دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2023 تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ڕێنماییەکە "مەترسی نەبوو" لەسەر کاری ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "خوێندنەوەی وردی بۆ نەکرا."
شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری دەرچوونی ڕێنماییەکە پەیوەندی بە پێشکەوتنی خێرای میدیاوە هەبوو. ئێمە ڕێنمایی ژمارەی 1ی ساڵی 2014 مان هەبووکە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستا نە دەگونجا، بۆیە بەپشتبەستن بە ڕێنماییەکانی ڕابردو و یاساکان ڕێنمای ژمارەی 1 ی ساڵی 2023ی تایبەت بەکاری میدیایمان لە هەرێمی کوردستان دەرکر."
ئەو بەڕێوەبەرە گشتیە وتیشی، " ئەو ڕێنمایە پەیوەندی بە ئازادی ڕۆژنامەگەریەوە نەبوو. بەگشتی لە ڕێنماییەکە گەورەترین سزا ئەوە بوو دەزگای میدیایی دوای دووجار ئاگادارکردنەوە لە پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکەوە، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە پەخشی ناوخۆیی ڕادەگیرا. ئەگەر کەناڵێک ڕادیۆیەک مۆڵەتی نەبوایە ئاڕاستەی دادگا دەکرا. مامەڵەکان لەگەڵ شاشە و دەنگی بیستراوبوو. ئەوانەی قسەیان لەسەر ڕێنمایەکە کرد زۆر بە باشی نەیانخوێندبوویەوە. لە ڕێنمای ڕابردوو کە ئێستا جێ بەجێ دەکرێت وەزیری ڕۆشنبیری بۆی هەیە کەناڵ دابخات ".
وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕۆژی 22ی 5ی 2023 رێنمایی ژماره 1ی ساڵی 2023 بڵاکردەوە بۆكاری میدیایی لهههرێمی كوردستان و لە 17 ماددە پێکهاتبوو.
مادەی 12ی رێنماییەکان تایبەت بوو بە "قەدەخەکراوەکان" کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی دەگرتەوە و چەند دەستەواژەیەکی تێدابوو کە بە بڕوای چاودێران ناڕوون بوون وەکو "پەنابردن بۆ ناوزڕاندن و جنێودان و بێزاركردن."
ڕێنماییەکان ڕەخنەی توندی چەندین ڕێکخراوی چاودێری ڕۆژنامەنووسییان لێکەوتەوە. ڕەخنەگران ئەوکات دەیانگوت ئەم ڕێنماییانە سەرەڕای بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی یاساری ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان.
نوسراوێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 17ی 1ی 2024 ئاماژە دەکات بە دەرکردنی بەیانی ژمارە 1ی ساڵی 2024 بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەکان. هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەکان ڕۆژی 15ی ئەم مانگە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە
وەرگرتنی مۆڵەت و نوێکردنەوەی مۆڵەت و سزا و چاودێری کردنی پەیامەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەشێک بوون لە سەرنجی ڕۆژنامەوانان، کە پێیان وابوو ژمارەیەک ڕێکاری سزایی و دارایی لە ڕێنمایەکەدا چەسپێنرابوون کە لەگەڵ یاسای کاری ڕۆژنامەوانی نەدەگونجان.
بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم دەڵێن، ڕێنماییەکە خوێندنەوەی وردی بۆنەکراو و بەراورد بە ڕێنمایی ژمارە1ی ساڵی 2014 ئاسانکاری زیاتری بۆ دەزگاکان کردبوو کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت.
شێروان عەوڵا خورشید بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێستا ئەگەر کەسێک بیەوێت دەزگایەکی میدیای دابنێت، ئێمە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی دەکەین. زۆرجار وەزارەتی ناوخۆ وەڵام ناداتەوە، بەو هۆیەوە ئێمە ناتوانین مۆڵەت بدەین. بەڵام لە ڕێنماییە نوێیەکە 90 ڕۆژمان دانابوو بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەگەر لەو ماوەیەدا وەڵامیان نەدابایەوە ئەوا ئێمە مۆڵەتمان پێدەدا. ئێمە فریا نەکەوتین ڕێنماییەکە وەربگێڕینە سەر هەردو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی، کونسوڵگەریەکانیش ڕووبەڕوو لەگەڵمان کۆنەبوونەوە."
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان پاڵپشتی لە هەڵوەشاندەوەکە دەکات.
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەو ڕێنماییە بڕوات و نەگەڕێتەوە، چونکە زۆر خراپ و پڕبوو لە لیستی قەدەغەکردن و خۆی کردبوو بە پەرلەمان و یاسایەکی دیکەی لەبری یاسای کاری ڕۆژنامەوانی دانابوو."
ڕەحمان غەریب وتیشی، " ئێمە سەرنجمان لەسەر ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014ش هەبووە، چاودێری هەڵوەشاندنەی ڕێنماییەکەش دەکەین. مۆڵەت بە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە وەزارەتی ڕۆشنبیری نادرێت، ئەو کەناڵە تازانەش هەن ئێستا هیچیان مۆڵەتیان نیە. ئێستا مۆڵەت بە دەست دەزگای ئەمنیەوەیە نەک وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئێمە ئەوکاتەی ڕێنماییەکەمان بینی کە بڵاو بویەوە و شۆک بوین."
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا و بەریتانیا لە هەولێر لە دوو پەیامی جیادا، جێبەجێکردنی ڕێنمایی ژمارە1 ی ساڵی 2023 یان بەدەرفەتێک بۆ قورسترکردنی کارەکانی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن ناوبردووە و پێشوازیان لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەکە کرد.
بەپێ ئامارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 کەناڵی بینراو و بیستراو تۆمارکراون. وەزارەتەکە تا ئێستا دامەزراوە و کەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیای لای خۆی تۆمار نەکردوون.