مشتومڕێکی زۆری سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هاتۆتە ئاراوە سەبارەت بە ئەگەر و نەگەری کردنی هەڵبژاردن لە ڕۆژی 10ی مانگی شەشی داهاتوودا.
دەبوایە بەر لە زیاتر لە دوو ساڵ، ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە بکرایە، ئێستاش ئاماژە بەوە دەکرێت ئەگەر بێتوو ئەو هەڵبژاردنە جارێکی تریش دوا بخرێتەوە ئەوا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسییەوە.
دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت "بەدڵنیاییەوە دواخستنی هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت و دەشێت هەرێم لە ڕوانگەی پشتیوانیی نێونەتەوەییەوە پاشەکشەی گەورەتر بکات، وەک چۆن لە دوای ڕیفراندۆمی 2017 و گوێنەگرتن لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دۆستەکانمان، پاشەکشێکانمان بینی و سەرەنجام لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماتی و ئابوری و تەنانەت سەربازیشەوە و لەدەستدانی زیاتر لە سەدا پەنجای خاکی هەرێم، ڕووبەڕووی شکستێکی قورس بووینەوە لە باشوری کوردستان، ئێستاش بە هەمان شێوە دنیا پێمان دەڵێت چییدی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی دوامەخەن، چونکە بۆ هەتا هەتایە ئەم پشتیوانییە نێونەتەوەییە بۆ هەرێم بەردەوام نابێت، بەڵام ئێمە تا ئێستا ئامادەی گوێگرتن نیین و هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان ئامادەی گوێگرتن نین و تەنها بە مەرجی هێنانەدی لە سەدا سەدی بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی و خێزانە سیاسییەکانیان گوێدەگرن؛ هەربۆیە ئەگەری گۆشەگیرکردنەوەی هەرێم و شکستێکی تری سیاسی و دیپلۆماتیی، تا ڕادەی داماڵینی هەرێم لە دەسەڵاتەکانی، ئەگەرێکە بە دوور نازانریت."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق پێشتر بڕیاری دابوو هەڵبژاردن، ڕۆژی 10ی مانگی 6 بکرێت. ئەڵبەت بە ڕاوێژکردن لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا.
دەنگۆکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئامادەکاری لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی هەڵبژاردنەکە. کۆمیسیۆن دەڵێت دواخستنی هەڵبژاردن دەبێت بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بێت.
دکتۆر جەعفەر عەلی، لەوبڕوایەدایە چوونە ژێر باری ئاوەها بڕیارێک لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، پەیوەندی هەیە بە ڕەوتی جوڵە دیپلۆماتییەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و یۆنامییەوە و دەڵێت "لەوانەشە ئەو جموجۆڵانەی لە ئێستادا هەن، هەڵبژاردنەکە بە ئاڕاستەی دواخستندا ببەن هاوشێوەی جارەکانی پێشوو و بڕیاری نوێی بۆ دەربکرێتەوە."
عەلی ئەلصاحب، سەرۆکی نێوەندی هەرێمیی بۆ توێژینەوە دەڵێت "ئەگەرچی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان چەند جارێک دواخراوە، بەڵام ئەمجارەیان ژمارەیەک هۆکار هاتوونەتە ئاراوە وەهایان کردووە پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە بەشدارینەکردن بکات لە هەڵبژاردندا، دیارترینیان بڕیارەکانی دادگای فێدراڵین کە ژمارەیەک گۆڕانکارییان هێنایە ئاراوە لەوانە، کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم؛ جا وەک هەموو شتێکی تری عێراق، بڕیارەکان پێویستیان بە دانوستاندن و سازان هەیە وەک بارێکی باوی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتەکەدا."
لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکەنەوە لەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن ناکەن، بەڵام دەڵێن لەو هەلومەرجە سیاسییەی پاش بڕیارەکانی دادگای فێدراڵی هاتوونەتە ئاراوە، بەشداری لە هەڵبژاردندا ناکەن و باسیش لەوە دەکەن "بڕیارەکانی دادگا یاسایی نین بەڵکو سیاسین" و لەژێر کاریگەریی دەرەکیدا (وەک ئاماژەیەک بە کۆماری ئیسلامی ئێران) ئەو بڕیارانە دراون.
هەر لەم سەروبەندەدا دادگای باڵای عێراق، بڕیارێکیشی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا. مستەفا سەنەد ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق دوو داوای یاسایی لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکردبوو. داوا یاساییەکان دژ بە سەرۆک وەزیری عێراق و وەزیری دارایی وڵاتە بوون وتیایدا داوا کرابوو ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بە نایاسایی دابنرێت، دادگاش هەردوو سکاڵاکەی مستەفا سەنەدی ڕاتکردەوە.
زۆربەی هەرە زۆری خوێندنەوەکانی بۆ ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەبارەت بە هەڵبژاردن بوو لە هەرێمدا، ئاماژە بەوە دەکەن پارتی دیموکرات بڕیاری خۆی داوە بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردندا ئەگەر بێتوو ئەو مەرجانەی دایناون بەجێنەگەیەندرێن و یەکێکیش لەوانە پێداچوونەوە و گۆڕینی بڕیارەکانی دادگای فێدراڵییە.
ئایا دادگای باڵا، بەهۆی ئەو فشارانەوە بڕیارەکانی خۆی دەگۆڕێت؟
دکتۆر جەعفەر عەلی، پێیوایە دەشێت یەكێک لە ئەگەرەکان پێداچوونەوەیەکی ڕێژەیی بێت بە بڕیارەکانی دادگای فێدراڵی عێراقدا و دەڵێت "چونکە هەم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەم عێراقیش نایانەوێت دۆخی هەرێم لەوە ئاڵۆزتر بێت کە هەیە، بۆیە بە هەر نرخێک بێت مەبەستیانە کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت و ئەگەریش دوا بکەوێت، ئەوا ماوەیەکی زیاتر دوانەکەوێت، ئەڵبەت ئەمە بە مەرجی بەشداریی پارتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چونکە بەشدارینەکردنی هەر یەکێک لەو دوو هێزە، پرۆسەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات وەک لەوەی سەقامگیریی بێنێت."
بەڕێز ئەلصاحب، ئاماژە بەوە دەکات لە عێراقدا بە گشتی و لەناو پێکهاتەکان و تەنانەت لەناو حزبێکیشدا گەلێک هەڵکشان و داکشانی سیاسییانە هەن کە زۆر جار کێشەکان دەگەیەننە بنبەست، بەتایبەتیش لە نێوان هەرێم و نێوەندا، سەبارەت بە ڕۆڵی دادگای فێدراڵی دەڵێت " دادگای فێدراڵی عێراق یەکلاکەرەوەیە بۆ هەموو کێشەکانی نێوان لایەنەکان و هەروەهاش نێوانی هەرێم و نێوەند و وابەستەشە بە بێلایەنی خۆیەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو دادوەرییە سیاسییەی ئاشتی و پارێزراوی بە دوای خۆیدا دێنێت بۆ هەموو عێراقییەکان."
لە ئاوەها ڕەوشێکدا مانا بۆ هەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پاش هەڵبژاردن چی دەبن؟ هەروەها یەکێک لە پرسیارەکان تایبەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەوەیە؛ ئایا هەڵبژاردن لە هەرێمدا بە چارەسەرییەکی نمونەیی دادەنرێت بۆ قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیش؟ هەرچۆنێک بێت زۆرێک لە چاودێر لەوبڕوایەدان لە هەر بارێکدا بێت کردنی هەڵبژاردن هەنگاوێکی ئەرێنییە و نەکردنیشی دەبێتە مایەی دروستبوونی مەترسیی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستانی عێراق.
عەلی ئەلصاحب، سەرۆکی نێوەندی هەرێمیی بۆ توێژینەوە، گەشبین نییە بەرامبەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەرانسەری عێراقدا و دەڵێت "هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا نابنە مایەی چارەسەرییەکی بابەتیانە بۆ کێشەکان لە عێراقدا بە کێشە سیاسی و ئابوری و ئاسایشییەکانیشەوە، تەنانەت بواری دیموکراتیش کە هەڵبژاردن بە یەکێک لە دەروازە تۆکمەکانی دادەنرێت، نابێتە مایەی پاراستنی هاووڵاتیان و گەیشتن بە ئامانجەکانی بەپێی ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە، جا هەرچۆنێک سەیر بکرێت، لە کۆتاییدا پرۆسەی هەڵبژاردن کە لە دوای ساڵی 2003وە دەستپێدەکات، وەک بەجێگەیاندنێکە لای لایەنە سیاسییەکان لە دەوڵەتی عێراقدا."