Accessibility links

ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا


کەسێکی سەربەخۆیە و خاوەنی هیچ ئەزموونێکی سیاسی نییە، بەڵام ناوبانگێکی زۆری هەیە لەو کاتەوەی ویستوویەتی وەک کەسێکی بێلایەن بگاتە کۆشکی سپی و توانیویشیەتی هەندێک پشتیوانی بەدەستبێنێت لەناو ئەو دەنگدەرە ئەمەریکاییانەی کاندیدەکانی هەردوو لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانیان بە دڵ نییە یان ناڕازین لێیان.

ڕۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر، تەمەن 70 ساڵ، کوڕی سیناتۆری پێشووی نیویۆرک کە دواتر بووە وەزیری دادی ئەمەریکا و هەروەهاش برازای جۆن ئێف کەنەدی، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە.
ڕۆبێرت، پارێزەری بواری ژینگەیە و ئێستاش زیاتر بەوە ناسراوە کە تیۆرییەکانی پیلانی کردۆتە بابەتی یەکەمی خۆی، ئەو تیۆریانەی سەبارەت بە ڤاکسینەکانن.

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان "شانێکی زۆری نییە ڕۆبێرت کەنەدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە،" بەڵام لەم پێشبڕکێی هەڵبژاردنەدا لەوانەیە چەند هەزار دەنگ بەدەست بێنێت لە ژمارەیەک لەو ستانانەی بە سەرەکی دادەنرێن، هاوشێوەی دوو هەڵبژاردنەکەی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا.

کریس جاکسن، جێگری سەرۆکی نێوەندی ئایپسۆس، بۆ ڕاوەرگرتنی گشتی دەڵێت "بابەتەکە لێرەدا ئەوەیە هەردوو کاندیدەکەی لایەنە سەرەکییەکان، دانۆڵد ترامپ و سەرۆک جۆو بایدن لە ڕاستیدا وەکو ڕیژە لە ئاستێکی باشی جەماوەریدا نین، ڕێژەی پەسەندکردنەکان بۆ بۆ جۆو بایدن بە ئاستەم نزیکە لە سەدا 40 و دۆناڵد ترامپیش ڕێژەکەی لە ناوەڕاستی سییەکاندایە."

بەڕیز جاکسن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پێگەی ڕۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر، لەناو ئەو دەنگدەرانەدایە کە هیچ یەکێک لەو دوو کاندیدەی تریان بە دڵ نییە تا دەنگی خۆیانیان پێبدەن."

ڕێژەیەکی بەرچاو

لەو ڕا وەرگرتنانەی ئەم هەفتەیەدا کە لە ڕۆژنامەی "ذە ۆڵ ستریت جۆرناڵ"دا بڵاوکراونەتەوە، ڕۆبێرت پشتیوانییەکی بەرچاوی بەدەستهێناوە لەناو دەنگدەرانی ژمارەیەک لەو ستانە سەرەکییانەی کە دەشێت یەکلاکەرەوە بن لەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.

لە ستانی نیڤادا، لە سەدا 15ی دەنگدەران دەڵێن دەنگ بە ڕۆبێرت کەنەدی دەدەن. لە ستانی ئەریزۆنا، لە سەدا 13 بووە و لە ستانی مەشیگان، لەسەدا 12 بووە و لە هەردوو ستانی کارۆلاینای باکور و ویسکانسنیش لە سەدا 10 بووە؛ بەڵام لە ستانەکانی جۆرجیا و پێنسلڤانیا دەنگدان بۆی کەمتر بوون و لە سەدا 8 و لە سەدا 7 بوون.

لە ئێستادا یەکێک لە پرسە قورسەکان دیاریکردنی ئەوەیە، ئایا بوونی کەنەدی لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگەکان لە کام یەکێک لە کاندیدەکان زیاتر لەوی تریان کەم دەکاتەوە.
بەپێی ڕا وەرگرتنە گشتییەکانی ڕۆژنامەکە بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە دەنگی هەردوو کاندیدەکە کەم دەکاتەوە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم زیاتر لە دەنگەکانی ترامپ کەم دەکاتەوە.

هەرچۆنێک بێت، هەندێک لە ڕاوەرگرتنە گشتییەکانی پێشتر کراون ئەوەیان نیشاندابوو، ڕۆبێرت کەنەدی زیاتر لە دەنگەکانی بایدن دەبات بە بەراورد لەگەڵ دەنگەکانی ترامپ؛ هاوکات زۆرێک لە نێوەندە ناسراوەکانی ڕا وەرگرتن ئاماژەدەکەن بەوەی هێشتاش ئەمەیان ئەگەری زۆرە.

زانیاری زیاتر بەڕێوەن

درو مەککۆی، سەرۆکی نێوەندی "دیسیژن دێسک ئێچ کیو"ە کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکان لە ئەمەریکادا.
بەڕێز مەککۆی دەڵێت " کەنەدی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەس بە کاندیدێکی وەهایان دادەنا کە بنەمایەکی ڕژدی نییە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا یانیش بۆ گۆڕانکاریی، بەڵام کاتێک ساڵی پار خۆی کاندید کرد بۆ کۆشکی سپی، بەڵام دەرکەوت ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە ئەنجامەکانی پێشبڕکێی سەرۆکایەتیدا."

درو مەککۆی دەشڵێت "ڕێکخەرانی ڕا وەرگرتنەکانیش ئێستا بەوەیان زانیوە، دانانی ناوی کەنەدی لە ڕاوەرگرتنەکاندا پێویستە، بە بەراورد لەگەڵ سێ یان چوار مانگی ڕابردوودا، هەربۆیەشە پێموایە بۆ لەمەودواش زانیاری زیاتر دێنە بەردەستمان، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە کەنەدی هەڵبژاردن دەباتەوە یان لە یەکێک لە ستانەکانیشدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت."

سەرۆکی نێوەندی "دیسیژن دێسک ئێچ کیو" لەوبڕوایەدایە وەک دەڵێت "تواناییەکانی کەنەدی بۆ ڕاکێشانی دەنگەکان بەلای خۆیدا و هەروەهاش کارکردنی لە بەرامبەر کاندیدەکانی تردا، هەر بە ڕاستی دەبنە شتێکی سەرنج ڕاکێش لەم هەڵبژاردنەدا."

مشتومڕ لەسەر ڤاکسینەکان

لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکاندا، ناوی ڕۆبێرت کەنەدی هەروا دەهات و زیاتر لەگەڵ ئەو بزاوتانەی هاووڵاتیانی ئەمەریکادا دەردەکەوت کە بڕوایان بەوە بووە کە زۆربەی ڤاکسینەکانی دەدرێن بە گەنج و منداڵ دەبنە مایەی کێشە و ڕەوشی جۆراوجۆری تەندروستی لەوانە ئۆتیزم.

ئەم هەڵوێستەی کەنەدی بۆ دژایەتیکردنی ڤاکسین، هاوکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیاتر دەنگی دایەوە و ناسرا.
کەنەدی بووە سەرچاوەیەک بۆ زانیاری چەواشەکار و هەروەهاش بەردەوام ڕەخنەی دەگرت لە کاربەدەستانی بواری تەندروستی گشتی.

لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا، کەنەدی بانگەشەی دەکرد بۆ ژمارەیەک لە "تیۆریەکانی پێلانگێڕان" و زۆریش ڕەخنەی دەگرت لە تۆڕەکانی کارداران و ملیاردێرەکانی ئەمەریکا، وەک دەڵێت "ئەوانە لە پشت پەردەوە سیاسەتی ئەمەریکا دادەڕێژن."

کەنەدی لە ساڵانی چلەکانی تەمەنیەوە، دووچاری نەخۆشی لەرزۆکی دەنگ بووە، ئەمەش نەخۆشییەکە لە قوڕگ دەدات و دەبێتە مایەی دەنگ لەرزین لە کاتی ئاخاوتندا.

XS
SM
MD
LG