ڕۆژی سێشەممە 12ی مانگی 3ی 2024، لە ماڵی تورکمان لە هەولێر 10 حزبی سیاسی تورکمانی دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریان بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەم بڕیارەیان لە کاتێکدایە شەش حزبی دیکەی پێکهاتەی کلدان و سریان و ئاشور بە هەمانشێوە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان ڕاگەیاندووە.
دوایی ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوای 9 جار دانیشتن، بڕیاری لە بارەی سکاڵاکەدا و شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی گۆڕی.
بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێتەوە و کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، هەرحزبێکی سیاسی کوردی لە ناو لیستەکانیان بە بێ ڕاو بۆچوونی پێکهاتەکان و لە دەرەوەی ئیدارەی پێکهاتەی تورکمان کاندیدی خۆیی دەستنیشان بکات وەک نوێنەری پێکهاتەکان، ئەوە دەستێوەردانە لە کاروباری پێکهاتەکان و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر، چونکە نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان" ئێمەین."
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە سکاڵاکار بوو لە دادگای فیدراڵی عێراق، سکاڵای لە ناوەڕۆکی ماددەکانی 1و 9 و 15 و 22 و 36 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بوو، بەو پێەی لە ماددەی 36 دا هاتووە، 5 کورسی بۆ کلدان و سریان و ئاشووری و 5 کورسی بۆ تورکمان و 1 کورسی بۆ ئەرمەن تەرخانبکرێت.
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ماڵی تورکمان 10 حزب و لایەنی سیاسی کۆبووینەوە کە مۆڵەتی فەرمیمان هەیە و حزبەکان نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستاندا بووە، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوە سەبارەت بە دواین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان، ئێمە پێمان وایە بڕیارەکە تەواو سیاسیە و نادەستوریە و لە دەرەوەی ئیرادەی پێکهاتەکانە بۆیە بڕیارماندا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین."
حزبە سیاسیە تورکمانیەکان کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستاندا بووە بریتیبووە لە بەرەی تورکمانی عێراقی 1 کورسی و پارتی گەشەپێدانی تورکمان 2 کورسی و پارتی چاکسازی تورکمان 1 کورسی و لیستی میلەتی تورکمان 1 کورسی.
لە دوایی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە لە 21ی مانگی 2ی 2024 دەرچوو، ناڕەزایی جۆراوجۆری پێکهاتەکانی لێکەوتەوە، گەرچی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە پێی ماددەی 94 ی دەستوور پابەندکەرن و ناتواندرێت تانەیان لێبدرێت، بەڵام پێکهاتەکان دەڵێن،" دادگا دەتوانێت پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە بکات."
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان وتیشی،" تا سیستەمی کۆتا دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەکان، ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین، چونکە سیستەمی کۆتا بە یاسا ڕێکخراوە و جگە لە پەرلەمانی کوردستان هیچ دامەزراوەیەک بۆی نییە، سیستەمی کۆتا هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئێمە وەک ڕێزگرتنێک لە یاسا و بڕیارەکانی سەر هەرێمی کوردستان وەستاوین، هەروەها دەنگدەری خۆمان بە هەموو شێوەیەک ڕازیبووە لە سیستەمی کۆتا، بۆیە بڕیارمانداوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەین."
پێکهاتەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن سکاڵاکەی یەکێتی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، پێکەوە ژیانی لە کوردستان نەهێشت و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ڕای وایە،" پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینە نەبوون و لە بەرژەوەندی حزبێکی سیاسی لەناو پەرلەمانی کوردستاندا کاریان دەکرد."