ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 29ی مانگی 2، کەسێک لە بەرامبەر چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی کوژرا، بە پێی زانیاریەکان ئەو کەسە پزیشكە و پێشتر ئەندامی (HDP) بووە لە تورکیا و بە هۆی کێشەی سیاسیەوە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێى زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکەوە کە بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە، کەسەکە ناوی "عەبدولقادر سەبری تۆپراقە" و تەمەنی نزیکەی 45 ساڵ دەبێت و خەڵکی شاری بەدلیسە و بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ساڵانێکە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و باوکى سێ منداڵە.
کەسە کوژراوەکە کە پزیشکە، پێشتر ئەندامی هەدەپە بووە لە تورکیا، چەند ساڵێکە هاتۆتە هەرێم و لە نەخۆشخانەیەکی نا حکومی لە سلێمانی کاری کردووە.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە، بەرپرسێک لە دەزگاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەین"، بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر دۆسیەکە نەدا.
ئەمە یەکەم جار نییە کەسانی سیاسی کوردی تورکیا و ئێران و سوریا لە هەرێمی کوردستانی عێراق بکوژرێن، دواین دوسێی لە مانگی یەکی 2024 بوو لە شاری کەرکوک تەقە لە ژنێک کراو کوژرا.
فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک لە دەمی ئەو دۆسێیەدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو ژنەی لەلایەن ماتۆڕسکیل سوارێکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە خەڵکی سوریایە و ماوەیەکە هاتووەتە کەرکوک بۆ "ئیشوکاری ژنان". سەرچاوەیەکی تەڤگەری ئازادیش وتی ژنەکە ئەندامبووە لای ئەوان و گوماندەکەن تەقەکەرەکان پەیوەندییان بە تورکیاوە هەبێت.
هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ کەسو لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر ئەو دکتۆرەی ئەمڕۆ لە سلێمانی تەقی لێکراوە و کوژرا، نەگرتووەتە ئەستۆ.