Accessibility links

شاڵاو عەلی عەسکەری: یەکێتی ناتوانێت هاوکاری هەواڵگری پێشکەش بە تورکیا بکات


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا سەرەڕای هەڕەشەکانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان گلەیی لە یەکێتیش هەیە و داوای هاوکاری لێکردووە، هەرچەندە ئەوان دەیانەوێت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا بەش بێت، بەڵام ناچنە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا کە بەشێکیان خۆی لە پێشکەشکردنی هاوکاری هەواڵگریدا دەبینێتەوە. دەشڵێت، دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە کۆک بن و هەڕەشەکانی تورکیا بە جدی وەربگرن.

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تورکیا بە ڕاشکاوی تەهدیدی پەکەکەی کردووە گلەیشی لە یەکێتی کردووە، یەکێتی لە ڕێگەی کەناڵەکانی خۆیەوە بە تورکیای وتووە ئێمە حەز دەکەین پەیوەندیمان زۆر باش بێت، بەڵام ئەو داواکارییانەی ئێوە لێمان دەکەن تۆزێ زەحمەتە بچینە ژێر باری هەموو داواکارییەکانتانەوە."

وتیشی،" بە سەڕاحەت ئێمە ناتوانین دەستنیشانی ئەندامانی پەکەکە و جێگەکانیان بۆ تورکیا بکەین، هاوکاری ئیستیخباراتی پێشکەش بە تورکیا بکەین، هەرچەندە پەکەکە چۆن لە بادینان و لە سنوری پارتی هەیە لە سنوری یەکێتیش هەیە."

بەرپرسانی تورکیا چەندین جارە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، بە پێی میدیاکانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە 12ی مانگی 2 لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، وەزیری بەرگری تورکیا پلانی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان پێشکەشکردووە و پەسەند کراوە، دوای کۆبوونەوەکەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند،" هاوینی ئەم ساڵ لە ناوچەی "ئۆپەراسیۆنی چنگ" بەشێکی گرنگی سەنگەرەکانمان قایمتر دەکەین، بەوجۆرەش توانای ئەوەمان دەبێت، زۆر باشتر رێکار بگرینەبەر."

تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی وڵاتەکەی و شەڕ دژی پەکەکە ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراقدا واژۆ کردووە.

ڕۆژی 14ی مانگی 3 لە بەیاننامەکەدا کە لە هەردوو ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و عێراقدا بڵاوکراوەتەوە، عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی پەکەکە بخاتە لیستی قەدەغە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە،" تورکیا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکات بۆ دەستنیشانکردنی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق."

بەپێی بەیاننامەکە، فوئاد محەمەد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ثابەت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە.

بەڵام لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەارنی عێراق، بێ ئاگایی خۆی لە هەر ڕێکەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بەم بابەتە نیشاندا.

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەک لیژنەی ئاسایش و بەرگری دیارە هیچ نوسراوێکی فەرمی نەهاتۆتە لیژنەکەمان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم، بە پێی وتەکانی وەزیری بەرگری عێراقیش بێت هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ تورکیا سەبارەت بەم پرسە نەکراوە، تەنها گفتوگۆ کراوە."

وتیشی،" وەزیری بەرگری عێراق دەڵێت هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە، هەر ئەوەیە کە لە ڕابردوو لەسەر پارێزگاریکردنی سنورەکان کراوە، ئەگەر ڕێکەوتن بکرایە دەبوو نوێنەری حکومەتی هەرێم ئامادە بوونایە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاگادار بوونایە، بەو پێیە بێت ڕێکەوتن نەکراوە، دەکرێت لێدوانەکانی تورکیا شەرعیەت دان بێت بە خۆی وەک ئەوەی لە ڕابردوو بەردەوام شەرعیەتی داوە بە خۆی کە هێرشی کردووە و خەڵكی سڤیلی کردۆتە قوربانی و حکومەتی عێراق ئاگادار نەبووە."

وێرای هەڕەشەکانی تورکیا لە پەکەکە، چەندین جار یەکێتیشیان لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە پەکەکە ئاگادارکرووەتەوە و لە دوا هەڵوێستیشیدا تورکیا دەڵێت بە درێژایی نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێم سنوری ئەمنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن. سەبارەت بە داواکارییەکانی تورکیا لە یەکێتی ئەندامی مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی دەڵێت، بەدەر لە هاوکاری هەواڵگری داخستنی بەشێک لە بارەگاکانی ڕێكخراو و حزبەکانی نزیک لە پەکەکەیە.

شاڵاو عەلی عەسکەری گوتی،" ئەوەی کە زیاتر گلەیی هەیە تورکیا، هەندێ بارەگای فەرمین لە عێراقدا، کە لە بەغداد و هەرێمیش مۆڵەتیان هەیە ئێمە پێمان وتوون لەگەڵ حکومەتی عێراقی ڕێکەوتن بکەن، چونکە بە پێی یاساکانی عێراق مۆڵەتیان پێدراوە، کە خەڵکی هەرێمن و بەڵام سەر بە پەکەکەن، حکومەتی عێراقی دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات و ئێمەش جێبەجێی بکەین، بەڵام کە ئێمە بڕیارمان نەبێت بە چ حەقێک دەتوانین بارەگایەکی ڕێگە پێدراو دا بخەین بۆیە ئەوە ئیشی ئێمە و یەکێتیش نییە ئەوە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق دەتوانن ئەوە بکەن و ڕێککەون."

وتیشی،" ئەم هەڕەشانەی تورکیا دەبێ بە جدی وەربگیرین، تورکیا تەهدید ناکا بەبێ ئەوەی بەرنامەیەکی نەبێت، ئەگەری هاتنی تورکیا ئەگەرێکی کەم نیە ئەگەرێکی زۆرە، ئەرکی دەوڵەتی عێراقە پارێزگاری بکات لەم هێرشە چونکە، سیادەکە هی عێراقە، دەبێت هەمووشمان وەک هەرێم ڕەئێکی هاوبەشمان هەبێت."

تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت و دەڵێت مافی خۆیەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش هێرشی بکاتە سەر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:53 0:00

XS
SM
MD
LG