Accessibility links

ئاو و سەروەریی لە هاوکێشەکانی نێوان عێراق و تورکیادا


پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئانکەرە لە دەیان ساڵی ڕابردووەوە بە گەلێک هەڵکشان و داکشاندا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ یەکێک لەو هەوراز و نشێوانە نەبوونەتە هۆکارێک بۆ دابڕانی تەواوەتی.

ئەم دوو وڵاتە، چەندێک کێشە و گرفتیش هەبێت لە نێوانیاندا بەڵام بەردەوام جەختیش لە زەمینە هاوبەشەکانی نێوانیشیان دەکەنەوە بەتایبەتیش زەمینەی ئابوری و ئاسایشی.

دکتۆر حەیدەر سەلمان پسپۆڕ، و شیکەرەوەی سیاسی لەوبڕوایەدایە سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەدۆغان، نابێتە مایەی سفرکردنەوەی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەڵێت "هیوادارین وەها بێت بەڵام ئەم هیوایە دوورە لە واقیعەوە و بێ لەوەش هێشتا زووە بڵێین هەموو کێشەکان سفر دەبنەوە، چونکە ئەمە دەکەوێتە سەر هەنگاوەکانی هەردوو وڵات."

دکتۆر سەلمان دەڵێت لە پەیوەندی بە عێراقەوە، ئەم وڵاتە ڕاستگۆیە لەگەڵ هەموو دراوسێکانیدا، کوێت و ئێران و تورکیا و سوریا و ئوردون و عەرەبستانی سعودیە، بەڵام دەشڵێت "لە ڕاستیدا کێشەی تورکیا لەوەدایە باڵادەستی هەیە بەسەر عێراقدا لە دۆسێکانی تایبەت بە ئاو و بە نەوت؛ هەرچی عیراقیشە دەخوازێت گۆڕانکارییەک لە پەیوەندیانەدا بێنێتە ئاراوە هەتا بڕێک لەو فشارە گەورە و قورسەی تورکیا بەسەر وڵاتەکەوە هەیەتی کەم بکاتەوە، کە دەکرێت بە گەورەترین ئاستی فشاریش دابنرێت."

دۆسێی ئابوری لە نێوان عێراق و تورکیادا

وەک دکتۆر حەیدەر سەلمان ئاماژەی پێدەکات لە باکورەوە تورکیا فشارەکانی لەسەر عێراقە، چونکە عێراق تینوو دەکات و ڕێگەش لە هەناردەکانی عێراق دەگرێت؛ لە باشوریشەوە وڵاتی کوێت فشار دەکات لە ڕێی داخستنی دەروازەی عێراقەوە و دەڵێت "ئەمە بەو مانایە نییە عێراقییەکان ئاسودەن لەگەڵ ئێران یان عەرەبستانی سعودیە، یانیش ئەمەریکادا، ئیتر ئەمە چارەنوسی عێراقە و بووەتە شانۆیەک بۆ ڕووداوەکان."

دکتۆر سەلمان وەک ئاماژەی پێدەکات، تورکیا کۆنترۆڵی ئابوری عێراقی کردووە، عێراق لە بابەتی هەناردەکردنەکانی تورکیادا بە پلەی دووهەم دێت و قەبارەی ئەو هەناردانەی تورکیا کە چەندان ملیار دۆلارە وەهای کردووە ئابوری عێراق پەرێشان بکات و ئابوری تورکیاش ببوژێنێتەوە. ئێستاش عێراق لە ڕێی ژمارەیەک هەنگاوەوە دەخوازێت گەشە بە ئابوری خۆی بدات چونکە هاووڵاتیان بێزارن لەوەی ئێران و تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تریش ئابوری ئەم وڵاتەیان پەرێشان کردووە؛ پێموایە عێراق کاتی زیاتری پێویستە بۆ پەرەپێدانی ئەم ئابورییە پەرش و بڵاوەی هەیەتی."

سەرۆکی تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر باسی لەوە کردووە پەیوەندییەکی نوێی لەگەڵ عێراقدا دەوێت و دەڵێت "دەخوازم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراقدا لەسەر بنەمای جیاواز پێکبهێنین."

حەسەن حەنزەڵ ئەلناسر، نوسەر و ڕۆژنامەوانێکی عێراقییە و دەڵێت "سەرۆکی تورکیا دەخوازێت بەشدارییەکی کردەیی هەبێت لە بواری ئابوری عێراقدا، لەو ڕوانگەیەوەی تورکیا پایەیەکی گەورەی هەیە لە گەشەکردنەکاندا چونکە تورکیا دەروازەیەکە بۆ پێکەوەبەستنی عێراق بە ئەوروپاوە، ئەمە بێ لەو پەیوەندییە بازرگانییەی نێوان ئانکەرە و بەغدا هەیە کە ساڵانە بە بڕی چەندان ملیار دۆلار، مەزەندە دەکرێت. تورکیا سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی لێیە، هەربۆیە ئەمانە دەبنە خاوەن بڕیار بۆ هەبوونی هاوکارییکردن لە نێوان عێراق و تورکیادا."

ئاو و سەروەریی لە نێوان عیراق و تورکیادا

کارتی ئاو، وەک ئاماژەی پێکراوە یەکێکە لەو کارتی فشارانەی لە دەستی تورکیادایە.

بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی عێراقیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ یاسادانەرانی پارتی داد و گەشەپێداندا، جارێکی تریش ئاماژەی بە ئەگەری هێرشە بەرفراوانەکەی کردەوە بۆسەر عێراق بە مەبەستی وەک دەڵێت لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

پەکەکە بنکەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و تورکیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا ئەم لایەنە کوردستانییە بە تێرۆریست ناودێر دەکەن.
ئانکەرە بەردەوام بە ناوی لێدانی پەکەکەوە، کردەی لەشکری و هێرشی ئاسمانیش دەکات لەناو عێراقدا. ڕێکخراوە سیڤیلییەکان ئاماژەیان کردووە بەوەی بێجگە لە زیانە ماڵییەکان، دەیان کەسی سیڤیل بەهۆی ئەو هێرشانەی تورکیاوە کوژراون.

بەڕێز ئەلناسر دەڵێت "سەروەریی عێراق هێڵی سوورە وەک ڕێبەرانی سیاسی و حکومەتی عێراقیش جەختی لێدەکەنەوە؛ بەڵام لێرەدا کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە کە لە شاخەکانی هەرێمی کوردستاندان و ئەمەش ئەو بیانووەیە کە تورکەکان بەدەستیانەوەیە بۆ پێشێلکردنی سەروەریی عێراق، هەربۆیە پێویستە حکومەتی نێوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەماهەنگ بن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و دورخستنەوەی پەکەکە."

دکتۆر حەیدەر سەلمان، وەک ئاماژەی پێدەکات لەمڕۆی عێراقدا پێشێلکردنی سەروەریی عێراق کێشەیەکی ئیجگار گەورەیە و بە هەمان شێوە دۆسێی ئاویش کێشەیەکی تری گەورەیە و ئەم بابەتانەش ئاڵنگاریی گەورەن بۆ هەر حکومەتێک و دەڵێت " بەڵام دۆسێی سەروەریی بە پلەی یەکەم دێت چونکە پەیوەندی هەیە بە شکۆی هاووڵاتیانەوە؛ ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا دەیانکات، بەتایبەتیش لەناو هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەهۆی پارتی کرێکارانی کوردستانەوەیە کە ئەم لایەنە نەک لە ئێستادا، لە سەروەختی سەدام حوسەینیشدا بوونی هەبووە لە عێراقدا و ئەو ناوچانەی پەکەکەی لێن لەژێر کۆنترۆڵی لەشکری عێراقدا نین و ئەو ناوچانەش زۆر سەختن و بابەتی ئاڵۆزتریش لەمانەدا بەشدارییان هەن لەم کێشەیەدا. جا ئەگەر بژاردەیەک هەبێت لە نێوان ئاو و سەروەریدا، ئەوا ناتوانرێت یەک بەوی تریان تەواو بکرێت، بەڵام پێدەچێت سەنگیی خستنە سەر بواری ئابوری دەشێت وەک کرانەوەی دەروازەیەک لێی بڕوانرێت بۆ هەردوو بابەتەکە بەو شێوەیەی هەردوو وڵات پێی ڕازی بن؛ بەڵام بەبێ هیچ گومانێک هەر هاووڵاتییەکی عێراقی بخرێتە بەردەم ئەم پرسیارەوە، ئەوا دۆسێی سەروەریی بە گرنگتر دادەنێت."

تورکیا دەیان بنکەی سەربازیی داناوە لە باکوری عێراق و لە هەرێمی کوردستانیشدا.
دکتۆر حەیدەر سەلمان دەڵێت "ئێستا تورکیا خەریکی دروستکردنی سەربازگەیەکی تریشە، جا لەگەڵ ئەو هەموو سەربازگەیەی هەیەتی و لە عێراق پێشوازی لە سەرۆکی تورکیا دەکرێت، هەر بەڕاستی کارێکە سەر سپی دەکات، بەڵام هەندێک جار عێراق ناچارە سەروسەودای لەگەڵدا بکات چونکە عێراق کە ناتوانێت بگاتە ناوچەکانی پەکەکەی لێن، وەك ئەوەیە کەلەپچەی لە دەستدا بێت، بێجگە لەوە دۆسێی ئاو و دۆسێی هەناردەکردنی نەوتیش هەیە لە هەرێمەوە، ئەمانە هەمووی پێکەوە دەبنە هۆکاری پێشوازیکردنێکی ناچاریی لە ئەردۆغان، بەڵام پێشوازییەکی گەرموگوڕیشی لێدەکرێت، چونکە هەرچی کێشەیەک هەبێت لە نێواندا ئەوا نابێت لەبیرمان بچێت کە دوو وڵاتی دراوسێین."

پاراستنی هاوسەنگیی نێوان جەمسەرەکانی شیعە و سوننە

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی عێراقەوە و بەهۆی ئەوەی بووتە شانۆی ڕووداوەکان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی لە ئەستۆی حکومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراقە وەک ڕێبەرانی سیاسی وڵاتەکە بەردەوام جەختی لێدەکەنەوە "پاراستنی هاوسەنگییە."
ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق کە موحەمەد شییاع ئەلسودانی سەرۆکایەتی دەکات بە حکومەتێکی لایەنگری کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت کە جەمسەرێکە بۆ شیعە ئاینزاکان لەو ڕوانگەیەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، سودانییان ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەم لایەنانەش وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن، ئەگەر سەر بە ئێران نەبن ئەوا بە دڵنیاییەوە هاوسۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

تورکیا، بە جەمسەرێکی گەورەی سوننە ئاینزاکان دادەنرێت لە ناوچەکەدا و زۆرێکیش لە لایەنە سوننەکانی عێراق پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیشیان هەیە لەگەڵ ئانکەرەدا، تەنانەت لەمەشیاندا وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن، تورکیا کارنامەی سیاسی دادەنێت هەر هیچ نەبێت بۆ بەشێکیان.

حەسەن حەنزەڵ ئەلناسر، نوسەر و ڕۆژنامەوان لەوبڕوایەدایە پاراستنی ئەو هاوسەنگییە دۆسێیەکی ئاڵۆزە لەو سۆنگەیەوەی وەک دەڵێت "سەرکردە سیاسییەکانی سوننە ئاینزاکان لە نێوان تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و قەتەر و میرنشینەکان و تەنانەت ئوردونیش سەریان لێتێکچووە، ئەوەتا هاوڕاییەک لەناو سوننەکانی عێراقدا نییە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان؛ جا لەبەر ئەو هەموو ناکۆکیانەی هەن لەسەر مەرجەعییەتێکی سوننە، وەهایان کردووە نەتوانرێت بابەتی هاوسەنگییەک هەبێت لە نێوان جەمسەرەکانی شیعە و سوننەدا لە عێراقدا.

ئەمە یەکەمین جارە لە 13 ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراق بکات. دوا سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا لە ساڵی 2011دا بوو.

XS
SM
MD
LG