Accessibility links

کاسبکارێکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی پۆلیس دەکوژرێت


لە درێژەی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانانی سنوور و پۆلیسی ئێران بۆ سەر کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، کاسبکارێکی خەڵکی سەردەشت لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەکەوێتە بەر تەقەی ئەو هێزانە و گیانلەدەست دەدات.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا لەمبارەیەوە بڵاویکردوەتەوە هێزەکانی پۆلیسی ئێران ڕۆژی سێشەممە 27ی مانگی دوو لە گوندێکی سەر بە شاری سەردەشت تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و لە ئەنجامدا کاسبکارێکی کورد بە ناوی کاوان ئەمجەدینیا کوژراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی پۆلیس لە بازگەی گوندی "ساوان"ی سەردەشت دەکەونە شوێن ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە و داوای وەستانی دەکەن، بەڵام کاسبکارەکە ئۆتۆمبێلەکەی ڕاناگرێت و هێزەکان تەقەی لێدەکەن و لە ئەنجامی تەقەکردنەکەشدا، فیشەکێک بەر سەری ئەو کاسبکارە کوردە کەوتووە و دەستبەجێ گیانیلەدەست داوە و ئۆتۆمبێلەکەشی وەرگەڕاوە.

چەند شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیان ڕاگەیاندووە تەقەکردنی هێزەکانی ئێران لە ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە کوردە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو هیچ کەلوپەلێکی بیانی و قاچاخی پێنەبووە.

کاوان ئەمجەدینیا، باوکی 3 منداڵە و خەڵکی گوندی 'گۆڕە شێر' و دانیشتووی شارۆچکەی میرئاوای شاری سەردەشتە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی دوای کوژرانی ئەو کاسبکارە کوردە و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لە ڕووداوەکە، کاروانێکی هێزی سەربازی ئێران ڕەوانەی شوێنی کوشتنەکەی کراوە و لە ناوچەکە جێگیر بوون.

XS
SM
MD
LG