Accessibility links

سودانی لە واشنتن سەرزەنشتی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە تاران ناکات و لۆمەکان لە ئەستۆی ئیسرائیل دەنێت


"بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، بڕیارێکی پوخت عێراقییە." لە ماوی نزیکەی 70 خولەکدا زیاتر لە 10 جار سەرەک وەزیری عێراق ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا.

موحەمەد شییاع ئەلسودانی، درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ زیاتر لە 40 ڕۆژنامەوانی ئەمەریکاییدا باسی لە هەلومەرجەکانی ئێستای عێراق کرد و جەختی لە هەڵوێستی حکومەتەکەی دەکردەوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان.

ئەمەریکا و عێراق

سەرەک وەزیری عێراق پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا بە پەیوەندی باش ناودێر دەکات بەڵام نکوڵیش ناکات لەوەی جیاوازی هەیە لە ڕوانینەکانی هەردوو وڵاتدا و دەڵێت "ئەم سەردانەمان بۆ ئەمەریکا لە سەروەختێکی هەستیاردایە و کۆبوونەوەی گرنگمان هەبووە لەگەڵ سەرۆک بایدن و وەزیرەکانی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا، بەڵێ جیاوازی هەن لە ڕوانینەکان و هەڵوێستەکانی هەردوو وڵاتدا، بەڵام دەکرێت بڵێم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکادا بە خاڵی وەرچەرخاندا دەڕوات و بنەمای دروست دادەنێین بۆ پەیوەندییەکی بەرفراوان لە هەموو ڕوویەکەوە و لە چوارچێوەی هاوکاریی دوو لایەنەدا."

عێراق و هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش

هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراقن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە تێرۆرکارییەکان و بە تایبەتیش ڕێکخراوی داعش کە لە ساڵی 2014دا بەشێکی عێراق و سوریای داگیر کرد و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا کە دەوڵەتی خەلافەتەکە ڕوخێندرا، بەڵام هێشتاش داعش جموجۆڵی هەن لە ڕێی شانە نوستووەکانیەوە لە هەردوو وڵاتدا و ئەو جموجۆڵانەش مایەی نیگەرانین، هەر هیچ نەبێت بۆ خەڵک.

بەڕێز ئەلسودانی دەڵێت "عێراقی 2024 عێراقی 2014 نییە، ئێستا داعش مەترسی نییە بۆسەر ئاسایشی وڵات، هەربۆیە بە پێویست دەزانرێت کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بهێنرێت، ئەمەش بڕیارێکی عێراقییە نەک لە دەرەوە ئەو بڕیارە درابێت."

سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت "کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای دابڕان نییە لە هیچ وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە بەشێک بووە لە کارنامەی حکومەتەکەم، هۆکارەکان بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەماون و پەیوەندییە ئاسایشییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی تریشدا ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت بەپێی دەستوری عێراق. لە مانگی 3ی ساڵی 2023وە لیژنەی تایبەت دانراوە بۆ وتووێژکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراقدا، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی 7ی مانگی 10ی ڕابردووەوە، سستی کەوتە کاری لیژنەکە و ئێستا دەستی پێکردۆتەوە."

بەغدا و هەولێر

دوابەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، وەک کاربەدەستانی هەردوولا دەڵێن دەستکراوە بە هەنگاوە بەراییەکان بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشە و لە سەرو هەموویانەوە دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

لە هەمان کاتیشدا ڕایەک هەبوو بە تایبەتی لە هەرێم کە دەڵێت ئەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق بڕیاری کاتیین و بۆ ئەوەیە هەتا شاندی عێراق بە دەستێکی پڕەوە بچنە واشنتۆن و بڵێن "زۆرێک لە کێشەکانی عێراق چارەسەرکراون و عێراق بە ڕێگە دروستەکەدا هەنگاو دەنێت."

لە نێوان بەغدا و هەولێردا، ژمارەیەک کێشەی هەڵپەسێردراو هەن.

موحەمەد شییاع ئەلسودانی، دەڵێت " کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، میراتی پێشترە (وەک ئاماژەیەک بە حکومەتەکانی پاش 2003ی عێراق)، ئێستا متمانە هەن لە نێوان هەردوولادا و هەموو چارەسەرییەک بەپێی دەستوری عێراق دەبێت؛ هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکاندان بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گەلی عێراق بێت لە زاخۆوە هەتا فاو. ئەو کێشانەی هەن، بە تایبەتی لە دۆسێی نەوتدا، کێشەی یاسایین نەک سیاسی، چارەسەریش دوو بژاردەن، یان ئەوەتا کۆنتراکتە نەوتییەکانی هەرێم بگۆڕدرێن، یانیش ئەوەتا یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق بگۆڕدرێت."

کەمایەتییەکان لە عێراقدا

بەر لەم سەردانەی بۆ واشنتۆن، سەرەک وەزیری عێراق بە فەرمی پێشوازیی لە کاردیناڵ ساکۆ کرد.

کاردیناڵ لویس ڕافائێل ساکۆ، دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، دوابەدوای چەند مانگێک لەو قەیرانەی لەگەڵ سەرۆکی عێراق و لایەنێکی تری کریستیانەکاندا دروستبووبوو بەهۆی وەک دەگوترا "تەنگ پێهەڵچنینەوە" ئەمەش وەهای کرد کاردیناڵ ساکۆ بەغدا جێبهێڵێت بەرەو هەولێر.

سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت "بڕوامان بە کەسایەتییە ئاینییەکان و سروتە ئاینییەکانیش هەیە؛ کریستیانەکان هاووڵاتی ڕەسەنی عێراقن و سەروەختی زۆر قورسیان بەسەر بردووە لە وڵاتەکەدا. ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ یارمەتیدان تا ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی عێراق هەڵبوشێندرێتەوە و کە گەڕامەوە دەستدەکەین بە هەنگاوەکانمان لە ڕێی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە."

سەبارەت بە قوربانییەکانی دەستی داعش سەرەک وەزیری عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی "قوربانییەکانی دەستی داعش لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقن، لیژنە هەن لە هەموو پارێزگاکاندا بۆ قەرەبووکردنەوە، ژمارەیەک بەرنامە هەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان بە تایبەتیش لە پارێزگای نەینەوا و 100 ملیار دیناری عێراقیمان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە. بێ لەوەش سندقێکی تایبەتیشمان هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و لە ساڵی 2023دا 35 ملیۆن دۆلار دراوە بەو سندوقە و ئەمساڵیش 35 ملیۆن دۆلاری تری بۆ دابینکراوە. ئەمانە بێ لەوەی بڕیار دراوە تا 31ی مانگی 7 هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و تەواوی ئۆردوگاکانیش لە عێراقدا دابخرێن؛ خێزانەکانیش بەرسڤێکی باشیان هەبووە بۆ ئەو پرۆسەی گەڕاندنەوەیەیان. حکەمەتی ئێستای عێراق ژمارەیەک بڕیاری تری بێپێشینەی دەرکردووە کە هیچ حکومەتێکی تری عێراق بڕیاری ئاوەهایان نەداوە.

عێراق و تورکیا

بڕیارە هەفتەی ئایندە 22ی مانگی 4 سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراق بکات. لەو دۆسێ هەرە هەستیار و گرنگانەی لەم سەردانەدا باس دەکرێن، دۆسێی ئاسایشی و دۆسێی ئاوە، ئەڵبەت بێ لە برەودان بە پەیوەندییە ئابورییەکانیان.

کێشەی ئاسایشی نێوان بەغدا و ئانکەرە، پەیوەندی هەیە بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراقدا. تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی لەناو خاکی عێراقدا و دەڵێت بۆ لێدانی پەکەکەیە.

ئێستاش باسێکی گەرموگوڕ هەیە لەسەر ئەگەری هێرشێکی گەورە و بەرفراوانی تورکیا لەناو خاکی عێراقدا.
ئانکەرە دەیان بنکەی سەربازی هەیە لە ناوچەکانی باکوری عێراقدا.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی کێشەی ژینگەیی بۆتەوە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە و هەروەهاش بەهۆی کەم ئاویەوە و بەردەوام باسیش لەوە دەکات بەهۆی بەنداوەکانی تورکیاوە وڵاتەکە دوچاری کەم ئاوی بۆتەوە.

سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت "سەبارەت بە دۆسێی ئاسایشی و دۆسێی کەم ئاوی، خواستێکی گونجاو هەیە لە هەردوولاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ڕێگە نادەین بە هیچ کۆمەڵەیەک تا خاکی عێراق بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش لە دەستوری عێراقدا نوسراوە. پەکەکە لە پێش 2003وە لە عێراقە وەک ئاوارە و لایەنێکی قەدەغە کراوە. بەرژەوەندی هەن لە نێوان تورکیا و عێراقدا و ئەمەش وەها دەکات چارەسەری ستراتیژی بدۆزرێنەوە بۆ کێشەکان و لە پەیوەندی بە کێشەی ئاوەوە، هاوکاتی سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا پلانێکی ستراتیژی هاوبەش ڕادەگەیەندرێت بۆ کێشەی ئاو."

هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت هێرشی تۆڵە سەندنەوەی خۆی کرد دژ بە ئیسرائیل و لەو هێرشەیدا زیاتر لە 300 درۆن و موشەکی باڵستیکی و موشەکی کروزی بەکارهێنا بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشەی کرایە سەر وەک ئێرانییەکان دەڵێن کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کە 7 گەورە ئەفسەری پاسدارانی کۆماری ئیسلامی تیادا کوژران.

لەو هێرشەی ئێراندا وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێکردووە تەنها یەک مێردمنداڵ بریندار بووە؛ ئیسرائیل دەڵێت بەهۆی خستنە خوارەی درۆنەکان و تەقاندنەوەی موشەکەکان لە ئاسمانی عێراق و سوریا و ئوردوندا، ئێران نەیتوانی ئامانجی خۆی بپێکێت.

سەرەک وەزیری عێراق لە دانیشتنەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەدا، خۆی لادا لە وەڵامدانەوەی ئەوەی ئایا کرانەوەی ئاسمانی عێراق بۆ ئەو هێرشەی ئێران بە بڕیار بووە یان نا؟ بەڵام جەختی دەکردەوە لەوەی "عێراق پەرۆشە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی و عێراق هەرگیز نابێتە بەشێک لەم قەیرانە و هەمیشەش لە هەوڵدا بووە بۆ هێورکردنەوەی لایەنەکان و ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی قەیرانی غەززە."

موحەمەد شییاع ئەلسودانی دەڵێت "دوای لێدانی کونسوڵخانەی ئێران، عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بەشێکە لە سیاسەتی نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل بۆ فراوان کردنی شەڕەکە پاش ئەو شکستەی لە غەززەدا بەسەریهاتووە. عێراق هەوڵیداوە ئێران وەڵام نەداتەوە تا دەرفەت نەدرێت بۆ بەرفراوان بوونی ئەو قەیرانە و ناوچەکەمان بگرێتەوە. سیاسەتی ئاسایشی ئێمەش وەک حکومەتی عێراق، بەو ئاڕاستەیەدا بووە کە نەبینە بەشێک لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

موحەمەد شییاع ئەلسودانی، لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، بە هیچ شێوەیەک سەرزەنشتی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی نەکرد بۆ ئەو ڕەفتارانەی لە ناوچەکە و لە عێراقیشدا دەیکەن، لەوانە هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، تەنانەت لە دۆسێی ڕفاندنی

(ئێلیزابێث سۆرکۆڤ)یشدا، ڕاشکاوانە سەرزەنشتی کەتائیبی حزبوڵای نەکرد، تەنها وتی " ڕفاندنی هاووڵاتییەکی ڕوسیایی لە عێراقدا ڕەتدەکەمەوە و کارێکە پێچەوانەی یاسایە، تیمێکی تایبەتی هەیە بۆ لێکۆڵینەوەکردن و بەدواداچوون، وەک حکومەتی عێراق، پارێزراوی هاووڵاتیانی بیانیمان بەلاوە گرنگە و لێرە لە واشنتۆن لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکانماندا باسی ڕفاندنی ئەو خانمەمان لەگەڵدا کراوە."

سەرەک وەزیری عێراق، کێشەی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دۆسێی فەلەستین دادەنێت و دەڵێت "هەتا کێشەی فەلەستین چارەسەر نەکرێت، ئەوا ڕەوشی ناوچەکە هەرگیز باش نابێت. بە ئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل ڕەتدەکەینەوە و ڕەوشی قەیرانەکانیش ئاڵۆزتر دەکات، ڕووداوەکانی دەریای سوور گرفتن، ئەوەی ئێستا هەیە ڕەوشێکی ترسناکە و دەبێت ئەم خوێنڕژانە بوەستێت و دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەلەستینییەکاندا دەستپێبکرێت، ئەمە چارەسەرە."

XS
SM
MD
LG