حکومەتی عێراق ئامادە نییە بودجەی پێویست بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان بکات بە بیانووی ئەوەی هێزێکی "سیادی" نییەو هێزێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە، هیچ بڕە پارەیەکیشی بۆ خەرجی ئەو پێشمەرگانە تەرخان نەکردووە کە لەشەڕی داعش دا برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق دەڵێت بەپێی دەستور پێشمەرگە هێزێکی سیادی هاوشێوەی سوپای عێراق نییە، بەڵکو وەکو پۆلیس و ئاسایش هێزێکی ناوخۆیی هەرێمە، بۆیە دەبێت هەرێم لە بودجەی خۆی خەرجییان دابین بکات. هەندێکجاریش بیانووی ئەوە دەهێننەوە گوایە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرە."
لەشەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، 1810 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداو 10720 پێشمەرگەش برینداربوون، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە موچە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و خەرجی بریندارەکان دابین نەکراوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کەسوکاری شەهیدو بریندارەکان تەرخان نەکراوە."
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق 9 تریلیۆن و 764 ملیار دینارە، پشکە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، 228 ملیارو 304 ملیۆن دینارە.
حکومەتی هەرێم بۆ موچەی کارمەندان و هێزەکانی پێشمەرگە مانگانە پێویستی بە 133 ملیار دینارە، بەو پێیەی ژمارەی پێشمەرگەو خانەنیشینانی ئەو وەزارەتە سەرووی 400 هەزار موچە خۆرە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی لە یاسای بودجەی عێراق دا هاتووە 19 ملیار دینارەو تەنها بەشی موچەی 23 هەزار پێشمەرگە دەکات.
جەبار یاوەر دەڵێت،"حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ بودجەیەکیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرج نەکردووە. ئەو بڕە پارەیەش لە یاسای بودجەی عێراق دا بۆ پێشمەرگە دانراوە بەشی موچەو پێداویستی یەک لیوای پێشمەرگە دەکات."
دابین نەکردنی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەو خەرج نەکردنی پارە بۆ قوربانی و بریندارەکانی شەڕی داعش لەلایەن حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلاریان بۆ موچەی ئەو هێزانەی پێشمەرگە تەرخانکردووە کە یەکخراونەتەوە.
سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت،"لە سەردەمی حکومەتەکەی کازمیدا بودجە بۆ پێشمەرگە خەرجکراو چەکی پارەکەش واژو کرا، بەڵام دواتر پارەکە خەرج نەکرا، چونکە بڕیار لای دەوڵەتی قوڵە."
سەبارەت بە بیانووی حکومەتی عێراق بۆ زۆری ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرچاوەکە وتی،"ئەوان هیچ بڕەیەک نادەن، گەر ژمارەکە زۆرە با موچەی 50 هەزار پێشمەرگە بدەن، بەڵام ئەوان نایدەن."
هەرچەندە حکومەتی عێراق ماوەی هەفتەیەکە بڕی 600 ملیار دیناری ناردووە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی بەسەر موچەخۆراندا دابەش نەکردووە بەبیانووی ئەوەی عێراق موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی نەناردووە.