Accessibility links

بەرپرسێک: پۆستی پارێزگاری کەرکوک بکرێتە نۆرە، ئەو لایەنەی سەرەتا وەریدەگرێت متمانە نییە دەستبەرداری بێت


سەرباری هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، بەڵام هێشتا لایەنەکان لەیەکتری نزیک نەبوونەتەوەو هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بۆ ڕێکخستنی پێکهاتەکان سەرکەوتوو نەبووە.

ڕۆژی 3 ی مانگی 3 ی ساڵی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک کۆبوویەوە. بڕیارە دانیشتنی سێهەم سێهەم لە نێوان سودانی و نوێنەری لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچکام لە لایەنەکان ئامادە نین دەستبەرداری خواستەکانیان ببن.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەرەی کورد و بەرەی عەرەب و تورکمان یەکی 8 کورسییان هەیە و ڕێککەوتن ئاسان نییە. دەبێت پۆستی پارێزگار بە نۆرە لای پێکهاتەکان بێت، یاخود پارێزگارێک لە بەغداوە بە بڕیاری حکومەت دابنرێت یان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە."

دەشڵێت،"گەر پۆستی پارێزگار بکرێتە نۆرە و ئەو پێکهاتەی دوو ساڵی سەرەتا وەریدەگرێت، دواتر دەستبەرداری پۆستەکە نابێت و متمانە نییە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆن کورسییەکی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.

بڕیاربوو ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانی کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانی نێوان لایەنەکانی کەرکوک بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکات ولەناو خۆیدا ناکۆکە، کوردیش داوای پۆستەکە دەکات و پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێک هاوڕا نین، تورکمانیش داوا دەکات پۆستەکە بە نۆرە لای پێکهاتەکان بێت."

سەرچاوە ئاگادارەکە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە وتی،"لایەن و پێکهاتەکان دەستبەرداری داواکارییەکانیان نابن و چاوەڕێش دەکەن سودانی ڕێکیان بخات، بۆیە لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوک ئاسان نین."

ڕێکنەکەوتنی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگاکەو دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگاکە لەکاتێکدایە، جگە لە پارێزگای دیالە کە بەهۆی ناکۆکی نێو لایەنە شیعەکان هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، لە زۆربەی پارێزگاکانی تری عێراق حکومەتی خۆجێی پێکهێنراوە.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەڵوێستی کورد لەکەرکوک یەکگرتووە و پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دادەنێت، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی گفتووگۆکانین بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران."

خواستی کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دەستبەردارنەبوونی پۆستەکە لەلایەن عەرەب و داواکارییەکانی تورکمان، هێندەی تر ئاراستەی گفتووگۆی نێوان لایەنەکانی قورسترکردووە.

XS
SM
MD
LG