Accessibility links

ئانکەرە و بەغدا کۆدەبنەوە


گەورە کاربەدەستانی تورکیا و عێراق لە بەغدا کۆدەبنەوە بۆ باسکردنی هاوکارییەکانیان لە بواری وزەدا و هەروەهاش دۆسێکانی تایبەت بە ئاسایش و بەرگرییەوە.

بڕیارە ئەو کۆبوونەوەیە ڕۆژی پێنجشەممە بکرێت، بەپێی لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، پشێوی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیەدا هەبووە هاوکاتی چڕ بوونەوەی کردە لەشکرییەکانی ئانکەرە بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری عێراقدا.

عێراق دەڵێت ئەو کردە لەشکرییانەی تورکیا پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەیە، بەڵام ئانکەرە دەڵێت "دەبێت خۆی بپارێزێت" و ئاگاهیش دەدارت لەسەر کردنی هێرشێکی نوێ.

بەغدا و ئانکەرە ناکۆکیشیان لە نێواندایە لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێی بۆری یان لولە نەوتییەکانی لە عێراقەوە ڕاکێشراون بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیادا.

لە لێدوانێکدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و هەروەها ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) لەگەڵ هاوشانە عێراقییەکانیاندا کۆدەبنەوە لە بەغدا و بە کۆبوونەوەیەکی "لوتکەیی ئاسایشی" ناودێری کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت " هاوکاریی ئاسایشی و لەشکریی بابەتی سەرەکیی وتووێژەکان دەبن لە بەغدا و هەنگاوی هاوبەشیش باس دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم."

ئۆنجو کەچەلی دەڵێت "وێناکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە کە مەترسییەکی هاوبەشی ئاسایشییە بۆ هەردوو وڵات، ئاماژەیە بە سووربوونی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە."

سەرۆکی تورکیا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند "لەم هاوینەدا، تورکیا بە تەواوەتی کێشەکانی پەیوەندییان هەن بە سنوری عێراقەوە چارەسەر دەکات."
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەش دەکەن بەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراق دەکات، پاش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگی سێیەدا بکرێت.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG