Accessibility links

پارتی: کشانەوە لە بەغدا یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکانی دەوێت


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی کورد لەبەغدا هەڵوێستێکی یەکگرتووی نیشتمانی دەوێت، گەر هەڵوێستی یەکگرتوو دروست بوو، کشانەوە دەبێتە یەکێک لە ئەگەرەکان.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوەو لایەنە کوردییەکانی تر بمێننەوە ئەوکات سەرکەوتوو نابین، دەبێت لایەنە کوردییەکان هاوهەڵوێست بین."

لەکاردانەوەی بڕیارەکانی ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024ی دادگای فیدراڵی عێراق، پێکهاتەکانی تورکمان و کلدۆئاشوری و سریان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند، بە دوای ئەوانیشدا ئەندامێکی کوردی دادگای فیدراڵی عێراق لەو دادگایە کشایەوەو هۆکارەکەی بۆ پابەند نەبوون بە پرەنسیپی فیدراڵی گێڕایەوە.

لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی پێیوایە، کشانەوەی کەمایەتییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێست وەرگرتنی دادوەرەکەی دادگای فیدراڵی سەرەتای دەستپێکردنی فشارە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێشتا ڕوون نیە فشارەکانی پارتی بۆ پێداچوونەوەیە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یاخود ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پارتی وا هەست دەکات دۆخێک هاتووەتە پێشەوەو لەبەرژەوەندی نییە."

بڕیارە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت،"جوڵەیەک لە ناو هەرێم هەیە بەڵام دیار نییە ئەم جوڵەیە دەگاتە بایکۆتی پرۆسەی سیاسی یاخود دەبێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ڕۆژانی داهاتوو ئەمە ڕووندەبێتەوە."

هاوکات لەگەڵ ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ناکۆکییەکانیان قوڵتر کردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دەوڵەتی تورکیا لەشکرکێشی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"قەبارەی لەشکرکێشییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا کاریگەری لەسەر ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە "نادەستوری و سیاسی" ناودەبات، هاوکات ترسیشی هەیە لە دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەو پێیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حزبە کوردییەکان خۆیان هەمیشە ساختەکارییان لە هەڵبژاردن دا ئەنجامداوە، ئەگینا هەڵبژاردنی هەرێم بەلای وڵاتانی دەرەکی هێندە گرنگ نەبووە دەستوەردان بکەن."

دەشڵێت،"پێناچێت پارتی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق ڕازی بێت، داوای گۆڕانکاری دەکات و دادگاش پێداگیرە لەسەر بڕیارەکانی، بۆیە هێشتا ڕوون نییە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات."

XS
SM
MD
LG