Accessibility links

عەلی ئەلحەبیب: ناو ماڵی سوننەکان بووەتە پارویەکی ئاسان بۆ لایەنە سیاسییەکانی تری عێراق


جارێکی تریش دابەشبوون لە ناو ماڵی عەرەبی سوننەدا دروست دەبێتەوە و وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئەو درزەی کەوتووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانیانەوە گەورەیە و پێشناچێت چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان هەروا بە سانایی چارەسەربکرێن.

عەلی ئەلحەبیب، شیکەرەوەی سیاسی ئاماژە بە قوڵیی کێشەکانی ناو ماڵی سوننە دەکات و دەڵێت "دەکرێت سەرەتای دابەشبوونی ناو ماڵی عەرەبی سوننە بگەڕێنینەوە بۆ سەروەختی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014 و هەتا ئێستاش بەردەوامە و بووەتە مایەی ململانێی قورس و ئەو شێوازی ململانێکردنەی لایەنە سیاسییەکانی سوننەش وەهای کردوە ببنە پارویەکی ئاسان بۆ هێزە سیاسییەکانی تری عێراق."

بەڕێز ئەلحەبیب باسیش لەوە دەکات، ئەو ناکۆکیی و ناتەباییانەی ناو ماڵی عەرەبی سوننە گەیشتە ئاستێکی ترسناک و وەک دەڵێت "بووە مایەی کودەتا بەسەر پارتی ئەلتەقەدومی موحەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ئەوەبوو کار گەیشتە ئەوەی بە بڕیاری دادگای فێدراڵی عێراق لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە."

ئەم دابەشبوونە سیاسیانە کاریگەری کردووەتە سەر ناو ماڵی سوننە و ئەو خواست و هیوایانەی هەیەتی لە عێراقدا.

عەلی ئەلحەبیب، دەڵێت "بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێنیان دەبێت و لە هەمان کاتیشدا ئەم دابەشبوونەی ناو ماڵی سوننە، تەنها لە بەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە چونکە ناو ماڵی سوننە لە عێراقدا شپرزە و پەڕتەوازە دەبێت و ئەو کەلێنە گەورەیەی دروستیش بووە زۆر قورسە لە ئێستادا بە مەبەستی چارەسەرکردن پڕ بکرێتەوە، چونکە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەخساندووە هەتا هەرچ مەرجێکیان هەبێت بیسەپێنن بەسەر سوننەکاندا."

پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نوێ و یارییە نوێیە سیاسییەکان لە عێراقدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت، وەک زۆرێک لە شیکەرەوە سوننەکانی عێراق ئاماژەی پێدەکەن.

عەلی ئەلحەبیب، هاوڕایە و لە پەیوەندی بە ناو ماڵی سوننەوە دەڵێت "تەنانەت هاوپەیمانێتییە نوێیەکانی سوننە، ئەگەریش هەوڵ بدەن وەک نوێنەری پێکهاتەی عەرەبی سوننە خۆیان بناسێنن، ئەو کاریگەرییە گەورەیەی نابێت لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا وەک باس دەکرێت یان چاوەڕوان دەکرێت لەو سۆنگەیەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین لایەنی سیاسییە لە عێراقدا و وڵاتەکە بەڕێوەدەبات و لەناو هۆڵی پەرلەمانیشدا هەر خۆی خاوەنی بڕیارە و پاش کشانەوەکەی موقتەدا ئەلسەدر لە پرۆسەی سیاسی و ئەو بۆشاییە سیاسیەی دروست بوو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پڕیانکردەوە."

پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پاش دوورخستنەوەکەی موحەمەد حەلبوسی، هێشتا پڕنەکراوەتەوە و ناکۆکییەکانی ناو ماڵی سوننە یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕێککنەکەوتن لەسەر کاندیدێک کە هاوڕایی هەبێت لەسەری.

بەڕێز ئەلحەبیب دەڵێت "ئەوە جێی مەخابنە و پێشدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانیش زیاتر بە پێوانەی شیعەکان بێت نەک سوننەکان، ئەمەش وەها دەکات لایەنە شیعەکان ببنە بڕیاردەر بۆ ناوماڵی سوننە، نەک لایەنە سوننەکان."
لە عێراق ململانێیەکی قورس دەستیپێکردووە لەسەر بابەتی ئەوەی کێ نوێنەرایەتی سوننەکانی وڵاتەکە دەکات لە پرۆسەی سیاسیدا و کامە لایەنیش دەبێتە نوێنەری زۆرینەی سوننەکان.

ئەگەرچی پێشتر هاوپەیمان بوون، بەڵام پارتی تەقەدوم، کەوتووەتە هێرشکردنی زارەکی بۆ سەر لایەنەکانی سیادە و عەزم و حەسم کە 3 لایەنی سیاسی سوننەکانن. تەقەدوم لە لایەک و سیادە و عەزم و حەسم لە لایەکی ترەوە، هەر یەکەیان خۆی بە نوێنەری زۆرینەی عەرەبی سوننەی عێراق دادەنێت.

لە ئێستادا بە دوور نازانرێت، جارێکی تر ئەنجومەنەکانی ڕابوون لە ناوچە سونییەکاندا سەرهەڵبدەنەوە و هەوڵیش بدەنەوە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینن لەو ئاگرەی لە ماڵی عەرەبی سوننەدا کەوتۆتەوە، هەرچەندە وەک نزیکەی 16 یان 17 ساڵ لەمەوبەر کە شەڕی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدەیان دەکرد، لە ئێستادا ڕێژەی جەماوەریی ئەو ئەنجومەنانەی ڕابوون کەمی کردووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوسادا.

XS
SM
MD
LG