وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێز و لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، دەبێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکانیان کۆنگرەیان ئەنجام دابێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مەرجی بەشداریکردنی هەر حزب و لایەنێک لە هەڵبژاردن ئەنجامدانی کۆنگرەی ناوخۆیی حزبەکەیە بە پێی پەیڕەوە ناوخۆییەکەی."
ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 دیاری کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت.
جومانە غەلای دەڵێت، "کۆمیسیۆن لیژنەیەکی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێناوە، کاری لیژنەکە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و دانانی پلانی هونەری و کرداری دەبێت بۆ هەڵبژاردن."
ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجهەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی و شێوازی هەڵبژاردنیشی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕی.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونیکردەوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر نزیکەی 600 هەزار کارتی بایۆمەترییان ڕادەستی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێم کردووە، لەو 600 هەزار کارتە تا ئێستا نزیکەی 10 هەزار کارت دابەشکراون، بەڵام 590 هەزار کارتەکەی دیکە لەلایەن هاوڵاتییانەوە وەرنەگیراونەتەوە. دەشڵێت،"لە هەولێر 806 کارت، دهۆک 2838 کارت و لە سلێمانی 7166 کارت دابەشکراون."
دەشڵێت،"لە ڕۆژی 1 ی مانگی 2 ەوەوە، خۆ تۆمارکردنی بایۆمەتری دەستیپێکردووەتەوە، تا ئێستا 109 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە."
بەپێی وتەی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ڕۆژی 10 ی مانگی 3 ی 2024 پرۆسەی ناوتۆمارکردن بەردەوام دەبێت، هاوڵاتییان دەتوانن ناوەکانیان تۆمار بکەن، دواتر کارتەکانیان چاپ دەکرێت و تا ڕۆژی هەڵبژاردن دەتوانن وەریبگرنەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 23 ی مانگی 12 ی 2019، تەمەنی یاسایی بەسەرچووەو لەکاتی کارابوونی پەرلەمانی کوردستاندا، ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ڕێگربوو لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەکە.
بڕیارەکەی ڕۆژی 30 ی مانگی 5 ی 2023 ی دادگای فیدراڵی عێراق، کە درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، یەکێکیتربوو لە ڕێگرییەکانی بەردەم کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، بۆیە ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سپێردرایە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق.
لە لێدوانێکی پێشووتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێروان زرار وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،" هیچ هەماهەنگییەک لە نێوان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و هەرێم دا نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."