Accessibility links

"مام ڤاندام" دەڵێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا شەڕی یەکەمبوون دەکەم  


ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکوانانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەک کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کۆمسیۆنی باڵای سەرخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بڵاویکردەوە لە کۆی 63 کەس کە فۆرمی کاندیدبوونیان وەک سەربەخۆ وەرگرتووە، تەنها 23یان مەرجەکانی کاندیدبوونیان تێدابووە.

فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی

عێراق لقی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گەر هەر کەس مەرجەکانی کاندیبوونی تێدابوو دەتوانێت خۆیی بۆ پەرلەمان کاندید بکات و نزیکەی 63 کەس سەردانی کۆمسیۆنیان کردوووە و فۆرمی کاندیدی سەر بەخۆیان وەرگرتووە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنها 23 یان فۆرمەکەیان بە تەواوی وەرگیراوە و دەتوانن کاندیدی سەر بەخۆبن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها لەکۆی 39 حزبی سیاسی تەنها 9 لایەنی سیاسی تائێستا بەشداردەبن لە هەڵبژاردنەکە لەگەڵ تۆمارکردنی 2 هاوپەیمانێتی کە هەریەک لە هاوپەیمانێتیەکان بریتیە لە 3 لایەنی سیاسی."

بە پێی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، هەر کاندیدێک گەر بیەوێت بەشداربێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت لەوانە خاوەنی کارتی نیشتمانی کوردستان بێت و کارتی دەنگدانی هەبووبێت و فۆرمی خۆراکی کەرکوک و موسڵ و ناوچە جێناکۆکەکان نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشینەی تاوانی نەبووبێت و دەستی لە پرۆسەی ئەنفالدا نەبێت و بەشدارنەبووبێت لە چالاکیەکانی ڕژێمی بەعس و دەستپاک بێت.

گۆڕانکاری لە یاسایی هەڵبژاردن وایکردووە ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکوانانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بتوانن بێنە ناو کایەی سیاسیەوە و وەک کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.

شێرزاد عەبدوڵا ناسراو بە مام ڤاندام کەسایەتی دیاری نێو سۆشیال میدیا بە گووتەی خۆی یەکێک دەبێت لە کاندیدەکان و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەک سەر بەخۆیەک دەبمە کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان و یەکێک دەبم لە بەربژێرە بەهێزەکان و شەڕی یەکەمبوون دەکەم، هەروەها ئەوەی دەوترێت لە بارەی منەوە لە سۆشیال میدیا کە سەر بە حزبەکانە ناڕاستن، گەرچی زۆر لایەن پێیان وتووم بۆ کاندیدبوون، بەڵام بۆ کەس خۆمم یەک لانەکردووەتەوە و تائێستا تەنها بڕیارمداوە وەک سەربەخۆیەک خۆم هەڵبژێرم."

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان بە سەر چوار بازنەدا دابەشدەکرێت، بازنەکانیش بە پێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دیاریدەکرێن، ئەو 100 کورسیەی کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەردا بەم شێوەیە کورسیەکان دابەشکراوە، هەولێر 34 کورسی و سلێمانی 38 کورسی و دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی.

فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" لە 13ی 3ی 2024 یەوە دەستکراوە بە وەرگرتنی لیستی کاندیدانی لایەنە سیاسیەکان و لیستی هاوپەیمانێتیەکان و لیستی کاندیدانی سەربەخۆ، دواتر قۆناغەکانی دیکە دەستپێدەکات و هەموو بە فلتەر دەبێت تێپەڕببێت، ئەوکات دەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکات، هەروەها ئەمەوێت ئەوەش بڵیم لەناو پێکهاتەکان تەنها بەرەی تورکمانی عێراق ناویان تۆماکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن."

بەگوتەی ئەوانەی کە هونەرمەند و کەسانی دیاری نێو سۆشیال میدیان، بڕوایان وایە کە سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگەرە، لە ڕوانگەی ئەو هەوادارە زۆرەی کە هەیانە و ڕۆژانە پاڵشتییان لێدەکەن.

سەردار کەرکوکی
سەردار کەرکوکی

سەردار کەرکوکی یەکێکە لە گۆرانیبێژە میلیە دیارەکانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەک سەربەخۆیەک خۆمم کاندیدکردووە و ئەتوانم بڵێم سەد لە سەد سەردەکەوم، چونکە من لە هەموو کەس زیاتر لە گرفتەکانی ئەو خەڵکە دەزانم، لە ماوەی پێشوودا زۆر کەس پرسیاری ئەوەیان لێدەکردم، گەر هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت خۆت هەڵدەبژێریت من دەمگوت نەخێر، لەبەر ئەوەی پێموابوو کاری من نییە و من هونەرمەندم و گۆرانی بۆ خەڵک دەڵێم، بەڵام زەمەن و رۆژگارەکە وایکرد کە بڵێم دەچمە پەرلەمان و ڕووبەڕووی گەندەڵکاران و گەندەڵی دەبمەوە و داکۆکی لە مافی خەڵکی دەکەم."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 3ی 3ی 2024، فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واژۆ کرد و ڕۆژی 10ی مانگی 6ی 2024 دیاریکرد، بە پشتبەستن بە بڕگەی دووهەم لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەند کرد، بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

سەردار کەرکوکی هونەرمەند و کاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئەوانەی لە پەرلەماندا بوون لە خولەکانی پێشوو نەیانتوانی نوێنەری خەڵک بن، بەڵام من وەک هونەرمەندێک تێکەڵی سیاسیەت دەبم و دەبمە داکۆکیکارێکی سەرسەختیان و لەبەرژەوندی خەڵکی کاردەکەم."

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە خوێندنەوەی چاودێرانی هەڵبژاردن پێدەچێت زۆرترین کاندیدی سەربەخۆ بەشدار لە هەڵبژاردنەکە بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:57 0:00

XS
SM
MD
LG