک پێکهاتەی تورکمان بە شداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەینەوە."

نەک تەنها حزبەکانی تورکمان، حزبە سیاسیەکانی کلدان و سریان و ئاشووریش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە بڕیارێکی سیاسی دژ بە کۆتاکان ناو زەند دەکەن و پێیان وانیە کە هیچ کات لە بەرەی حزبێکی سیاسی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە کاریان کردبێت لە نێو پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵکو دەڵێن،" هاوپەیمانمان بووە نەک بە کرێگیراو."

عەبدولباست خالید سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی بەرەی ناڕازیی تورکمانی ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئەو کۆتایانەی کە سواری قیتاریان کردبوون، ئێستا قیتارەکە لە سکە لایداوە و هەموویان ناتوانن بگەڕێنەوە، بە داخەوە ئەوانە لە بەر ژەوەندی میلەتی خۆیان کاریان نەدەکرد بۆیە دۆخیان وای بەسەرداهات."

بە پێی ماددەی 36ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن کە یەکێتی سکاڵای لەسەر هەبوو 11 کورسی بۆ کۆتاکان دیاریکرابوو کە 5 کورسیان بۆ پێکهاتەی تورکمان و 5 کورسی بۆ پێکهاتەی کلدان و سریان و ئاشوور و 1 کورسیش بۆ ئەرمەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:25 0:00

XS
SM
MD
LG