Accessibility links

محەمەد شیاع سودانی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە ڕێکخستنی پێکهاتەکانی کەرکوک


هێشتا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە نزیککردنەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، بەو پێیەی کورد وعەرەب و تورکمان هەرسێکیان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن.

جەنگی عزەدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیستە براوەکانی کەرکوک پرۆژەی خۆیان داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ تورکمان داوا دەکات پۆستی پارێزگار هەر 16 مانگ جارێک لای پێکهاتەیەک بێت، لەکاتێکدا عەرەب داوادەکات پۆستەکە دوو ساڵ لای کورد و دوو ساڵ لای عەرەب بێت، بەڵام کورد سازشی لەسەر پۆستەکە نەکردووە."

دوێنێ 3ی مانگی 3ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەکان لە پێناو گفتووگۆکردن لەسەر کارنامەکانیان تا لەماوەی دوو هەفتەدا لەسەر کارنامەیەک ڕێکبکەون.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەرەبی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بڕیارە تا دوو هەفتەی تر سەرۆکوەزیران کارنامەی پێکهاتەکانی کەرکوک یەکبخات و بەردەوامی بە دانوستانەکان بدرێت. سودانی هەوڵ دەدات لایەنەکان دەست لەهەندێک لە داواکارییەکانیان هەڵبگرن و ڕێکیانبخات."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسیەکەی ئەنجومەنەی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

بڕیاربوو لە ڕۆژی 5ی مانگی 2ی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.

ئیسماعیل حەدیدی ڕەتیکردەوە عەرەب ڕازیبووبێت بەوەی پۆستی پارێزگار دوو ساڵ لای کورد و دوو ساڵ لای عەرەب بێت و پێشنیارەکەی بە وتەی ناو خەڵک ناوبرد.

ئەو دەڵێت، "عەرەب سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک."

هاتنەسەرهێڵی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەکاتێکدایە، دانوستانەکان ڕوویان لە چەقبەستوویی کردبوو بەهۆی پێداگیری هەرسێ پێکهاتەکە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی

ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا یەکێتی و پارتیش لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پارێزگاری کەرکوک ڕێکنەکەوتوون لەحاڵەتی پێدانی پۆستەکەدا بەکورد.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی داوادەکات کەسێکی بێ لایەن بکرێتە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام یەکێتی دەیەوێت جارێ چارەنووسی پۆستەکە یەکلایی بکرێتەوە پاشان لەگەڵ پارتی قسەی لەبارەوە بکات."

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی مانگی 3ی 2024، یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی ئۆرگانە حزبییەکانی کەرکوکیان کۆبوونەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕایگەیاند، "هەوڵدەدەین لەگەڵ یەکێتی پێکەوە کاربکەین و کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار بدۆزینەوە لای هەموو خەڵکی کەرکوک قەبوڵکراو بێت، تا خزمەتی شارەکە و پێکهاتەی کوردیش بکات."

ئەو پۆستانەی پێکهاتەکانی کەرکوک بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی گفتووگۆی لەبارەوە دەکەن بریتین لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و یاریدەدەرەکانیان، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانی و پۆستی قایمقامی ناوەندی کەرکوک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:12 0:00

XS
SM
MD
LG