وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند گەر کۆتاش نەمێنێت ئەوە پێکهاتەی تورکمان بە دڵنیاییەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکا و پشتیوانی لە یەکڕیزی و یەکبوونی لایەنە سیاسیە تورکمانەکانیش کرد بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.
رۆژی21 ی مانگی 2ی 2024 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە نادەستوریبوونی کورسی کۆتاکان، بڕیاریدا کە کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەیەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان بە "تێکدانی پێکەوە ژیان" لە کوردستان لە قەڵەمدا.
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دەڵێت،" کۆتاکان لە پەرلەمان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان نەبوون و لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی کاریان دەکرد، بۆیە سکاڵایان لەسەر کورسی کۆتا هەبوو."
ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ 9ی مانگی 3ی 2024 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی،" بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە دەرەوەی یاسادایە و دژی سیستەمی کۆتا و دژی مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیانی نەتەوەکان بوو، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نەبوو بۆیە ئێمە بڕیارە ڕەتدەکەینەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوو بە فەرمانێک بڕیاریدا ڕۆژی 10ی مانگی 6ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەندکرد بۆ ئامادەکاریکردن بۆ پرۆسەکە.
کارگێرێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەندەی نوێنەری پێکهاتەکان بەرپرسن لەوەی کە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی کوردستاندا نەما لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە هیچ کەسی تر بەرپرسیار نیە، لەبەر ئەوەی ئەو نوێنەرانەی پێشوو لە پەرلەماندا بە ڕاستی نەیاندەتوانی نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان بن.
عوسمان کاروانی کارگێری ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو نوێنەرانەی پێشوو نوێنەرایەتی هێزێکی دیاریکراوی سیاسیان دەکرد لە کوردستاندا و گەر نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بوونایە ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو سکاڵایەیان لەسەر تۆمار نەدەکرا."
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەدا دابەش دەکرێت، بازنەکانیش بە پێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دیاریدەکرێن، ئەو 100 کورسیەی کە دادگای باڵای فیدراڵ بڕیاری لەسەردا بەم شێوەیە دەبێت، هەولێر 34 کورسی و سلێمانی 38 کورسی و دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی.
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق وتیشی،" ڕاستە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ تانەی لێنادرێت و کۆتایی وەرگرتووە، چونکە بڕیارەکە تەواو سیاسیە و بە مەبەستی سیاسی بڕیاری لەسەر داوە، بۆیە دەمانەوێت بە هەمانشێوە بە ڕێگای سیاسی چارەسەری کۆتا بکرێت، چونکە غەدرە و هەڵەیەکی مێژووی گەورەبوو و زیاتر بە مەبەستی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."
لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرەکان تەنها دەتوانن لە سنوری پارێزگاکانی خۆیانەوە بچنە پەرلەمان.
عوسمان کاروانی ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،"سەبارەت بە هەڵبژاردنەکە بەم فرە بازنەی کە ئێستا هەیە لە هەرێمی کوردستاندا عەدالەتی زیاتری تێدایە، چونکە ئێستا نوێنەری ڕاستەقینەی پارێزگاکە دیارە کە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک نوێنەرایەتی دەکات، ئەوەش ڕێگریەکی دیکەی دروستکردووە لە پێش هەردوو حزبی حکومڕان لەوەی کەس نەتوانێت لە دەرەوەی پارێزگاکەی خۆیی سەربکەوێت بۆ پەرلەمان."