سزای زیندانی شەش و ساڵ و سێ مانگی دژ بە مەهیار ئەحمەدی، چالاکوانی ژینگە پارێز و زیندانی سیاسی پێشووی کورد، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری وانی تورکیا پشڕاست کراوەتەوە.
ئەحمەدی خەڵکی شاری سنە پاش ئەوەی لە هاوینی ساڵی 2023 لە هەوڵێکیدا بۆ چوون بۆ ئەوروپا لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەلایەن هێزە سنوورییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا، ڕووبەڕووی سزاکە بووەوە و ئێستا سزاکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پەسەند کراوە.
ماری لالر، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە 21ی مانگی دوودا ڕایگەیاند نامەیەکی لە سەر سزاکەی دژ بە مەهیار ئەحمەدی بۆ حکومەتی تورکیا نوسیوە و دەقی نامەکەشی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا نیگەرانی لەمەڕ تۆمەتەکانی دژی و مەترسی گێڕانەوەی بۆ ئێڕان دەربڕیوە.هەروەها باس لە چالاکییەکانی ئەحمەدی دەکات لە ئێران و فشارەکانی کە لەسەری بووە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو نامەیە بەڕێز ئەحمەدی لە مانگی دووی 2017 لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سنە، دەستبەسەرکرا و ماوەی 30 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە بەهۆی چالاکی ژینگەپارێزی لەگەڵ ڕێکخراوێکی ناحکومی کۆمەڵگەی سەوزدا.
دواتر دوای دوو مانگ بە کەفالەت ئازاد کراوە پاشانیش لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕژێم حوکمی سێ مانگ زیندانی لەگەڵ حوکمی هەڵپەسێردراوی سێ ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێندراوە.
لە مانگی نۆی ساڵی 2022 هاوکاتی ناڕەزایەتییەکان لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی چالاکانە شانبەشانی هەزاران خۆپیشاندەری تر بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان کرد.
بەهۆی بەشداری کرنی لە خۆپیشاندانەکاندا هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و ئەمەش فشاری بۆ برد لە مانگی یازدەی 2022 هەڵبێت بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق.
دوای ڕۆیشتنی بەڕێز ئەحمەدی، خوشکەکەی وەک تاکە ئەندامی خێزانەکەی کە مابووەوە، چەندین جار لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە بانگهێشت کرا و ڕووبەڕووی فشار بووەوە بۆ ئەوەی داوای گەڕانەوەی براکەی بۆ ئێران بکات.
پاشانیش بەهۆی نیگەرانییە ئاسایشییەکان و ترسی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران مەهیار ئەحمەدی لە 12ی نۆی 2023 هەرێمی کوردستانی جێهێشت و ڕێگەی تورکیای گرتە بەر بە مەبەستی ئەوەی لەوێوە بچێت بۆ ئەوروپا.
بەڵام ئەو لە تورکیا دەستگیر کراو و بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک لە زیندانێکی شاری هەکاری مایەوە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ زیندانی شاری وان. لە مانگی 12ی ساڵی 2023 بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی" لەلایەن دادگای وانەوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا.