Accessibility links

ئەمەریکا: بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە


جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت سەبارەت بەو ڕاگەیاندنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا نیگەرانە و پێی وایە بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان یان گەلی کورد یان عێراق بە گشتی نییە.

ڤێدانت پاتێل، پاش نیوەڕۆی دووشەممە لە میانەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتەکەی وتیشی ئەمەریکا لە نیگەرانییەکانی کوردی عێراق تێدەگات سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دەزگا فیدراڵییەکانی عێراق، وە ئەمەریکا بە بەردەوامی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کاربەدەستان لە بەغدا و هەولێر سەبارەت بە بابەتەکانی کە جێی گرنگی هەموو لایەکن، لەوانە سەقامگیری عێراق و سەروەری یاسا و پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.

وتیشی حکومەتی ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە سەقامگیری لە عێراق دێتە دی لە ڕێگەی پاراستنی مافی کەمینەکانی وڵاتەکە و هەروەها پاراستنی مافی هەڵبژاردنی ئەو کەمینانە بەو پێیەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان.
پێشتر هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق لە پێگەی خۆی لەسەر ئێکس بە هەرسێ زمانی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی نووسی" نیگەرانین لە ڕاگەیاندنی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین دڵنییایی بدەن کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێکراو دەبن. هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان."

لە لایەکی دیکە یۆنامیش پشتوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و لەسەر پێگەی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی" ئێمە تێبینی بڕیارەکەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین وەك چۆن تێبینی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیمان کرد لە مانگی ڕابردوودا. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لە بەرژەوەندی خەڵك کار بکەن تاکو بەرەو چارەسەر هەنگاوبنێن نەك بەرەو چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی حوزەیران لە هەرێمی کوردستانی عیراق زۆر گرینگە."

بڕیارە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 10 ی مانگی شەشی ئەمساڵ بەڕێوەبچن.

XS
SM
MD
LG