وێڕای ئازادبوونیان لە زیندان، جارێکی تر زیندانیانی ئازادکراوی بادینان مەترسی دەستگیرکردنەوەیان لەسەرە، بەو پێیەی ژمارەیەک لەو ئازادکراوانە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆسیەی جیاوازیان لە دژ کراوەتەوە.
ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" چەند ڕۆژێکە دادگاکانی پارتی لە دهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵایان لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکردووە."
وتیشی،" ئێمەش بە ھاوبەشی لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فدڕالی بەغداد و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرینە بەر و بێدەنگ نابین."
ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆسیەی نوێیان لە دژ کراوەتەوە و بانگهێشتی دادگا کراون سەرجەمیان پێشتر دەستگیرکراون و ناسراون بە زیندانیانی بادینان کە، ژمارەیان 5 کەسە و پێکهاتوون لە هەریەکە لە، ئومێد بەرۆشکی، مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و دکتۆر عامر مزوری.
دۆسیەی هەر پێنج کەسەکەش بەم جۆرەیە:
ئومێد بەرۆشکی، لە (18/8/2020) بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیرکراو و 6 سکاڵای جیاوازی لەسەر بوو، دواتر لە 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام لە دوای ئازاد کردنی جارێک ڕاگیراوە و دوو جاری تریش بە ماوەی کورت دەستگیرکراوە، دواتر بە کەفالەتی پارە ئازاد کراوە.
هەریەکە لە مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم لە (22/10/2020) بە هەمان تۆمەتی ئومێد بەرۆشکی (تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی) دەستگیرکران و لە ڕۆژی (16/3/2023) ئازاد کران.
دکتۆر عامر مزوری، لە (8/9/2020) لەگەڵ کۆمەڵێکی تر کە سەرجەمیان 11 کەس بوون بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران، بەڵام دوای مانەوەی بۆ ماوەی ساڵێک و سێ مانگ لە ئاسایش، تاکە کەس بوو سزای بەسەردا نەسەپێندراو ئازادکرا، بێ ئەوەی قەرەبووی ئەو ماوە بکرێتەوە کە ؛لە ئاسایش ڕاگیرابوو.
لە ئێستاشدا، هەر پێنج ئازادکراوەکەی بادینان، جارێکی تر دۆسیەی جیاوازیان لە دژکراوەتەوە و بانگهێشتی دادگای دهۆک کراون کە دۆسیەکانیان بەم جۆرەیە:
- ئومێد بەرۆشکی، بە پێی ماددەی 2 ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە یاسای ژمارە 6 ی 2008، ڕۆژی 22ی 2ی 2024، بۆ ماوەی 10 کاتژمێر دەستگیرکرا.
- هەریەکە لە مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم، بە پێی ماددەی 252 ی شایەتی درۆ لەسەر بەرگریکردن لە شێروان شێروانی ئەو کاتەی لە زیندان بوون، ڕۆژی 28ی مانگی 2 بانگهێشتی دادگا کراون، دواتر هەر یەکە لە مەلا شڤان و هەریوان بە کەفالەتی سێ ملیۆن ئازاد کراون، هەرچی ئەیاز کەرەمە ئامادەی بەردەم دادوەر نەبووە، بەهۆی ئەوەی لە دوای ئازادبوونیەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
- دکتۆر عامر مزوری بەپێ ماددەی 1ی یاسای ژمارەی 21 ی تێکدانی ئاسایشی نشتیمانی ھەمواری ساڵی 2003، هەشت ڕۆژ پێش ئێستا بانگهێشتی دادگا کراوە، بەڵام بە کەفالەت ئازاد کراوە.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد، بە دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
بەڵام پێشتر لە سەر دۆسیەی ئەم گیراوانە، حکومەتی هەرێم تۆمەتباری کردبوون بە "جاسووسی" کردن و "مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی".
شەش ڕۆژ پێش دادگاییکردنی زیندانیانی بادینان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "کە ئەو دەستگیرکراوانە ڕۆژنامەنووس نین و جاسوسن." هاوکات ڕایگەیاند،" ئەوانە پلانی کاری تێکدەرانەو تەقینەوەیان بۆ کەسانی دیار و دیپلۆماتکارەکان داناوە."
لەسەر ئاستی حزبیش، "دۆسیەکە پەیوەست نییە، بە حزب و دادوەر و دادگاکانی هەرێم دەتوانن بریار لە دۆسیەی زیندانیانی بادینانەوە بدەن."
تۆمەتباران لە ئێستادا وەکالەتیان بۆ پارێزەرەکەیان کردۆتەوە و چاوەڕێی دادگاییکردنن.
ڕەمەزان عەلی، پارێزەری گیراوانی بادینان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من دۆسیەی تۆمەتبارانم گرتۆتە ئەستۆ، هەوڵ دەدەم کاری لەسەر بکەم بەو ئامانجەی دۆسیەکانیان لەسەر ساغ نەبێتەوە و بەتەواوی دابخرێت."
وتیشی،" من قەناعەتم بە دۆسیەکە نییە، بەڵام ئێستا ناتوانم بڵێم ئا یاخود نا، بەڵام هەوڵ دەدەم بە تەواوی دۆسیەکان کۆتایی پێبهێنم و دایان بخەم."