Accessibility links

وردەکاری گفتووگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم


سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دوای ڕێککەوتنی نێوان شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، وەزیری دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمی وتووە بەیانی مووچەی مانگی 3 ڕەوانە دەکات

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 2ی مانگی 4ی 2024، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بۆ گفتووگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرسی بودجەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق مووچەی مانگی دووی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانە کردووە بە مووچەی هێزە سەربازییەکانیشەوە. چاوەڕوان دەکرێت بۆ مانگەکانی داهاتووش کێشەی وردبینی و گرفتی پەیوەندیدار بە مووچەی هێزە سەربازییەکان نەمێنێت."

سەرچاوەکە وتیشی، "وەزیری دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمی وتووە، بەیانی مووچەی مانگی 3 ڕەوانە دەکات. گەر مووچەی مانگی 3 لەلایەن عێراقەوە ڕەوانە کرا، ئەوا پێش جەژن مووچەی مانگی 3ی چەند وەزارەتێک دەدرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4 ی مانگی 4 ی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بەهاوکاری هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێم، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."

جەختیشیکردەوە، "لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی 2 کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین پێش جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 3 بکەین."

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بکات کە لە عێراقەوە ڕەوانە دەکرێت، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە پارەکە دابەشبکات.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "گفتووگۆی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من بەردەوامە، بانکی ناوەندی عێراق هاتووەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە تا بڕیار لەسەر تەوتین یان هەژماری من بدرێت."

ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بەچەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم وتی، "ئەم وەفدەی هەرێم چووەتە بەغدا باسی مەسەلەی نەوتی نەکردووە، چونکە کێشەکە لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندایە و دەبێت لەسەر کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێکبکەون."

سەرچاوەکە وتیشی، "حکومەتی عێراق تا ئێستا لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم گفتووگۆی لەگەڵ نەکردووین، بەڵام ئاگادارین پلانی هەیە دوای جەژن بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ساڵی 2019 داوای داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بکات و دواتر 50%ی بگێڕێتەوە."

هەرچەندە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە بە 300 بۆ 350 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ دەکەن بەجۆرێک کە زۆر کەمترە لە 300 ملیار دینار.

XS
SM
MD
LG