Accessibility links

سەرچاوەکان بۆ VOA: دوو کەسی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە بەغدا دەستگیرکران


دوو سەرچاوەی نزیک لە تەکیەی کەسنەزانی بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، دوای 9 مانگ دوورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە سلێمانی، بڕیاربوو دوێنێ شەو لەگەڵ دوو کەسی نزیکی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی دوو کەسە نزیکەکەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی بەغداوە، سەفەرەکەی هەڵوەشاوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەکیەی کەسنەزانی کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ڕاگەیاند، "بڕیاربوو شەوی ڕابردوو شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتەوە شاری سلێمانی و لە تەریقەتەکەی لەلایەن موریدان و دەروێشانی تەریقەتەوە پێشوازی لێبکرێت. بەڵام شێخ نەگەڕایەوە و دواتر زانیمان کە بەهۆی کێشەی دوو لە نزیکەکانی شێخەوەیە و لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە بەغداد دەستگیرکراون."

سەرچاوەکە ئاماژەیکرد، "ئەو کەسانەی دەستگیرکراون هەریەکە لە سەربەست ساڵح بەرپرسی دارایی تەریقەت و کەمال کوبەیسی وتەبیژی فەرمی تەریقەتن، کە هەردووکیان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی تەریقەتەکە. سەرکەوت مەحمود، بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە سلێمانی ڕایگەیاند هیچ زانیارییەکی نییە لەو بارەیەوە.

ڕۆژی 7ی مانگی 4ی 2023 بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی" گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکردبوو. هەرچی کەمال کوبەیسیە بە قسەی سەرچاوەکەی تەریقەتی کەسنەزانی "چەندین دۆسیەی یاسایی تایبەت بە پرسی بازرگانی لە بەغداد لەسەرە" و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بەو دۆسیانەوە هەیە.

هەرچی دەزگای ئاسایشی هەرێمە، بێ ئاگایی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنەکە دەبڕی.

سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو دۆسیەیە لەلای ئاسایشی سلێمانی نییە و ئێمە ئاگاداری وردەکاریەکەی نین."

ماوەی نۆ مانگە شێخ نەهرۆ سلێمانی بە جێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە تەکیەکەی لەو شارە.

ڕۆژی 12ی مانگی حەوت نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "شێخ نەهرۆ هەوڵی داوە کێشەکانی نێوان بەشێک لە حزبە سیاسیەکان چارەسەر بکات، بەڵام ئەوان تۆماتیان بۆ دروستکردوە بۆیە شێخ بڕیاریداوە سلێمانی بەجێبهێڵێت."

بەڵام شەوی ڕابردوو وا بڕیار بوو شێخ نەهرۆ بە یاوەری بەشێک لە نزیکەکانی بڕیاربوو بگەڕیتەوە بۆ سلێمانی.

سەرچاوەیەکی تری نزیک لە تەکیەی کەسنەزانی، کە ئەویش نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕووداوەکەی بەغدای پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، "دەستگیرکردنی هەریەک لە سەربەست ساڵح و کەمال کوبەیسی لە شاری بەغداد ڕاستە."

ڕۆژی 11ی مانگی یەک هێزێکی زۆری ئەمنی سلێمانی چونە سەر تەکیەی کەسنەزانی. بە پێی قسەی کەسانی نزیک لە تەکیەکەش هۆکاری کۆکردنەوەی هێزەکە بۆ دەستگیرکردنی هەمان ئەو کەسانە بووە.

بەڵام ئەوکات تەکیە بەو داوایەی ئاسایش ڕازی نەبوون و بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، "شێخ نەهرۆ وتی کەس تەسلیم ناکەین، هاوکات فەرمانیکرد لەلایەن خەلیفە و دەروێشانەوە بەرپەرچیان بدرێتەوە و ناڕەزایی دەرببڕن."

XS
SM
MD
LG