Accessibility links

وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری: ئەمڕۆ ڕۆژی پۆشاکی نەتەوەییە ناوهێنانی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی پۆشاکی کوردی نا تەندروستە


وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە پێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ ڕۆژی پۆشاکی نەتەوەییە، ناوهێنانی ئەو ڕۆژە تەنها وەک ڕۆژی پۆشاکی کوردی نا تەندروستە، چونکە لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پێکهاتە هەن کە مومارەسەی کەلتور و زمانی خۆیان دەکەن، ئەوەش یەکێکە لە کارە درەوشاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کەلتوری ئێمەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێنمایی تایبەتی بۆ دەرکردووە، لە هێڵە ستراتیژیەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا ڕەنگی داوەتەوە بۆ هەر یەکێک لەوانە بۆنە و چالاکی تایبەت بەڕێوە دەبات، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە بەرنامەی کاری خۆیدا لە ڕۆژە دیاریکراوەکاندا، چالاکی هەیە."

وتیشی،" بە پێی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ ڕۆژی پۆشاکی میللیە، نەک هەر ڕۆژی پۆشاکی کوردی، چونکە ئێمە دەزانین لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پێکهاتە هەن، لەوانە کریستیان و تورکومان و ئەوانی تریش، بۆیە هەر یەکێک لەوانە ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆی هەیە،ئەمڕۆ بە تەنها ئەو ناوهێنانە، وەک ناوهێنانی ڕۆژی پۆشاکی کوردی نا تەندروستە."

بە پێی بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 11ی کانوونی یەکەمی 2009، هەموو ساڵێک 10ی مانگی 3 وەک ڕۆژی پۆشاکی نەتەوەیی دیاری کردووە.

هەرچەندە لەم ڕۆژەدا فەرمانبەرانی دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەت و خوێندکاران پۆشاکی نەتەوەیی دەپۆشن، بەڵام بۆنەکە بەدەر نەبووە لە ڕەخنەی ڕای گشتی و ڕەخنە لە کاڵبوونەوەی کەلتور و بەها کەلتوریەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەگیرێت.

محەمەد مەردان، سەرۆکی کۆمەڵەی کەلەپوری کورد، کاڵبونەوەکە بۆ زاڵبوونی دید و هەژموونی حزب لەسەر دیدگای تاکەکانی کۆمەڵگە دەگێڕێتەوە و ڕایگەیاند،" ململانێی حزبەکان بۆتە هۆی کاڵبوونەوەی ئەم بۆنەیە، حزبەکان ئەوەندەی خەریکی شەڕ و ناکۆکی و دژایەتی خۆیانن ئەوەندە ناپرژێنە سەر شتە نەتەوەییەکان، ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە."

وتیشی،" لە ڕاستیدا لە خۆنغی باخچەو قوتابخانەکانەوە، پۆشاک و مێژوو کەلەپوری کوردی، بخوێندرێت و وە بیر نەوەکانی کورد بهێندرێتەوە، بەڵام ئەمەش کراوەتە قوربانی ململانێی حزبی."

هەرچەندە ڕۆژەکە تایبەتە بە ڕۆژی پۆشاکی نەتەوەیی، بەڵام لە ناو ڕای گشتی هەرێمی کوردستاندا بۆنەکە وەک ڕۆژی جلی کوری پێناسە دەکرێت، بەشیکی زۆر لە هاوڵاتیان هۆشیاری پێویستیان بەرامبەر بە بۆنەکە وەک پێویست نییە.

هەرێمی کوردستانیش جگە لە نەتەوەی جیاواز ئاین و پێکهاتە و ئاینزای جیاواز لە خۆی دەگرێت و کە بە درێژایی مێژووی هەرێمی کوردستان لەم خاکەدا پێکەوە دەژین.

لەو بارەیەوە، نامیق هەورامی ڕایگەیاند،" لە هەرێمی کوردستاندا پانتاییەکی فراوان بۆ کارکردن و پێكەوە ژیان هەیە، بۆیە نەتەوەکانی دیکە لە کوردستان چی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان مومارەسەکردنی کەلتور و زمانی خۆیان هەیە، کە ئەمە یەکێکە لە کارە دراوشاوەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێ دەناسرێتەوە."

XS
SM
MD
LG