Accessibility links

مامۆستایان و فەرمانبەران جارێکی تر هۆشداری دەدەنە حکومەتی هەرێم لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچەکانیان


لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچە و نەچوونە ژێرباری بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ پێدانی مووچەکانیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم هۆشداری دەدەنە حکومەتی هەرێم و دەڵێن هەڵویستی جددی دەنوێنن، لە ئەگەری دواکەوتنی زیاتری مووچەکانیان.

یاسین عەبدوڵا، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاپەڕین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ڕاستیدا دوو ڕۆژە لە تاوتوێی ئەوەداین کە حکومەت موماتەڵە و یاری بە کات دەکەن و دەیانەوێت مووچەکانمان زیاتر دوا بکەوێت، تا عێراق ڕازی بکەن، کە هەژماری منی سەرۆکی حکومەت بکەنە بە دیلی کارتی بانکە عیراقیەکان، بۆیە لە ڕێگەی هاشتاگێکەوە بڕیارمانداوە کە هەڵویستمان دەبێت."

وتیشی،" هەموو ئەگەرەکان کراوەن لە ئەگەری یاریکردن بە چارەنووسی مووچەکانمانەوە، خۆپیشاندان یەکێکە لە هەڵوێستەکانمان کە بەم نزیکانە لە ئەگەری نەدانی مووچەکانمان دەیگرینە بەر."

دوای ئەوەی دوێنێ 11ی مانگی 3 وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری داوە 130 ملیار دینار بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی عێراق.

ئەم پارەیەش بۆ مووچەکی مانگی دووی بەشێک لە فەرمانبارانی هەرێم کە تایبەتە بە موچەی خانەنشینی و ئەوانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

بڕیاربوو ئەمە گوژمەی یەکەمی مووچەکە بێت و بە چەند گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ ته‌واوی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت.

بەڵام ئەمڕۆ 12ی مانگی 3 وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، بە پێی ڕاگەیەندراوەکە بێت، پارەی پێویست بە سەرجەم مووچە خۆرانی هەرێم نەگەشووەتە وەزارەتی دارایی، بۆیە کورتهێنان دروست دەبێت لە مووچەدا.

ناوەرۆکی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێت،" وەزارەتی دارایی هەرێم داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024 بە بڕی ( 949،813،146،170 ) دینار.

بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی 560 ملیار و 217 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ( 59٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (41٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

ئەم ڕێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ( 390 ) ملیار دینار دروست بێت وگرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات ودەبێتە هۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران ودروستکردنی فەرق وجیاوازی لە نێوان مووچەخۆران."

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە 40 ڕۆژە مووجەیان وەرنەگرتووە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەی شوباتدا بوون.

عادل حەسەن، یەکێکی تر لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو مووچەیەی هاتووە تایبەتە بە مووچەخۆرانی مەدەنی، ئەم دۆخە ئەگەر هەر وا درێژە بکێشێت و لە ئەگەری هەر یاری کردنێک بەم مووچەیە، ئەوا هەروا تێپەڕ نابێت و دڵنیابن بە بێدەنگی تێپەڕ نابێت و هەڵوێستی توندمان دەبێت."

دادگای فیدڕاڵی، ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، تایبەت بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵیداوە مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانی هەرێمەوە ژمارەی بانکی دروستبکەن و بچنە ناو پرۆژەی "هەژماری من."

XS
SM
MD
LG