دوا جار شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر 12ی شەو ئەو وادەیە تەواوبوو کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە و کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داینابوو. پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکرد، ئەمەش بە مانای بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە 10ی مانگی شەشی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
هەندێک پێیان وایە هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت، هەر وەک بەرپرسان و کادیرانی ئەو حزبەش جەختی لێدەکەنەوە، هەندێکی تریش پێیان وایە بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن یاخود ئەنجام نەدانی، هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەکەمی سەروبەندی ساڵی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
دەپرسین:
لێکەوتەکانی بەشدارینەکردنی پارتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چی دەبێت؟
ئەگەر هەڵبژاردن دواکەوت لێکەوتەکانی لەسەر کوردستان چی دەبێت؟
هەڵوێستی عێراق لە حاڵەتی ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بەشێکی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
پارتی بە ئاشکرا باس لە هۆکاری سەرەکی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردن دەکات، بەهۆی ئەوەی وەک ئەو حزبە دەڵێت، ئێران نەخشەی بۆ داڕشتووە، کەواتە ڕۆڵ و هەڵوێستی ئێران چی دەبێت؟
ئەی تورکیا لە کوێی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمدایە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
مامۆستا دڵشاد نامیق، سەرۆکی ناوەندی چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی و مامۆستای زانکۆ.
عەبدولڕەزاق شەریف، چاودێری سیاسی.
ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووس.
عەبدولڕەزاق شەریف:
پارتی لەلایەک خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن، لەلایەکیش لە کوردستان خەڵکی لە کوردستان بێ ئومێد کردووە کە بانگەشەی ئەوەدەکات بەشداری هەڵبژاردن ناکات، هەرچەندە کۆمسیۆن وتی وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدییان درێژ نەکردووەتەوە، پارتی گرەو لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکات لە ڕێگای هێزەعێراقییەکانەوە گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکات، بۆیە بە بۆچونی من پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە بزانێت دەنگەکانی کەم دەکات، من پێموایە ئەگەر پارتی بکەوێتە جۆرێک لە ڕێککەوتن ئەوا پارتی جارێکی تر داوادەکات هەڵبژاردن دوابکەوێ. جا ئەوکات هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات وە دەزگاکانی شەرعیەتتیان نامێنێ، بەڕاستی ئەوە مەسەلەیەکە پارتی هەرگیز گوێی نەداوەتێ، دەتوانم بڵێم هێزی کوردی بەگشتی گوێییان نەداوە بە مەسەلەکانی گەلی کورد و دەسکەوتی نیشتمانی، هەمیشە شەڕی بەرژەوەندی خۆیان و ئیرادەی سەرۆکیانە، هەموو شتێک دەکەن بە قوربانی ئیرادەی سەرۆک.
یەکێتی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام یەکێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، یەکێتی ئێستا لە هەوای خۆیدایە کە گوایە دۆخی باشە، لەکاتێکدا هەر پێش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەوەی ڕێگری دەکرد و ئامادەی هەڵبژاردن نەبوو هەر یەکێتی بوو، ،لە ڕاستیدا یەکێتی دۆخی باش نیە، چونکە چەند هێزێکی نوێ لە ناوچەی یەکێتی دروست بوون کە ئەو حزبەی لەتکردووە.
باشترین چارەسەر بۆ ئێستای هەرێم وە بۆ ئایندەی کوردستان جێبەجێکردنی فیدراڵی پارێزگاکانە، واتە دەکرێت هەڵەبجە و سلێمانی هەرێمێک بن، هەولێر هەرێمێک، دهۆکیش هەرێمێک، یان هەرێمی کوردستان ببێتە چوار هەرێم، ئەوکات کەرکوکیش دەتوانرێت ببێتە هەرێمێک، دەستوری عێراقیش ڕێگە بەوە دەدات.
مامۆستا دڵشاد نامیق:
هەڵبژاردن هەم لە کوردستان و هەم لە عێراقیش وەستاوەتە سەر ئیرادەی سیاسی هێزە سەرەکییەکان،هەم لەپێش هەڵبژارد، هەم کاتی هەڵبژاردن وە هەم دوای هەڵبژاردنیش، ئەوەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردوویەتی لەناو یاساکەدا ئەوانە ئیرادەی سیاسی هەرێمی کوردستانن، هەرئەم کۆمسیۆنە وە بەهەمان تۆماری دەنگدەران هەڵبژاردنی ئەنجامدا و پارتی کێشەی نەبوو، واتە ئەوە بەڵگەیەک لەدەست دژبەرانی پارتی ناهێڵێ کە بوترێت پارتی لە کەم بوونەوەی کورسییەکانی دەترسێت بۆیە بەشدار نابێت، چونکە لە کوردستان کەمبونەوەی کورسیەک لێرە و لەوێ نابێتە هۆی گۆڕانکاری هاوکێشەکان، پێش هەموو شت ئەمە هەڕەشەیەکە لەسەر دامودەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، بوونی پەرلەمانی هەرێم وەک تاکە مەرجەع کە دادگای فیدراڵی گۆڕانکاری تێداکرد ئەمە بە تەنها داواکاری پارتی نەبووە، بەڵکو داواکاری کۆی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بووە لە ڕابردوو.
ئەوەی پارتی کردوویەتی هەڵوێستێکی سیاسیە، ئەو هەڵوێستە سیاسیەش کاریگەرییەکەی لەسەر هەڵبژاردن زەحمەتە یا لە موستەحیلەوە نزیک دەبێت کە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت بەبێ پارتی، یا یەکێتی، چونکە لە دوو ساڵی ڕابردوو کە هەڵبژاردن دواکەوت بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێتیەوە بووە، وە ئێستاش ناکرێ لەبەر ئامادەنەبوونی پارتی.
سیناریۆی بەهێز ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکەوتە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق واتە لە یەک کاتدا بکرێن، ئەگەر ڕێککەوتن بێتە ئاراوە، کە ڕێککەوتنیش واریدە چونکە پارتی و یەکێتی بەرژەوەندییان پێکەوە هەیە بەبێ یەک ناتوانن حاکمی کوردستان بن.
بڕواناکەم کۆمسیۆن موجازەفەی وابکات بچێتە ژێر باری بڕیارێکی وا کە بڕیارێک بدات و جێ بەجێ نەکرێت، کە پارتی بەشذاری هەڵبژاردن نەکات بڕیار بدات سندوقی دەنگدان لە ناوەندەکان دابنێ، بەڵکو سیناریۆ نزیکەکە ڕێککەوتنە.
ڕێبوار کەریم وەلی:
لە ئێستاوە هەتا 10 ڕۆژ-هەفتەیەک، بوار لە بەردەم پارتیە بۆ ڕێککەوتن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، مەسەلەی بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن وەک مەسەلەی بەشدارینەکردنی حزبێکی بچوک نیە، پارتی بە یاسای هەڵبژاردن و هەمان کۆمسیۆن بەشذاری دوو هەڵبژاردنی کردووە لە عێراقدا، کەچی سوبحانەڵا کۆمسیۆن هیچ کێشەی نەبوو چونکە پارتی خۆی 31 کورسی هێنا، با ئەوە بڵێم ئەوانە تەنها هۆکارن کە بیانەوێت خۆیان لە واقیعێک بدزنەوە، بە هەموو پێوەرێک، ئەگەرنا ترسی ساختەکاری ئێرانیان نیە بۆ یەکێتی، خۆی پارتی ئەو دەنگانە ناهێنێتەوە کە پێشتر هەیبوو، ئەنجامی هەڵبژاردنی موسڵ پیشانی دا کە پارتی ڕێک دەنگەکانی نیوە بووە، ئەوەش ئەنجامی پێنج ساڵی ڕابردووی پارتی بووە لە کوردستان، پارتی دەیەوێت قەزیەیەکی سیاسی کە پەیوەندی بە خۆیەوەیەتی بیکاتە قەزیەیەکی نیشتمانی، ئەو هۆکارانەی پارتی باسی دەکات لەسەر دادگای فیدراڵی، چەندە خەتای دادگای فیدراڵی بێت دوو ئەوەندەش خەتای پارتییە، پارتی پێی وایە هەرچی ئەو وتی، ئەوەیە، ئەو بەشداری نەکردنەی پارتی لە هەڵبژاردن پەیوەندی هەیە بە ململانێی نێوخۆیی پارتیەوە، چونکە بۆ کاک مەسعود هەڵبژاردن بۆتە یا کاک مەسرور یا نەمان، پارتی وایدانابوو کە کاک نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمان بۆ ئەو حزبە دەکات، بەڵام کە کاک نێچیرڤان بارزانی پاشەکشەی کرد بۆ ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ مەسرور بکات ئیتر کێشەکە تەقیوەتەوە، لەبری ئەوەی بێت لە ناوخۆدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات پارتی هاتووە ملی بەغداد دەگرێ.
ئەگەر تا چەند ڕۆژ پێش هەڵبژاردن پارتی ڕێکنەکەوێ بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن، ئەوا هەڵبژاردن لە کوردستان دەکرێت، خۆ ئەگەر پارتی ڕێگری بکات ئەوا تەداعیاتی لەوەی دوای ڕیفراندۆم خراپتر دەبێ، بیرتانە لەکاتی ڕیفراندۆم خەڵک ئاوا دەهاتن داوای نەکردنی ڕیفراندۆمیان کرد بەڵام کاک مەسعود هەر کردی بۆیە ئەنجامەکەیمان بینی ئەمجارەش ئەنجام خراپترە.
بۆیە ئەگەر پارتی بیر لە تورکیا بکاتەوە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و دابڕینی دهۆک و هەولێر، ئەوا ئیتر ناکرێ بانگەشەی پاراستنی قەوارەی هەرێم بکاتەوە، پارتی کە کەوتە تەنگانە دەست بۆ هەموو شتێک دەبات بەهێنانی تورکیاشەوە.
ئەوەی کاک مەسعود دەیکات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمە یان هەنگاوەکانی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمە، کە بەداخەوە پێداگری کاک مەسعود لەوەی کە هەردەبێت کوڕەکەی چوار ساڵی تر سەرۆکی حکومەت بێت ئایندەیەکی ڕەش چاوەڕێی هەرێم دەکات.
بەچی موقەدەساتە سوێند دەخۆم ئێستا گەرەنتی ئەوە بکەن کە (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبێت، پارتی سبەینێ دێتە ناو هەڵبژاردنەوە و بەشدار دەبێت، داواکاری 400 هەزار دەنگ، مافی پێکهاتەکان ئیشی بەوانە نیە، کاک مەسرور ببێتەوە سەرۆکی حکومەت کاک مەسعود هیچ کێشەی نیە، ئەگەر پارتی خەمی مافی پێکهاتەکانێتی با پێنج کەسی یەکەمی لیستەکەی بکاتە پێکهاتەکان و (مونا قاوەچی)ب کاتە سەرۆکی لیستەکەی بزانین ئەوە دەکات؟! با ئەوکات هەموو دنیا لۆمەی لایەنەکانی تر بکات کە گرنگی نادەن بە مافی پێکهاتەکان.
پارتی شەڕی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاندووە و دەڵێت، ناشەرعییە ئەی بۆ لە 2021 نوێنەری خۆتان حاکمێک بۆنارد! ئەوە دەبینین سەرۆکی دادگای فیدراڵی لەئێستادا سەردانی لایەنەکان دەکات لە بەغداد، ئەمە زانیاریە لە خۆوە قسەناکەم، دادگای فیدراڵی ڕەتڵێک بڕیاری تر دژی پارتی دەردەکات.
ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت شتێکی خۆش نیە کە بۆ پێنجەم جار مەرسوم دەربکات، من هەست دەکەم ئەو نامەیەشی ناردی بۆ کۆمسیۆن هەست دەکەم لەژێر فشاری پارتیدا کردی، ئەگەرنا دەکرا ئەو تێبینیانە زوو بیڵێ.