Accessibility links

سەرکردەیەکی پارتی: ڕازیبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەردەکێشێت بۆ مەسەلەی گەورەتر و خراپتر


سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی بڕیاری بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش بە بێ پارتی هیچ واتایەکی نییە.

سەبارەت بەوەی پارتی ڕێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات لە هەولێرو دهۆک یاخود نا، ئەکرەم ساڵح، سەرکردەی پارتی و بەرپرسی لقی 22 ی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ئێستادا پارتی تەنها بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، گەر پارتیش بەشداری نەکات هەڵبژاردن واتای نامێنێت."

ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراود بێت.

ئەکرەم ساڵەح دەڵێت،"بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لێدانن لە پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێم، ڕازیبوون بەو بڕیارانە سەردەکێشێت بۆ مەسەلەی گەورەترو خراپتر، بۆیە پێویستە خەڵک و حکومەتی هەرێم هەڵوێست وەربگرن."

دەشڵێت،"دەسەڵاتەکانی هەرێم بەپێی یاساو دەستور دیاریکراون، بەڵام دادگای فیدراڵی جێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی گرتووەتەوە، لەکاتێکدا ئەم بابەتانە ئیشی ئەو دادگایە نیە."

ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم یەکلایی کردەوە، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و سکاڵای دووەمیشیان لەلایەن سێ هاوڵاتییەوە تۆمارکرابوون.

سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای فیدراڵی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاو کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.

سەرکردەکەی پارتی پێیوایە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پێشێلکردنی مافە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

ئەکرەم ساڵح وتی،"لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دادگای فیدراڵی کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە لەدەرەوەی پسپۆڕی خۆی و هەنگاوەکانیشی بە ئاراستەی لاوازکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمن."

بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی 2024 لاوازکردووە، بەو پێیەی پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک لە ژێر هەژموونی ئەو حزبەدان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واتە شکستهێنان بە پرۆسەکە، چونکە پارتی ڕێگە نادات لەهەولێرو دهۆک هەڵبژاردن بکرێت گەر خۆی بایکۆتی پرۆسەکە بکات."

سەرچاوەکە دەڵێت،"بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە گرفتی تر دەهێنێتە ئاراوە، عێراق پێداگیری لەسەر هەڵبژاردن دەکات یاخود نە، گەر بڕیاری هەڵبژاردن دراو پارتی ڕێگری لێکرد دادگای فیدراڵی چی بڕیارێکی تر دەرهەق بە هەرێم دەدات."

ئەگەری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە مانگی 6 ی ساڵی 2024 لە کاتێکدایە، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنیان هەڵوەشێنراوەتەوەو لە ئێستادا هەرێم کەوتووەتە بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە.

ئەکرەم ساڵەح دەڵێت،"پارتی داکۆکیکاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بەڵام دادگای فیدراڵی هەموو بڕیارەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ ناوەند، ئەمە جێی تێبینی و گومانە."

بڕیارەکەی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، زۆربەی لایەنە کریستیان و تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕەتدەکەنەوە لە کاردانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ لابردنی 11 کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان.

XS
SM
MD
LG