جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێک بۆ دەنگی ئەمەریکا هیوای خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ نیشاندا، بەڵام ڕایگەیاند پارتی دەتوانێت ببێتە هۆی "بەربەست" لەبەردەم پرۆسەکەدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکای سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، ڕایگەیاند ، "من دەمەوێت [هەڵبژاردن] بکرێت. ئیشەڵا دەکرێت."
قوباد تاڵەبانی ڕەتیکردەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ڕێککەوتن کرابێت لەسەر چارەنووسی ئەنجامدانی هەڵبژاردەکە و دەڵێت، "بۆ هەڵبژاردن یاسا هەیە، بڕیار هەیە، ڕێکار هەیە؛ ڕێککەوتنی ناوێت و نەبووە شتی وەها تا ڕێککەوین هەڵبژاردن بکەین."
سەبارەت بە ڕۆڵی پارتی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وتی، "ئەگەر پارتی بیەوێت بەربەست دروستبکات، بەربەستی پێدروست دەکرێت، خۆ هێندە فەقیر نییە."
بڕیارە 10ی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەلەمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
لەکاتێکدا یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام پارتی بەهۆی ناڕازیبوونی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵێ عێراق بۆ گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن و لابردنی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمان، دەڵێت بەژداری پرۆسەکە ناکات.
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە کاتێکدایە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش لەسەر چەندین پرسی هەڵواسراوی نێوانیان تایبەت بە بوودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە سەرەڕای پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوانیان.
تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا لەسەر هەبوون یان نەبوونی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، باس لە ڕێککەوتن ناکات بەڵام دەڵێت بودجە بۆ سێ ساڵ پەسەند کراوەو هاوسەنگیش هەیە " بودجە پەسەند کراوە و بەندەکانیشی ڕوون و ئاشکران، ئەوەی ڕوون نەبوو لە دادگا یەکلا کرایەوە، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا، حکومەتی فیدراڵی ڕاسپێردراوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات."
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت ئەمە کێشەیە شتێکی نوێ نییە لە نێوان هەرێم و بەغدادا " ئەم کێشەیە دە ساڵ کۆنە، دە ساڵە کوردستان کێشەی مووچە و بودجەی هەیە. لەگەڵ بەغدا، لە مانگی دووی ساڵی 2014 بەڕێز مالکی بودجەی هەرێمی بڕی دە ساڵە!"
گوتیشی " لەم دە ساڵەدا یەکترمان تەفرو تونا کرد ئێستا کە بەرەو چارەسەر دەڕۆین، کاتی دەوێت تا ئەم ڕێککەوتنە تۆکمەبێت."
وتەکانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا لە میانی سەردانێکی ئەودا بوون بۆ سنوری گەرمیان بەبۆنی یادی 36 ساڵەی پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال.