بە ڕای چاودێران و ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاوکراونەتەوە بارودۆخی ئابوری و بژێوی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆر خراپ بووە، هاوکات دواکەوتنی موچە و لێبڕینی موچە بژێوی ژیانی مامۆستایانی خراپتر کرد. بەهۆی ئەو بارودۆخەوە ماوەی زیاد لە 5 مانگە دەرگای قوتابخانەکان داخران، بەڵام بەهۆی فشار و خۆپیشاندانەکان و پێشکەشکردنی داوای یاسایی بۆ دادگای باڵای حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بڕیاردرا موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بگاتە دەستی مامۆستایان و فەرمانبەران. لە ئێستاشدا دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە و مامۆستایان بە ئومێدەوە گەڕاونەتەوە بۆ قوتابخانەکان.
سەبارەت بەم پرسە و بارودۆخی مامۆستایان و فشارەکانیان لە بابەتی ڕۆژ گفتۆگۆیەکی تایبەت لەگەڵ مامۆستا و ئەندامی دەستەی ناڕەزایی مامۆستایان مامۆستا زانا ڕاغب عەبدوڵا سازکراوە.
مامۆستا زانا دەڵێت "ئەگەر پاشەکەوتی موچە بگەڕێتەوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران هەموو کەسێک دەتوانێت خانوویەک بکرێت."
سەبارەت بە دەنگەوە نەهاتنی کاربەدەستان و وەزیر و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ داواکارییەکانی مامۆستایان کە ماوەی زیاتر لە 5 مانگ لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی و هەندێک لە شارۆچکەکانی دیکە ناڕەزاییان دەربڕی؛ مامۆستا زانا دەڵێت "هیچکام لە حیزبەکان و لە پەرلەمانی کوردستان و لەلایەنەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جارێکیش بە دڵەوە گوێیان لە ئیمە نەگرت."
هەروەها دەشڵێت "نزیکەی 5 مانگی ڕێک لەسەر شەقامەکان بووین و هاوارمان دەکرد، کەسێک نەهات گوێمان لێبگرێت، ناچار هەزاران واژۆمان کۆکردەوە و پەنامان برد بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و دادگای باڵای عێراق."
سەبارەت بەوەی ئایا داهاتی حکومەتی هەرێم کەمیکردووە یان نا، لەبەرئەوەی لە زوربەی لێدوانەکانی کاربەدەستان و سەرۆکی حکومەتدا باس لەوە دەکرێت کە بەهۆی ڕاگرتنی هەنارەدەکردنی نەوت و کەمی بودجەی هەرێم کە لە بەغداوە دێت بارودۆخی ئابوری خراپە و ناتوانن لەکاتی خۆیدا موچەی هاوڵاتیان بدەن، مامۆستا زانا ڕایەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت "داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ کەمی نەکردووە، باج لە جاران زیاترە، گومرگەکان و سنورەکان و نەوت فرۆشتن و بودجەیان هەیە لەعێراق."
مامۆستا زانا باس لە گرفتە بنەڕەتییەکەی حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت "گرفتی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمدا پاکتاوکردنی لیستی موچەیە، لەبەرئەوەی لە لیستی موچەی هەرێمدا لەشکرێک خەڵکی بندیوار هەیە."
هاوکات دەشڵێت "ئیمە کۆڵنادەیەن تا ئەوڕۆژەی مافەکانمان بەدەستدەهێنین." و "نزیکەی 10 ساڵە بارودۆخی مامۆستایان خراپە، هیچ مامۆستایەک نەیتوانیەوە بەدڵی خۆی بژی."
سەبارەت بە پلە بەرزنەکردنەوەی مامۆستایان مامۆستا زانا زانیارییەکی گرنگ دەخاتەڕوو دەڵێت "تەنها پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم چەند ساڵە ڕاگیراوە، لەهیچ شارێکی دیکەی عێراقدا پلە بەرزکردنەوە ڕانەگیراوە."
هاوکات دەشڵێت "38 موچەی مانگانەی ساڵەکانی ڕابردومان فەوتاوە."
بەرئەنجامی ناڕەزاییەکانی مامۆستایان کە دادگای باڵای حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لە بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەران بڕیاریدا ئیتر موچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دێت و لەڕێی بانکێکی عێراقیەوە ڕادەستی موچەخۆران دەکرێت، بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگای باڵا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئایا حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێدەکات و لیستی ڕاستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت بۆ بەغدا یان نا؟
لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی گفتوگۆکەی دەنگی ئەمریکا ببن لەگەڵ ئەندامی دەستەی ناڕەزایی مامۆستایان مامۆستا زانا ڕاغب عەبدوڵا.