Accessibility links

ڕووسیا هەناردەکردنی بەنزین بۆ ماوەی شەش مانگ ڕادەگرێت


ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە فەرمانیدا هەناردەکردنی بەنزین لە 1 ی مانگی 3وە بۆ ماوەی شەش مانگ قەدەغە بکات بۆ ئەوەی نرخەکان جێگیر بمێننەوە، لەم دەمەی خواستی بەکاربەران و جوتیاران لەسەر بەکارهێنانی بەنزین زیادیکردووە، هەروەها تا ڕێگە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پاڵاوتگەکان بدرێت لە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا.

ئەو قەدەغەکردنە، کە یەکەم جار لەلایەن کۆمپانیای ئاڕ بی سی (RBC) ی ڕووسیاوە ڕاگەیەندرا، لەلایەن وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک، بەرپرسی دەستنیشانکراو بۆ کەرتی وزەی ڕووسیا پشتڕاستکرایەوە.

ئاڕ بی سی لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراو ڕایگەیاند سەرۆک وەزیران میخائیل میشوستین قەدەغەکردنەکەی پەسەند کردووە دوای ئەوەی نۆڤاک لە نامەیەکدا لە 21 ی مانگی دوودا پێشنیاری کردووە. سەرچاوەیەکی دیکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند بڕیارەکە دراوە بەڵام هێشتا دەرنەکراوە.

نۆڤاک لە پێشنیارەکەیدا لەلایەن RBC وتی "بۆ ئەوەی خواستی زیاد لە پێویست بۆ بەرهەمە نەوتییەکان کەم بکرێتەوە، پێویستە ڕێوشوێن بگرینەبەر بۆ یارمەتیدان لە جێگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆدا".

نرخی بەنزینی ناوخۆیی بابەتێکی هەستیارە بۆ شۆفێران و جوتیاران لە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گەنم لە جیهاندا بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە لە 15 بۆ 17 ی مانگی سێدا ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا هەندێک لە پاڵاوتگەکانی ڕووسیا لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕووسیا و ئۆکرانیا ژێرخانی وزەی یەکتریان کردووەتە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ تێکدانی هێڵەکانی دابینکردن و لۆجستی لەو شەڕەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهێنانی لە ئارادا نییە.

هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و گاز گەورەترین هەناردەی ڕووسیایە، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی دراوی بیانییە بۆ ئابووری وڵاتەکە کە دەگاتە 1.9 ترلیۆن دۆلار، هەروەها دڵنیایی دەدات کە مۆسکۆ شوێنێکی هەیە لە لوتکەی سیاسەتی وزەی جیهانیدا.

کرێملن لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە، گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا کاردەکات بۆ ئەوەی نرخەکان بە بەرزی بهێڵنەوە وەک بەشێک لە ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس کە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانە سەرەکییەکانیشی تێدایە.

ڕووسیا لە چارەکی یەکەمدا هەناردەکردنی نەوت و سووتەمەنی بە ڕێژەی 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم دەکاتەوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئۆپیک پڵەس بۆ پشتگیریکردنی نرخەکان.

ڕووسیا لە ساڵی 2023دا 43.9 ملیۆن تۆن بەنزینی بەرهەمهێناوە و نزیکەی 5.76 ملیۆن تۆنی هەناردە کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 13٪ی بەرهەمهێنانی. گەورەترین هاوردەکارانی گازۆلینی ڕووسی بە زۆری بریتین لە ناوچە ئەفریکاییەکان، لەوانە نایجیریا، لیبیا، تونس و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.

ساڵی ڕابردوو ڕووسیا هەناردەکردنی بەنزینی قەدەغە کرد لە نێوان مانگی نۆ و یازدەدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەرزی نرخی ناوخۆیی و کەمی بەنزین.

ئەمجارە قەدەغەکردنەکە درێژ نابێتەوە بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئابووری ئەوروپا و ئاسیادا و مەنگۆلیا و ئوزبەکستان و دوو ناوچەی جیابوونەوەی جۆرجیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانی دەکرێن ، ئەوانیش ئۆسێتیای باشوور و ئەبخازیا.

نرخی نەوت لە ڕووسیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەرزبووەتەوە ، لە26ی مانگی دوودا، نرخی بەنزین لە بۆرسەی نێودەوڵەتی بازرگانی سانت پیتەرسبێرگ (SPIMEX) نرخی بەنزین بە ڕێژەی 22٪ بەرزبووەتەوە.

نرخی بەنزین لە ڕووسیا نزیکەی 62 سێنتی ئەمەریکاییە بۆ هەر لیترێک، بە بەراورد بە زیاتر لە 2.05 دۆلار لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG