Accessibility links

سکرتێری حزبی شیوعی عێراق: بیرکردنەوە لەوەی گەشەسەندنی هەرێم هەڕەشەیە بۆسەرعێراق، بۆچوونێکی هەڵەیە وبیری شۆڤێنییە


سکرتێری حزبی شیوعی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەی سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی مەترسیدارە و تێڕوانین بۆ ئەوەی گەشەسەندنی هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق، بۆچوونێکی هەڵەیە و بیری شۆڤێنی و دەرماگیری دروست دەکات.

رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تا ئێستا حکومەتی فیداڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەست هەندێک کێشەی چارەسەرنەکراوی درێژ مەودای چەندین ساڵەوە دەناڵێنن، لەوانە پرسی بودجە و پەسەندکردنی بودجە و پشکی هەرێم و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و پێش هەموویانەوە یاسای نەوت و گاز و یاسای دابەشکردنی سامانە لە نێوانیاندا."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی 3ی مانگی 3ی 2024 فەرمانێکی هەرێم واژۆ کرد کە تێیدا هاتووە 10ی مانگی شەش ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە هەرێمی کوردستان.

بەڵام 15 ڕۆژ دوای ئەم بڕیارە، مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیێندراوێکیدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند بە هۆی ئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان و کورسییەکانی پەرلەمان و بڕیارە یەک لە دوایەکەکانی دژ بە هەرێمی کوردستانە. پارتی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا وتی نایەوێت بەشداربێت لە پرۆسەیەکدا کە "نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت."

رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراق وتیشی، ماوەیەکە تێبینمکردووە چەندین گرفت هەبووە چووەتە نێو دادگای باڵای فیدراڵ، ئەمەش بەلای هەرێمەوە هەوڵێکە بۆ لە قاڵبدانی هەرێم و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بێگومان ئەمە مەترسیدارە، هەڵەیە ئەوەی وابیربکاتەوە کە پێشکەوتنی ناوەند یان بڵین حکومەتی فیدراڵ کاریگەری لەسەر لاوازکردنی هەرێم دەبێت، یاخود پێچەوانەکەی ئەمەش بە ڕاستی کێشەیەکی گەورەیە، ئێستا کێشە هەیە وا دەردەکەوێت حکومەتی فیدراڵی ئامادەیی نیشانداوە بە دیالۆک چارەسەر بکرێن، ئەمەش باشە بەڵام شتەکان تەنها پەیوەست نیە بە حکومەتەوە، بەڵکو لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران گرفت هەیە، هێزە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت ئاگاداری ئەوە ببین کە مامەڵە کردن لەگەڵ هەرێم بە شێوەی سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی مەترسیدارە و ڕوانین بۆ ئەوەی گەشەسەندنی هەڕەشەیە بۆ عێراق، ئەمە بۆ چوونێکی هەڵەیە و بیری شۆڤێنی و دەرماگیری دروست دەکات."

ڕۆژی 25ی 3ی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە ئەویش ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قووڵی داراییەوە، ئەوەش وایکرد هەرێم و بەغدا پەیوەندیەکانیان ئاڵۆزی بەخۆیەوە ببینێت.

دوای زیاتر لە ساڵێک ئاڵۆزی، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە 3ی4ی2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،" دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاری هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کیشەی خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."

ئاماژەشی بۆ ئەوەدا،" سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مەحمەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەکەم کە هاوکاربوون تاوەکوو پێکەوە بتوانن بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵببین."

رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراق، لە بارەی گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ چی لێ سەوز دەبێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من پێموایە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان چونکە حکومەتی فیدراڵ ئامادەی دانیشتنە بە دیالۆککردن، هەروەها حکومەتی هەرێم بە هەمانشێوە، تا بە یەکەمجاری کێشە هەنوکەیەکان چارەسەر بکەن، لەوانە بە نیشتمانی کردنی موچە و گرفتی بودجە، بەڵام چارەسەرێکی بنەڕەتی و بەردەوام نەک چارەسەر لە پێناو بەڕێکردنی بودجە بۆ ساڵێکی دیاریکراو وەک ئەوەی کە لە ڕابردوو ڕوویدا."

سکرتێری حزبی شیوعی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەشکرد،" دەبێت تێڕوانین و تێگەشتنی هاوبەش هەبێت بۆ تەواوی پرسەکان، یاسایی نەوت و گاز، پرسی بودجە و پرسی دابەشکردنی سامانی وڵات، بڕوامان وایە ئەمەش پەیوەستە بە تێگەشتنی هاوبەش بۆ دەستور، لەبەر ئەوە حکومەتی فیدراڵی باسی دەستور دەکات و حکومەتی هەرێم باسی دەستور دەکات پێدەچێت هەر یەکێکیان بە شێوازی خۆی دەستور دەخوێنێتەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام هەوڵێکی ڕێکخراو هەیە بۆ دیالۆک، دەبێت دیالۆکەکان چڕ نەبنەوە لە چارەسەرکردنی کێشە هەنوکەیەکان بە ڵکو بگوزارێنەوە بۆ چارەسەرکردنی گرێکان و کردنەوەیان لە نێوانیانیشدا گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش بۆ دەستور و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە یاسا و دەستورییەکان."

XS
SM
MD
LG