هەتا دێت لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کارگەکانی پیشەسازی و پاڵاوگەکانی نەوت زیاتر دەبن، ئەمەش بە بڕوای شارەزایان یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا و ژینگە. پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی ئەوانیش پێیانوایە پیسبوونی هەوا و ژینگە هۆکارێکی سەرەکی تووشبوونە بە نەخۆشی شێرپەنجە. بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کە لە مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای هەولێر لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادیانکردووە.
دەپرسین:
پێوەرەکانی مۆڵەتدان بە کارگەکانی پیشەسازی و پاڵاوگەکان چین؟
ئایا لەگەڵ پێشکەوتنەکان لە بواری پیشەسازی و وزە و هەروەها زۆربوونی ڕێژەی کارگەکان، کۆتوبەندە نوێییەکان بۆ پاراستنی ژینگە ڕەچاو دەکرێن؟
بۆچی بەشێک لە پاڵاوگە و کارگە و شوێنە پیشەسازییەکان دەکەونە نزیک ناوچەی دانیشتوانەوە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پیشەسازی.
2- عەبدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان.
3- دکتۆر ڕێبین سەمەد، سەرۆکی بەشی ئەندازیاری ڕووپێوان لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر و دکتۆرا لە بواری پیسبوون.
عەلی عوسمان
لە هەرێمی کوردستان و عێراق ژمارەیەکی زۆر کارگەی بەرهەمە نەوتییەکان و ئاسن و چیمەنتۆ هەن، لە کۆی 14 کارگەی ئاسن، 9یان دەکەنە هەرێمی کوردستان، وە چڕی کارگەکانی چیمەنتۆش دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە، بێگومان کارکردنی ئەم کارگە و کێڵگانە کاریگەری لەسەر ژینگە و هەوا هەیە هەربۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە ئێمە لیژنەیەکی باڵامان هەیە لەوڕووەوە.
ئێمە بۆ مۆڵەتدان بەهەر کارگەیەکی پیشەسازی سێ قۆناغی هەیە، لە قۆناغی پێشکەشکردنی کەتەلۆکی ئامێرەکاندا فلتەرین هەیە، کە ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین لەکاتی پێشکەشکردنی کەتەلۆکی ئامێرەکاندا ڕاستەوخۆ فلتەرینی بەپێی فلتەرینی سەردەمیانە بێت کە لەدنیادا هەیە، ئەم مەرجەش بۆ هەموو ئەو کارگانەیە کە کاریگەری گەورەی بەسەر ئاو و هەواوە هەیە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بۆشایی یاساییمان هەیە، سەبارەت بە نزیکی کارگەکانی پیشەسازی لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون ئێمە پێویستمان بە یاسایە کە لە عێراقدا هەیە بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیوادارین خولی داهاتووی پەرلەمان بیخاتە نەفازەوە(جێبەجێکردن-کارپێکردنەوە)، چونکە لە ڕاستیدا کارگەکان نەک نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوون، بێلکو زۆر چونەتە ناو قوڵایی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانەوە، کە ئەمە یەکێکە لە خراپی مۆڵەتدان بەو کارگانە، ئێستا مەرجمان دانەوە کە دەبێت لە شارەکانەوە دووربن وە هەروەها دەبێت پشتگیری ژینگەیی هەبێت، ئێمە بەیەک شت چارەسەری دەکەین ئەویش دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی و دەرکردنی یاساکەیەتی کەئەمەش باشتر کۆنترۆڵکردنی ئەو کارگە پیشەسازییانە بین بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی هەوا و ژینگە.
هەوڵدەدەین یاسای ناوچە پیشەسازییەکان بخرێتەجێبەجێکردنەوە لە خولی داهاتووی پەرلەمان، بەوەش کار لەسەر ئەوە بکەین ناوچەی پیشەسازی لە دەرەوەی شارەکان دروست بکەین بەوەش دەتوانین هەموو ئەو کارگانەی ل ەشارەکانەوە نزیکن گواستنەوەیان بۆ بکەین بۆ ناوجێپیشەسازییەکان، بۆ پاراستنی خەڵک و ژینگە، وە ئێستاش بەبەردەوامی لەگەڵ دەستەی ژینگە بەبەردەوامی چاودێری کارگە و شوێنە پیشەسازییەکان دەکەین و ڕێوشوێنیان لەگەڵ دەگرینەبەر هەر لە غەرامەکردن و تا داخستن ئەوەش بۆ فلتەرکردن و ڕێگەگرتن لەبڵاوبونەوەی دوکەڵی پیس.
هەر کارگە و دامەزراوەیەکی پیشەسازی کەلای ئێمەوە مۆڵەتی پێدرابێت ئەگەر هەرمەرجێکی کۆتوبەندەکانی ژینگەی تێدانەبێت و دوکەڵی پیش بڵاوبکاتەوە من ئامادەم دەستبەجێ ڕێوشوێنی یاسایی لەگەڵ بگرمە بەر، بەڵام سەبارەت بە پاڵاوگەکانی نەوت بەڕاستی من ناتوانم بە ناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە قسە بکەم ئەوانە سەر بەو وەزارەتەن، کە سلێمانی و هەولێر بەدەست دوکەڵی ئەو پاڵاوتگە نیوە فەرمی یا فەرمی نەوتیانەوە گیرۆدەن.
عەبدولڕەزاق خەیلانی
ئێمە هەر پڕۆژەیەک لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان (تا ئێستا بۆمان نەهاتوە لێرەوە) وەک دەستەی ژینگە لیژنەمان دەنێرین بۆ کەشفی شوێنی پڕۆژەکە، دواتر ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن لەلایەن ئەو لیژنەوە دەنوسرێت لەسەر کاریگەری ئەو دامەزراوەیە لەسەر توخمەکانی ژینگەی دەوروبەری ئەو پڕۆژەیە، دواتر ئێمەش بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی خۆمان هەم چارەسەر وەک مەرج دەسەپێنین بەسەریدا دواتر مۆڵەت دەدەین، هەم ئێمە ڕێگری ناکەین لە پێشکەوتنی پیشەسازی وە هەم نابێت ئەوانیش لەسەر حسابی پیسبوونی ژینگە پڕۆژەکانیان دامەزرێنن.
سەبارەت بە سکاڵای خەڵکی لەدەست دووکەڵ و پیسکردنی کارگە و پاڵاوگەکان، ئەوەی پەیوەندی هەیە بە کارگەکان و شوێنەکانی پیشەسازی هەرسکاڵایەکی هاووڵاتیانمان پێبگات سەبارەت بە دووکەڵ و پیسکردنی ژینگەی ناوچەکان لەلایەن کارگەکان و دامەزراوە پیشەسازییەکان ئێمە چاودێری ژینگەیمان لەو شوێنانە داناوە کە ڕێنمایی دەداتە ئەو دامەزراوانە بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە، وە لیژنەکانیشمان دەچن ئاگاداری ئەو شوێنانە دەکەن لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئەو سەرپێچی و کەموکوڕییانە چاک بکەن ئەگەر نەیانکرد سزای پێ بژاردنیان بۆ دەکەین.
سەبارەت بەوانەی پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە کە ئێمە ناومان لێنابوون پاڵاوتگەی نایاسایی، چونکە بەبێ هیچ فلتەرێکی حکومی بە هەڕەمەکی دامەزرابوون هەرچەندە هەندێک لەوانەی دهۆک پێشتر مۆڵەتی دامەزراندنیان لە وەزارەتی پیشەسازی ب ەناوی کارگەی قیر هەبوو، دواتر کردییانە کێڵگەی نەوت، بەڵام لە دوای دامەزراندنی کابینەی نوێ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی دەرچوو بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە کە دەبێت لە چوارچێوەی ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەستەی ژینگەشەوە جێ بەجێبکات.
من پرسیم تائێستا هیچ پڕۆژەیەکی دامەزراوەیی نەوتی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە نەنێردراوە بۆ دەستەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ژینگە تا ئەو ڕێنماییانەی ئێمە داومانە سەبارەت بە ژینگە جێ بەجێ بکرێن لەسەرییان.
سەبارەت بەغازی بەفیڕۆچوو ئێستا لە کوردستان بەشێک لەو غازە بەکاردێتەوە بۆ وزە وەک لە کۆرمۆر یا لە هەندێک شوێن دەخرێتەوە ژێر زەوی، لە ڕاپۆرتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئەوە جێگیرکراوە کە ئێمە ئیشمان لەسەر ئەو گاز بەفیڕۆچوونە کردووە و ڕێگریمان لێکردووە لە پێناو پیس نەبوونی هەوا و ژینگە.
دکتۆر ڕێبین سەمەد
ئەو دامەزراوە پیشەسازیی و نەوتیانەی لە عێراق و هەرێم هەن، لەگەڵ کارکردنی مۆلیدەکان بەهۆی جۆری ئەو گازوایلانەی بەکاریدەهێنن ڕۆژانە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کواڵێتی هەواو و پیسبونی هەوا و ژینگە.
ئەو پاڵاوتگانەی لە عێراق و هەرێمدا هەن کە سوتەمەنی ڕۆژانە دابین دەکەن، ئەو ڕێگا کۆنە کلاسیکییە بەکاردەهێنن کە لە کۆندا هەبوو، واتە ئەو کۆتوبەندە نوێێیە ژینگەییانەی کە هەن لە ئێستادا لە جیهاندا بایەخیان پێدەدرێت بەشێک لە پاڵاوتگەکانی عێراق پشتییان تێیکردووە و ئەوەی بیرییان لێکردۆتەوە تەنها بەدەستهێنانی قاازانجی خێرایە.
عێراق ساڵانە بڕی سێ ملیار دۆلار زیانی پێ دەکات بەهۆی سوتانی ئەو غازەی لەبەرهەمهێنانی نەوتدا بەفیڕۆ دەچێت، کە ئەو غازە دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت بۆ پێداویستی سێ ملیۆن ماڵ.
لە هەرێمی کوردستانیش بەڕێگریکردن لە سوتان و بەفیڕۆچوونی ئەو غازەی ل ەبەرهەمهێنانی نەوتدا بەفیڕۆ دەڕوات دەتوانرێت غازی ڕۆژانەی ١٥٠ هەزار ماڵ دابین بکات.
واتە کۆی ئەو غازەی لە عێراق هەرێم ڕۆژانە بەفیڕۆ دەسوتێت بڕی ٦هەزار و پێنج سەد تەنە، کە ئەمەش عێراق دەتوانێت بەهۆی تەکنەلۆژیای نوێوە ڕێگری لە سوتانی ئەم غەزە و بەفیڕۆچوونی بگرێت و بۆ پێداویستی ناوخۆیی لە بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری بهێنێت ئەمە سودە ئابورییەکەی، سودە ژینگەییەکەشی سوتان و بەفیڕۆچوونی ئەو غازە ڕێگری دەکات لەپیسبوونی بەرگە هەوای ژینگەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەگەر سەیربکەین لە عێراق پاڵاوتگەی کەربەلا، یا بێجی بە زیاتر لە ٥٠کم لە شارە گەورەکان دوورە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ نمونە پاڵاوتگەی نەوتی بازیان ٣٠-٤٠کم لە شاری سلێمانی دوورە، یا پاڵاوگەی کار لە قەزای خەبات ٣٠کم دوورە، جگە لەوەی چەند پاڵاوتگەیەکی تری نەوت کە سەیرییان بکەی لە سەر ڕێگای هەولێر کەرکوک و نزیک پارێزگای هەولێرن، هەرچەندە بەشێک لەو پاڵاوتگانە سیستمی ڕیموڤی O2 بەکاردەهێنن و لەژێر چاودێری توندی حکومەتدان، بەڵام هێشتا بەشێکیش لە پاڵاوتگە نەوتەکان لە هەرێمی کوردستان پابەندنین بەکۆت و بەندە ژینگەییەکان، نەبوونی سیستمی ڕیموڤی O2 لەو پاڵاوتگە نەوتییانەدا دەبێتەهۆی مەترسی گەورە لەسەر دانیشتووان وەکو پێشتر لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژەی پێکراوە تەنها لە شاری هەوڵێر ڕۆژانە ١٥ کەس تۆمار دەکرێن وەک تووشبووی نوێی شێرپەنجە لەساڵی ٢٠٢٣، بەڵام ئاماری دوو ساڵی پێشتر ڕێژەی تووشبوون کەمتر بووە، کە هەموو ئەوەش بەهۆی پیسبوونی هەواوە بەهۆی کارکردنی پاڵاوتگە و کارگە و مۆلیدە و ئۆتۆمبێلە، هەر مۆلیدەیەک بۆ یەک کاتژمێر کارکردن بە ئەندازەی ١٥٠ ئۆتۆمبێلی چوار پستۆن هەوای پیس دەردەکات.