Accessibility links

چاودێران: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق کێشەی مووچەخۆران چارەسەرناکەن و حکومەتی هەرێم لاوازدەکەن


هەندێک لە پسپۆڕانی یاسایی و ئابووری پێیانوایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی جێبەجێکردندا لەمپەری زۆریان لەبەردەم دروست دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان ژمارەی پێویست بانکی تێدا نییە. هەروەها دەڵێن مەترسی هەیە بڕیارەکانی ئەم دواییە ببنە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی حکومەتی هەرێم و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

جیهانگیر گوڵپی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری دارایی و ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی بانکەوە گرفتی بۆ دروستدەبێت چونکە جگە لە نەبوونی بانکی پێویست، هەرێم خاوەنی هەزار بۆ هەزار و 100 فەرمانگەیە کە دەبێت مانگانە لیستەکانیان ببەن بۆ فەرمانگەکانی وردبینی سەر بە ناوەن، ئەمە کێشە دروستدەکات."

دەشڵێت، "دەبێت حکومەتی ناوەندی 500 تا 1000 ژمێریاری کوردی بە ئەزموون ئامادەبکات، تا وردبینی بۆ لیستەکان بکەن. ئینجا مووچە مینحەیەکی دیاریکراوی نییە تا یەکجار دیاری بکرێت و بە حساب بانکی دابەش بکرێت. موچەی موچەخۆران لیستێکی گۆڕاوە و لەکاتی گۆڕانکاری یاسایی و ئیداریدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت."

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یەکلایی کردەوە و یەکێک لە سکاڵاکان پەیوەندیداربوو بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن سێ هاوڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکرابوو.

دادگای فیدراڵی عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری دارایی کە گرنگترینیان بریتیبوون لە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق و پابەنکردنی حکومەتی عێراق بە دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵیداوە مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانی هەرێمەوە ژمارەی بانکی دروستبکەن و بچنە ناو پرۆژەی "هەژماری من."

چاودێران دەڵێن ئەم بڕیارەی عێراق مەترسی بۆ سەر پێگەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکات و شیانی هەیە ببێتە هۆی بچوککردنەوەی حکومەتی هەرێم.

جیهانگیر گوڵپی
جیهانگیر گوڵپی

جیهانگیر گوڵپی لەمبارەوە دەڵێت، "حکومەتی هەرێم یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر و نزیکەی هەزار بۆ هەزار و 100 فەرمانگەی هەیە کە یەکەی ژمێریاری سەربەخۆیان هەیە، لە کاتێکدا بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئیشوکاری زۆربەی فەرمانگەکان گرێدەدرێت بە حکومەتی عێراقەوە، ئەوکات حکومەتی هەرێم دەسەڵاتەکانی تەواو کەمدەکرێتەوە."

ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی پێیوایە ململانێی سیاسی ناوخۆیی وایکردووە هەندێک خەڵک دڵخۆشبن بە دابەشکردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە، لەکاتێکدا بڕیارەکانی دادگا گرفتی زۆریان بۆ هەرێم لێدەکەوێتەوە. دەڵێت، "ئەوانەی پێیانوایە عێراق کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەکات، خوێندنەوەیان لاوازە بۆ ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق."

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق تەنها لێکەوتەی کارگێڕییان بۆ هەرێم نابێت، بەڵکو خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕیارەکان دەکرێت و بەشێک لە چاودێران پێیانوایە بڕیارەکان سیاسین نەک یاسایی، بەو پێیەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە نەک عێراق.

دکتۆر خامۆش عومەر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بڕیارەکانی دادگا بەشێک لە دەسەڵاتەکانی لە هەرێم وەرگرتەوە، بەو پێیەی دادگای فیدراڵی ئەرکی شیکردنەوەی هەیە بۆ دەقە دەستورییەکان و بڕیارەکانی دادگا یەکلایی کەرەوەن و قابیلی تانە لێدانیش نین."

د.خامۆش عومەر عەبدوڵا پسپۆڕی یاسای دەستوری
د.خامۆش عومەر عەبدوڵا پسپۆڕی یاسای دەستوری

ئەو دەڵێت، "لای ئێمەی یاسایی ڕووننییە دادگا لەسەر چ بنەمایەکی دەستوری بڕیارەکانی داوە. بڕیارەکە ناڕوونی تێدایە و ناوەڕۆکەکەی نادیارە."

دوێنێ، 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بە پێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بەخۆی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامی کوردی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامادەنەبوو لەسەر ئەو پرسە زانیاری زیاتر بدات و تەنها ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا گوت ،"وەزیری دارایی پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی موچەی موچەخۆران دەربڕی."

بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆرە، وە بەشێکی زۆریان خاوەنی هەژماری بانکی نین. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو بانکانەی سەربە عێراقن، جگە لە بانکی بازرگانی، هیچ لقێکیان لەهەرێمی کوردستان نییە.

جیهانگیر گوڵپی بە دووری دەبینێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی چارەسەری کێشەی موچەخۆران بکەن، بەو پێیەی بڕیارەکان "لە ئاشنابوون بە کێشەکانەوە سەرچاوەیان نەگرتووە" و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان ناکەن. دەڵێت، "خۆ حکومەتی عێراق پارەی نەناردووە و هەرێم دابەشی نەکات، تا خۆی ڕاستەوخۆ موچە بدات. دەبێت هێز و لایەنەکان یەکدەنگ بن و ڕێگە نەدەن هەوڵی لاوازکردنی هەرێم بدرێت."

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG