ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر قەبوڵکردن یاخود ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات، پارتی گومانی هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت ئەنجامەکە لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە.
دیاری حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گومانی ئێمە لەکاتی هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمەوە دەستیپێکردووە، دەمانەوێت بڕیاری پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن لە هەرێمەوە پەسەند بکرێت و خەڵکی کوردستان ڕۆڵیان هەبێت و دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەڕوات."
ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سبەینێ یەکشەممە، 30 ی مانگی 3 ی 2024، وەکو دوا وادە بۆ ڕادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دانراوە، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لیستی ناوی کاندیدەکان لەلایەن پارتییەوە نەدراوەتە کۆمیسیۆن.
دیاری حسێن دەڵێت،"پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە، ئاگام لە بڕیاری ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی نییە، بەڵام تا دوێنی پارتی پێداگیربوو لەسەر بڕیارەکانی پێشووتری."
ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت.
دیاری حسێن وتی،"پارتی نایەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردن بکرێت و ئاراستەی هەڵبژاردن بە لاڕێدا ببرێت وەکو ئەوەی لەکەرکوک و موسڵ ڕوویدا."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 26 کورسی 4 کورسی بەدەستهێنا و لە کەرکوکیش لە کۆی 16 کورسی دوو کورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە، ژمارەی کورسییەکانی لەو دوو پارێزگایە بۆ زیاتر لە نیوە کەمیکرد.
هەرچەندە سبەینێ یەکشەممە، 30 ی مانگی 3 ی 2024، دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بەڵام هەندێک زانیاری لە ئارادایە گوایە پارتی داوایکردبێت وادەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان تا 4 ی مانگی داهاتوو درێژ بکرێتەوە.
دیاری حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بێ ئاگای خۆی لەو داوایەی حزبەکەی دەبڕی و وتی،"من نازانم پارتی داوای وایکردبێت، گەر کردبێتی مەبەست لە چارەسەرکردنی کێشەکانە بەو پێیەی بڕیارەکانی دادگا دەستوری نین، ئەگینا سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1991 لە کۆیە داوای هەڵبژاردنی کرد و پارتی لەگەڵ هەڵبژاردن و دیموکراسیدایە."
دەشڵێت،"هەرێم بە دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە جوانە و ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام نامانەوێت دەستوەردانی دەرەکی هەبێت."