Accessibility links

زانیاری ورد لەسەر کوژرانی ئەندامەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان


کەسێک لە یەکێک لە بارەگاکانی کۆمەڵە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 16ی مانگی 3 لە زڕگوێز کوژرا. بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا لە سەرچاوەیەکی ناو ئەو حزبەوە، ئەو کەسە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێران بووە و یەکێکە لە ئەندامە کۆنەکانی کۆمەڵە و ماوەی چەندین ساڵە لە ناو ئەو حزبە پێشمەرگەیە، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن یەکێک لە "هاوڕێکان"ی خۆیەوە کوژراوە.

بە پێی زانیاریەکان لە سەرچاوەیەکی ناو حزبی کۆمەڵەوە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە "ناوی کوژراوەکە شوعەیب زەراعیە و تەمەنی نزیکەی 39 ساڵ دەبێت و خەڵکی ناوچەی هەورامانی تەختە. ناوبراو یەکێکە لە ئەندامە کۆنەکانی ئەو حزبە، ئێوارەی ئەمڕۆش لەلایەن یەکێک لە هاوڕێکانی کە ئەویش ئەندامی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانە، بە دەستڕێژی گولە کوژراوە. "

بە پێی قسەی سەرچاوەکە، "ئەو کەسەی "تۆمەتبار"ە بە کوشتنی "شوعەیب زەراعی"، ناوی" (س، ئە) یە و پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانە، ماوەی 4 ساڵە لەو حزبەدا پێشمەرگەیە. ئێوارەی ئەمڕۆش لە یەکێک لە بارەگاکانی حزبەکەیان کاتێک لەگەڵ شوعەیب بەیەکەوە بوون ئەو کارەی ئەنجامداوە، دوای تاوانەکەش ڕایکردووە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە سەبارەت بە ڕووداوەکە، دەنگی ئەمەریکاش بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی، پەیوەندی کرد بە چەند ئەندامێکی ئەو حزبەوە، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

XS
SM
MD
LG