Accessibility links

لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەردۆغان ڕووبەڕووی ڕکابەرێکی سەرەکی دەبێتەوە


هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش هەوڵ دەدات ئیستەنبوڵ بە دەستبهێنێتەوە و بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵودا سەربکەوێت، ئیمامئۆغڵوش هەوڵ دەدات جەخت لە ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە وەکو هێزێکی سیاسیی دوای شکستەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەدا.

لە هەڵبژاردنی خۆجێییەکانی تورکیادا لە ساڵی 2019 دا سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئیمامئۆغڵو بەسەر ئەردۆغان و پارتەکەی " ئاکەپە " دا سەرکەوت، بەڵام لە ساڵی 2023 دا ئەردۆغان بەسەر ئۆپۆزسیۆندا سەرکەوت و جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە و بە یارمەتی هاوپەیمانە نەتەوە پەرستەکانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی بە دەستهێنا.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە ڕەنگە کۆنتڕۆڵی ئەردۆغان بەسەر تورکیادا پتەوتر بکات، سەرکەوتنی ئیمامئۆغڵوش وەهادەکات پێشبینی بکرێت لە داهاتوودا ببێتە سەرۆکی وڵاتەکەدا.

ئەندازیار موراد ئەرکانی تەمەن 60 ساڵ دەڵێت هاوڕا نییە لەگەڵ ئەوەدا کە ئەردۆغان ڕۆڵێکی چالاکی بینیوە لە بانگەشەکردن بۆ پارتەکەیدا پێش هەڵبژاردەکان و پێی وایە سەرۆک دەبێت بێلایەن بێت.

ئەرکان دوای دەنگدانی لە ئیستەنبوڵدا وتی " ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئەو جۆرە سەرۆکەیە کە ئێمە دەمانەوێت، بەهۆی ئەو سرووشتە بونیادکارەیەوە، بەهۆی ئەوەوە کە پێشوازیی لە هەمووان دەکات."

ناوەندەکانی دەنگدان لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا کاتژمێر 7 ی بەیانی کرانەوە، لە شوێنەکانی دیکەش کاتژمێر 8 کرانەوە. زیاتر لە 61 ملیۆن هاووڵاتیش دەتوانن دەنگ بدەن. دەنگدانەکە کاتژمێر 5 ی دوا نیوەڕۆ تەواو دەبێت و ئەنجامە سەرەتاییەکانیش پێشبینی دەکرێت کاتژمێر 10 ی شەو بڵاوبکرێنەوە.

لە ئیستەنبوڵ، کە 16 ملیۆن دانیشتووی هەیە و شارێکی سەرەکییە بۆ ئابووری تورکیا، بەپێی ئامارەکان، کێبڕکێیەکی توند هەیە لە نێوان ئیمامئۆغڵو و بەربژێری ئاکەپە موراد کورومدا.

ڕەنگە ئابووری وڵاتەکە و دەنگدەرە کوردەکان کە لە حکومەت ناڕازین کاربکەنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. هەندێک لە دەنگدەرانیش دەڵێن پارتی فەرمانڕەوا بەشی ئەوەندە کاری کردووە کە خۆی بسەلمێنێت.

فاروق بارانی تەمەن 28 ساڵ لە شاری دیاربەکر دەڵێت " پارتی ئاکەپە هەندێک لە پرۆژە زۆر گرنگەکانی بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکە تەواو کردووە. دەبێت لە ئاستی ناوخۆشدا بەهێز بێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە خزمەتگوزارییەکانی."

لە کاتێکدا کە خەڵاتی گەورە بۆ ئەردۆغان ئیستەنبوڵە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدات ئەنکەرەی پایتەختیش جارێکی دیکە بباتەوە. لە ساڵی 2019 دا ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو شارەکەدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 25 ساڵ لە ژێر فەرمانڕەوایی ئاکەپە ئیسلامییەکاندا بوون.

لەلایەکی دیکەوە دەنگدەرە کوردەکان زۆر گرنگ بوون لە سەرکەوتنی ئیمامئۆغڵودا لە ساڵی 2019 دا. پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) لەم ساڵدا بەربژێری خۆی هەیە بۆ ئیستەنبوڵ.

لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) هەوڵ دەدات جەخت لە بەهێزی خۆی بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە سەرۆک شارەوانییە کوردەکانی لە کار دوورخستەوە و کەسانی سەر بە حکومەتیان لە شوێنییان داناون، ئەوەش دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی پێشوو.

ئیلیف دورگۆنی تەمەن 32 ساڵ وتی " هیوام وایە سیستمی متمانەپێکراوەکان تەواو ببێت. ئەم هەڵبژاردنە گرنگە بۆ داهاتووی تورکیا و بۆ گوێگرتن لە ئێمە: کوردەکان هەمیشە یەکلاکەرەوەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG