ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە ڕایدەگەیەنێت، نیکی هێلی لە کێبڕکێی کۆمارییەکان بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی سەرۆکایەتی پارتەکە دەکشێتەوە. ئەم بڕیارەش جارێکی تر بوونی دانۆڵد ترامپ بە کاندیدی سەرەکی کۆماری بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی 11 مسۆگەر دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت هێلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناوچەی چارلستن لە کارۆلینای باشوور لە نزیکەی کاتژمێر دەی بەیانی بە کاتی ناوەندی ئەمەریکا وتارێکی کورت پێشکەش بکات.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە چاوەڕوان ناکرێت ڕۆژی چوارشەممە هێلی پشتگیری خۆی بۆ ترامپ ڕابگەیەنێت بەڵام هانی ترامپ دەدات پشتگیری دەنگدەرانی کۆماری و سەربەخۆ بەدەستبهێنێت کە دەنگیان پێداوە.
هێلی دوایین ڕکابەری ترامپ بوو کە لە پێشبڕکێی کۆمارییەکاندا مابووەوە.
ترامپ لە سێشەممەی تایبەتدا دەنگی کۆمارییەکانی لە 14 لە کۆی 15 ویلایەتدا بەدەستهێنا - لەنێویاندا کالیفۆرنیا و تەکساس کە دەوڵەمەندن بە نوێنەران ئەمەش وای کرد هێلی تەنها لە ڤێرمۆنت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز