Accessibility links

دادوەرێکی کوردی دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێت گەیشتمە ئەو بڕوایەی مانەوەم لەو دادگایە بێسوودە


ئەمڕۆ 12ی مانگی 3ی 2024، دادوەرێکی کورد لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەندامێتی خۆیی لەو دادگایە ڕاگەیاند و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی دەیدات و بە گووتەی خۆیی بڕیارەکانی دژی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵییە.

دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری ئەندامی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکە وتی،" لە ماوەی ڕابردوودا وەک نوێنەری کورد لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستبەکاربووم و کارمکرد، هیواداربووم وەک بەرگریکارێکی سەرسەختی کوردستان کاربکەم لە چوار چێوەی دەستووری عێراقدا، بەڵام دوای تیپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ کارکردنم، گەشتمە ئەو بڕوایەی بەردەوامیدانم لەو دادگایە ڕێگەم پێنادات ئەو کارە بکەم کە لە پێناوی هاتووم و دەستبەکاربووم."

دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرزترین دەزگای دادوەرییە لە عێراق کە ئەرکی بریتییە لە شیکردنەوەی بڕگەکانی دەستور و بڕیاردان لەسەر دەستووری بوونی یاسا و ڕێساکان. بڕیارەکانی بە پێی ماددەی 94 ی دەستوور پابەندکەرن و ناتواندرێت تانەیان لێبدرێت.

دادگاکە لە 12 ئەندام پێکهاتووە کە بریتین لە سەرۆکی دادگا و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ. ئەندامانی دادگاکە لەسەر بنەمای نەتەوە و مەزهەب و هاوشێوەی پۆستەکانی تری عێراق بەسەر حزب و لایەنە عێراقیەکاندا دابەشکراون.

شیعە سەرۆکایەتی دادگاکە دەکات و زۆرینەیە و دوو ئەندامی کوردی تێدایە و یەکێکیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەوترێت ئەوی تریان لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری ئەو دادوەرە کوردەی کە بڕیاریدا لە ئەندامێتی دادگای فیدراڵی عێراق بکشیتەوە، لە ساڵی 1972 لە دهۆک لە دایکبووە و لە ساڵی 1993 بڕوانامەی لە یاسادا بە دەستهێناوە و لە 2001 ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی و لە ساڵی 2008 دکتۆرای لە یاسای دەستوری بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2002 تاوەکو 2021 وەکو دادوەر کاریکردووە و لە ساڵی 2021 بووە بە ئەندامی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.

دادوەرعەبدولڕەحمان زێباری ئەوەشی بە میدیاکان وت،" لەبەر چەند هۆکارێک بڕیارمدا لە ئەندامێتی دادگای فیدراڵی عێراق بکشێمەوە، چونکە لە میانەی کارەکەم تێبینیمکرد بڕیارە یەک لە دوایەکانی دادگای فیدراڵی مەیل هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمی بڕیاردانی مەرکەزی و دوورکەوتنەوە لە بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی، هەروەها دەستووری ساڵی 2005 ی عێراق بە یەکێک لەو دەستورانە دادەنرێت کە ڕێگەی بە یاسادانەری دەستوور یان دامەزرێنەرانی داوە بتوانن هەمواری بکەنەوە بە مەبەستی پاراستنی بنەما دەستووریە ڕێککەوتووەکان و مافی هەموو لایەن و پێکهاتەکان، بەڵام ئەوەی لە ئاراستەی و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و لێکدانەوەکانیدا بۆ بڕگەکانی دەستوور لە زۆربەی سکاڵاکاندا تێبینم کرد بەرەو لێکدانەوەیەکی فراوان و لە دەرەوەی چوار چێوەکە بوو کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەموارکردنەوەی دەستوور."

بڕیارە یەک لە دوایەکەکانی ئەمدواییانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بارەی هەناردەکردنی نەوت و غاز و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و موچەی موچە خۆران و چەند بڕیارێکی دیکە، بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیگەران و توڕەکردووە لە نێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکانی پارتی دەڵێن،" بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە مەبەستە و ئامانج لێی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."

ئەو دادوەرە کوردەی کە دەستی لە ئەندامێتی کشاندەوە لە دوایین قسەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،" لە کۆی نۆ ئەندام کە دووانمان کورد بووین بە هۆی کەمینەبوونمان نەمانتوانی لە بڕیارەکان کاریگەریمان هەبێت بە تایبەت ئەو بڕیارانەی کە پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان."

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دوو بڕیاری لە بارەی کورسی پێکهاتەکان و موچەی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش هێندەی تر بە شێک لە لایەنە زەرمەندەکان لە بڕیارەکەی نیگەرانکرد و لەلایەکی تر دڵخۆشی لەلای موچە خۆران دروستکرد.

بەکر حەمە سدیق، پارێزەری ڕاوێژکار کە پارێزەری ئەو سکاڵایە بوو لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە موچە خۆران سکاڵاکەیان کردبوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە نسبەت سکاڵای ژمارە 224 کە من تێدا پارێزەربووم، پێموایە ئەو سکاڵایە کە تۆمارکرابوو سکاڵایەکی یاسایی بوو و پەیوەندی بە دەستێوەردانی سیاسیەوە نەبوو و پەیوەست بوو بە ژیانی خەڵکەوە، سکاڵاکە لە چوار دانیشتن لە بەرژەوەندی موچە خۆران یەک لابوویەوە."

ئەو پارێزەری ڕاوێژکارە وتیشی،" پەنا بردن بۆ دادگای فیدراڵی بە مانای دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێم نیە، بەڵکو خەڵک مافی هەیە و داوای مافەکەی خۆیی دەکات و ئەو کات دادگاش بڕیاردەدات."

.

XS
SM
MD
LG